ترامپ بە نێچیرڤان بارزانی وتوە: لە ئەستێرەی سینەمایی دەچیت

مەجید نیزامەدین گلی

22/01/2020

چەند زانیاریەك دەربارەی دیداری دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان. پێشەكی ئەمەوێت بڵێم هیوادارم سوود لەم دەرفتە زێڕینە وەرگرین.
1-داوەتنامەیەكی مێژوویی بۆ كۆشكی سپی:
نزیكەی 7 مانگە داوەتنامەی فەرمی لە سەرۆكی ئەمریكاوە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێردراوە بۆ ئەوەی سەردانی كۆشكی سپی بكات. داوەتنامەی هاوشێوەی لە كۆشكی سپیەوە تەنها بۆ سەركردەی وڵاتێك دێت و بە پشتگیری و راوێژی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی داوەتنامەكە نێردراوە. ئەمەش ئاماژەیەكی بەهێزە بۆ زیادبوونی گرنگی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا.
ئەو داوەتنامەیە هەر ماوە و تەنها ئەوەیە كاتی سەردانەكەی دیاری نەكراوە.
2- كۆشكی سپی لای گرنگ بوو كە تڕەمپ لە داڤۆس نێچیرڤان بارزانی ببینێت:
ئەم دیدارەی داڤۆس پەیوەندی نیە بەو داوەتنامەیەوە. دیدارەكە پێش كەمتر لە هەفتەیەك بەپەلە رێكخرا و تڕەمپ و راوێژكارانی پێیان گرنگ بوو كە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە. ئەمە لە كاتێكدایە سەرۆكی ئەمریكا لە داڤۆس كۆبوونەوەی سیاسی زۆر كەم بوون و زۆربەی كاتەكەی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوبەرانی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی و نوخبەی ئابووری جیهانی دیاری كردبوو.
3-زانیاری تایبەت دەربارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە.
تڕەمپ باش دەیزانی لەگەڵ كێ دانیشتووە و خۆی و ئیدارەكەی باش ئاگاداری گرنگی هەرێمی كوردستانن بەتایبەتی ئێستا كە عێراق لە ئاژاوەدایە و ئێران شڵەژاوە. بەڵێ لەسەرەتای كۆبوونەوەكە باسی كوردی سووریای كرد، چونكە تڕەمپ هەموو دەرفەتێكی میدیایی دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بەرگری بكات لە بڕیاری كشانەوەی لە سووریا كە بەهۆیەوە تووشی رەخنەیەكی زۆر بوو لە نێو پارتەكەی خۆی.
بەڵام من زانیاریم هەیە كە لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە تڕەمپ باسی دۆخی عێراق، هەڕەشەی داعش، و پشتگیری ئەمریكای كردبوو بۆ هەرێمی كوردستان. و كەشی ناو كۆبوونەوەكە زۆر برادەرانە بووە تەنانەت تڕەمپ بە نێچیرڤان بارزانی وتووە 'تۆ لە ئەستێرەی سینەمایی دەچیت' و نێچیرڤان بارزانیش باسی رێستورانتێكی كردووە لە كوردستان كە بەناوی تڕەمپەوەیە. و وەكو دەزانن كەشی برادەرانە و موجامەلە گرنگە بۆ كاری دپلۆماسی و دەكرێت ئاماژە بێت بۆ باشی پەیوەندیەكانی دوو لایەن.
بەهەر حاڵ، هیوادارم دەرئەنجامی پراكتیكی لەم نزیكبوونەوە مێژووییەی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان ببینین و سەركردایەتی كورد سوود لەم دۆخە وەرگرێت بۆ زیاتر گەرەنتیكردنی ئاسایشی نەتەوەیی و خۆشگوزەرانی باشووری كوردستان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group