شەمشەمە كوێرە، بەڵای مرۆڤایەتی!

ئاسۆ مەحمود

07/04/2020

شەمشەمە كوێرە تەنها گیانداری شیردەرە كە بەباشی دەتوانێت بفڕێت، تەنانەت لە زۆربەی باڵندەكانیش باشتر.
زیاتر لە 1300جۆری هەیە كە كێشيان لە نێوان (3_4)گرام هەتا (1700)گرامە.
ژمارەی شەمشەمە كوێرە لەسەر زەوی نزیك بە یەك بلیۆنە كە گەورەترین ژمارەی شیردەرە لە پاش قرتێنەرەكان. ئەم گیاندارە بەراورد بە قەبارەی تەمەنێكی درێژی هەیە كە نزیك بە (30) ساڵ دەژی.
ئەگەر چی چەندین سودی بۆ زەوی هەیە وەك پیتاندنی گوڵی ڕوەكەكان، خواردنی ژمارەیەكی زۆری مێروەكان كە بەم هۆیانەوە ڕۆڵی هەیە لە پاراستنی هاوسەنگی زەوی. سەرباری ئەوەی زانایان لە هەوڵدان كە چۆن سود لە بێهاوتايی سیستەمی بەرگری لەشی ئەم گیاندارە ببینن.
لە ماوەی (50) ساڵی پێشو، شەمشەمەكوێرە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی چەندین ڤایرەسی ترسناكی وەك ( نیپا ، هندرا، ئیبولا، سارس، كۆڤید_19) بوە.
شەمشەمەكوێرە بە تەنها بە هێندەی سەرجەم ئاژەڵەكانیتر لەسەر زەوی توانای گواستنەوەی نەخۆشی بۆ مرۆڤ هەیە.
شەمشەمەكوێرە بەهێزتر لە نەخۆشی ...
بە دەگمەن نەخۆش دەكەوێت، زۆر بە دەگمەن توشی شێرپەنجە دەبێت یان هەر توش نابێت سەرباری ئەو تەمەنە درێژەی هەیەتی.
سیستەمی بەرگری لەشی بە جۆرێكە كە ئەو ڤایرەسانەی سەرچاوەی مەترسین بۆ مرۆڤ و شیردەرەكانیتر بە هیچ جۆرێك شەمشەمەكوێرە ناكوژێت، بە پێچەوانەوە بۆتە ناوەندێك بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشی بۆ مرۆڤ.
زیاتر لە (130) جۆر ڤایرەس لەسەر یان لە ناو لەشی شەمشەمەكوێرەدا هەیە، بونی ئەم ژمارە زۆرەی ڤایرەس دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تۆپەڵبون و لێكنزیكبونەوەیە كە هەیانە لە كاتی فڕین و پشوداندا، كە وادەكات میكرۆب و ڤایرەسی جۆراوجۆر بۆ یەكتر بگوازنەوە. پاشان لە ڕێگەی بەركەوتن و میز و لیك و پاشەڕۆ، مرۆڤ و شیردەرەكانیر توشبكەن.
نوێترین دیاری ئەم گیانلەبەرە كۆڤید_19 یە، كە هێشتا دیار نییە چ بەڵایەكی بۆ مرۆڤایەتی هێناوە، كە بەپێی لێكۆڵینەوەكانی وڵاتی چین، یەكەمجار ڤایرەسەكە لە بازاڕێكی فرۆشتنی گیاندارە ئاویەكان كە شەمشەمەكوێرەشی لێفرۆشراوە بەهۆی چەقۆی ئەو كەسەی لەتی كردوە یان بەهۆی میزی شەمشەمەكوێرەكە كە بەردەستی كەوتوە و پاشان دەستی بۆ لوتی بردوە توشی كۆڤید_19 بوە.
لە داهاتوشدا شەمشەمەكوێرە سەرچاوەی نەخۆشی نوێ دەبێت بۆ مرۆڤ، چونكە سیستەمی بەرگری لەشی وا دەكات ترشە ئەمینەیەكان (ناوكی) ڤایرەس تێكبشكێنێت و جۆری نوێ و سیفاتی نوێ لە ڤایرەسەكان پەیداببێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group