ئەمریكا شەڕی چی دەكات؟

عومەر عەلی

25/10/2019

ئێمەی كورد بۆ ئەوەی لە كێشەكانمان تێبگەین پێویستە سیاسەتی ئەمریكا بناسین. ئایا ئەمریكا خیانەتكارە یان ئێمە خاوەن تێگەیشتنێكی ئیفلیجین لەو بابەتەدا؟
هەمیشە سیاسەتی ئەمریكا ئەو سیاسەتەبووە لەسەر بەرژەوەندی و قازانج پێشدەكەوێت. هەر بەم هۆكارەش ئەڵێن (ئێمە نە دۆستی تاسەر و نە دوژمنی تاسەرمان نییە).
پێگەی توركیا بۆ ئەمریكا؟
توركیا ئەو وڵاتەیە كە مێژوویەكی دورودرێژە هاوپەیمانی ئەمریكابوو، لە هەموو قۆناغێكدا پشتگیری سیاسەتەكانی ئەمریكابووە لە بەرانبەر نەیارەكانی دا، كە ئەوكاتە وڵاتەكانی سەربە یەكێتی سۆڤێت بوو.
هەر لە دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤێت گۆڕانكاری گەورە بەسەر نەخشەی سیاسی جیهاندا هات، لەوێوە نەخشە و گرنگی توركیا بۆ ئەمریكا رووی لە داكشان كرد و پەیوەندیەكان بەرە و خاوبونەوە چوون.
ئەمە هەرزوو توركیا هەستیپێكرد، كە لە هاوكێشەی زلهێزەكاندا بەرەو لاوازی دەچێت، بۆ ئەم مەبەستەش بەدوای رێگاچارەیەكدا دەگەڕا پێگەی خۆی وەك هێزێكی كاریگەر لەبەرانبەر زلهێزەكاندا بهێڵێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش كاری بۆ گەڕاندنەوەی خەلافەتی ئیسلامی كرد هەر لەونێوەشدا دەستێكی باڵای لە دروستبوون و پشتگیریكردنی رێكخراوی داعش هەبوو. تا رادەیەك لەوە بێهیوابووە بتوانێ لەرێگەی داعشەوە خەونەكانی بەدیبێنێ. هەربۆیە كەوتە نێو گەمەی روسیا و ئەمریكا وەك یاریچییەكی تەواو لاواز لەو نێوەدا یاری دەكات، كە هەندێ كات یاری مەترسیدار دەكات وەك ئەوەی دەست بۆ ئاگرببات، یەكێك لەو یارییە مەترسیانە كڕینی S400 روسی بوو، كە ئەمە تەواو دژبە بەرژەوەندیەكانی ئەمریكایە لەناوچەكەدا. ئەم بابەتە ئەمریكا هەروا بە ئاسانی لێی ناڕوانێ و حیسابی جدی بۆ دەكات.
سیاسەتی ئەمریكا بۆ سیاسەتێكی شەرمنانەیە لەبەرانبەر توركیادا؟ یان هەندێ كات لەبەرانبەر سەرەڕۆییەكانی توركیادا نەرمی دەنوێنێ؟ ئەمریكا لە دەرەوەی توركیا شەڕی چی دەكات؟ 
لێدان لە پێگەی روسیا خاڵی گرنگی ئەمریكایە، كە ئەمە جەوهەری كێشەی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا، چونكە روسیاش وەك زلهێزێك ئەیەوێ نەخشەی ناوچەكە لەبەرژەوەندی خۆی پێشبخات. ململانێی نێوان ئەم دوو زلهێزە ململانێیەكی مێژووییە، كە بۆ سەردەمی یەكێتی سۆڤێت دەگەڕێتەوە، ئەمڕۆ روسیا بە فۆرمێكی جیاوازتر خۆی بە میراتگری یەكێتی سۆڤێت دەزانێ. ئەیەوێ هەژمونی خۆی بەهێزتربكات. لەم رێگەیەشەوە هەردوولا شەڕی جەمسەرەكانی یەكتر دەكەن، ئەمریكا ئەیەوێ كۆمارەكانی یەكێتی سۆڤێت دەستبخات و لە ناتۆ نزیكبكاتەوە، كە ئەمەش لاوازكردنی روسیایە.
لەبەرامبەردا روسیاش هەمان سیناریۆیی پێشدەخات و بۆ ئەو مەبەستە ئەیەوێ توركیا لە ناتۆ داببڕێت و پێگەی خۆی لە ناوچەكەدا پێی بەهێزبكات. ئەمریكاش بۆئەوەی توركیا لە دەستنەدات بە ناچاری هەندێ كات نەرمی ئەنوێنێ لە بەرانبەریدا و سیاسەتێكی شەرمنانە پێشدەخات.
