چەکی چنگی دەوڵەت !

بەختیار شاوەیس

25 خولەک پێش ئێستا

کەفوکوڵی چەککردنی گروپەکان لەعیراق بەنزیکبوونەوەی وادەی دیاریکراوی پرۆسەکە بەرەو دامرکانەوە رۆشتوە. ئەمەش رێک پێچەوانەی چاوەروانیەکانە بەچەشنێک کەدەبوایە ئێمە رۆژ دوای رۆژی رۆشتن بۆ سی ئەیلول ، پەیتا پەیتا گروپ و سەرکردە و چەکدارەکانمان بدیایە کەچەکەکانیان لەئەمبارەکانی دەوڵەت و دامەزراوە سەربازیەکان دادەنێین. بەڵام شتێکی تر دەبیستین ، ئەویش بیستنی دەنگە دژەکان و بەرۆژی رووناک رەتکردنەوەی هەر جۆرە پرۆسەیەکی لەو بابەتەیە.
نەک سەرکردەی ئەم گروپانە وەک نوجەبا و سەید الشوهەدا بەڵکو شێخ هومام حەمودی کەعەرابە شیعیەکەی دەستووری عیراق و ئەندامی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگیە، یان هادی عامری کەئەندامی ئەو لیژنەیەی حکومەتە بۆ دانوستان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان هەر زۆر بەسوکی و ئاسانی پەردەیان لەسەر راستیەکە داماڵی و وتیان لەکۆتایی ئەیلول تەنانەت یەک گروپ چەکەکانیان رادەست ناکەن.
عەلی زەیدی ، پێدەچێ بەدیاریکردنی وادەیەک و پێدانی وەعدێک بەئەمریکیەکان بەردێکی گەورەی هەڵگرتبێت کەقودرەتی هاویشتنی نەبێت. هەر بۆیە لێرەو لەوێ دیمەنی ئەو هەوڵانە بەرچاومان دەکەوێ کەدەیانەوێ بارەکەی سەرشانی سەرۆک وەزیران سوک بکەن. بەتایبەتی لەلایەن دەستوپێوەند و نزیکەکانی سەرۆک وەزیرانەوە کاتێک دەڵێن سی ئەیلول وادەی رێکخستنەوەی چەکە لەلایەن دەوڵەتەوە. یان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆتایی مانگ وادەی کشانەوەی هێزە بیانیەکانە لەعیراق ( وادەیەک کەزۆر پێشتر لەهاتنی عەلی زەیدی بۆ کورسی دەسەڵات دیاری کرابوو ) یان هێما بەوە دەکەن کە سی سێپتەمبەر سەرەتای دەستپێکردنی ( نەک کۆتایی) پرۆسێسی کۆنترۆڵکردنی چەکی نایاساییە لەلایەن دەوڵەتەوە( وتەبێژی حکومەت عیراق ئەمەی وت(
لەناواخنی ئەم مەسەلەیەدا، گەر بنکۆڵی پرۆسەی کۆنترۆڵی چەک لەعیراق بکەین، ئەوا دەبێت بگەرێینەوە بۆ مەفهومی دەوڵەت و دەسەڵات( پاوەر). هەروەک لەمەغزای قوڵی دەوڵەت و پەیوەندیەکانی بەچەمکی دەسەڵات و جیاوازی و دژبەر و دژیەکیەکانی هەردوو چەمکەکە لەفەلسەفەی سیاسی هەڵدەینەوە ( کەئەم وتارە شوێنی ئەوە نیە)
لەم سۆنگەوە و لە پەیوەندیدا بەم بابەتەوە، کورتیەکەی:
لەهەژانی ناو گۆرانکاریە سیاسیەکانی ناوخۆی وڵات و لە قوڵایی پێشهاتە ئەمنی و سەربازیەکانی ناوچەکە( رۆژهەڵاتی ناوەراست) ، پرۆسەی چەککردنی گروپە چەکدارەکان لەلایەن دەوڵەت مانای شەری راستەقینە و فعلی نێوان دەوڵەت و دەسەڵات دێت، وە هەرکاتێک ئەم گروپانە چەککران ئەوا مانای سەرکەوتنیەتی بەسەر دەسەڵات ( بەمانای پاوەر ). وە دواجار چەسپاندنی بنەماو پرەنسیپەکانی دەڵەت دێت لەتەواوی وڵات. کەئەمەش لەم ئان و ساتەدا ئەگەر مەحاڵ نەبێت ئەوا ئەستەمە.

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group