لێرەوە دەگەینە ئەو راستیە ئەو خەلافەتەی توركیا كاری بۆ دەكات بۆ مانەوەی وەك هێزێكی كاریگەر، روسیای لەپشتە، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەو خەلافەتە، پرۆژەیەكی  سیاسییە بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی دەوڵەتی توركیا. پێویستە لەم راستیە تێگەیشتنمان هەبێت بەتایبەت ئەو هێز و كەسایەتیانەی هیوایان لەسەر ئەوە دروستكردوە، كە توركیا جارێكیتر خەلافەتێكی ئیسلامی دروستبكاتەوە .
گرنگترین شەڕی ئەمریكا لە كوێوە دەستپێدەكات و چی دەكاتە ئامانج؟
ئەمریكا وەك هێزێكی كاپیتالیزم شەڕی پاراستن و گەشەپێدانی بەرژەوەندییە مادیەكانی دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش تا ئەو ئاستە ئەو شەڕە پێشدەخات، كە هەموو جیهان وەك كۆیلە بۆخۆی بەكاربێنێ و هەموو دنیا پارێزەری بەرژەوەندیەكانی گەلی ئەمریكابێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریكا پێویستی بە دەستەمۆكردنی رژێمە سەر دەستەكانی ناوچەكەیە، كە چۆن بیەوێ بەو شێوەیە بەكاریانبهێنێ.
لێرەوە بۆ ئەم مەبەستە ئەوەی پێویستە بیكات تێكشكاندنی ئیرادەی ئینسان و بێ رۆڵكردنیەتی هەربۆیە هەموو ئەو هێزانەی خۆیان بەخاوەنی ئیرادەی ئازاد و سەربەخۆ دەزانن پرێس و گوشاریان لەسەر دروستدەكات بۆ تێكشكان و دەستەمۆكردنیان. ئەمەش لەدوای ئەوە دێت یەكێتی سۆڤێتی لەبەریەك هەڵوەشاندەوە و جارێكی دی رێگەنادات هیچ هێز و جەمسەرێكی دیكە لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی پێكبێت.
بۆیە پێویستە هەر كوردێك لە دیدو تێڕوانینی سیاسەتی ئەمریكا تێبگات و لەو چوارچێوەیەدا سیاسەت بكرێت ئەگەرنا هەوڵەكان ناگەنە هیچ ئەنجامێك. گەر ئێمەی كورد لە دیدێكی مرۆییەوە بمانەوێ دنیا هاوكار و هاودەنگمان بێت پێموایە دیدێكی هەڵەیە، چونكە لە دنیای بەرژەوەندیخوازی دا بەرژەوەندی لە مرۆڤبوون گرنگترە، كە ئەمە دەقاودەق دید و روئیای ئەمریكایە بۆ سیاسەتكردن.
پێویستە ئەوەش بزانین هەلومەرجی نوێی سیاسەتی جیهانی بۆ كورد هەلومەرجێكی گونجاوە لە پلان و نەخشەی نوێی ناوچەكەدا، بۆ راستی ئەم بابەتەش گەر سەرنج بدەینە رابردوو راستیەكانمان بۆ دەردەكەوێت. لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ئاگاداركردنەوەی سەركردایەتی كورد لە مەترسیەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم، هاوكارییە بەردەوامەكان بۆ رۆژئاوای كوردستان و كردنەوەی چەند بنكەی سەربازی لەو بەشەی كوردستان. لەگەڵ هەموو ئەمانەش دا هێزە كوردیەكانیش هەڵەی ستراتیجییان هەیە. ئەو مەترسیانەش كە هەندێ كات لەسەر دۆزی كورد دروستدەبن ئەنجامی ئەو هەڵە ستراتیجیانەیە. رەنگە لێرەوە نەتوانین زیاتر قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەین.

عومەر عەلی

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group