پەنا بۆ بەغدا مەبەن، كوردستان بەهێز بكەن

محەمەد فاتیح

02/05/2020

هەر لەمێژەوە نەیارانی كورد نەیانویستوە كورد هیچ پێگەیەكی هەبێت و بە هەمو هێز و توانایەكیانەوە هەوڵیانداوە كورد خاوەنی هیچ نەبێت، ئەمڕۆش هەر هاوشێوەی دوێنێیە و نەیارانمان بەهەمو شێوەیەك هەوڵدەدەن بچوكمان بكەنەوە .
هەمیشە كێشەی میللـەتی كورد ئەوە بوە، كە یەكڕیزیی خۆمان ناپارێزین و خۆخۆرین و خەمخۆر و دڵسۆزی یەكترنین و پەنادەبەینەبەر بێگانەكان .
ئەگەرچی كاتی خۆی بە زەبری هێز و كوشتن و گرتن روبەڕوی كورد دەبونەوە بۆ لەناوبردن و لەت لەتكردنی، ئێستا سەرەڕای ئەو بژاردەیەش، نەیارانی كورد بژاردەی سیاسییش بەكاردەهێنن بۆ لەناوبردنی كورد و ئەو پێگەیەی هەیەتی.
بڕیاری حكومەتی عیراق بە بڕینی بەشە بودجە و موچەی هەرێمی كوردستان، هەنگاوێكە بۆ پەرتەوازەكردنی ماڵی كورد و پارچەپارچەكردنی كوردستان و بچوككردنەوەی پێگە و قەبارەی كورد و تاڕادەیەكیش خەریكە ئەو هەنگاوە سەربگرێت و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە فەرمانێك لیژنەیەكی كاتی بەمەبەستی ئامادەكردنی پڕۆژەی لامەركەزی بۆ پارێزگاكە پێكهێناوە، ئەمە جیا لەوەی لێرە و لەوێ هەر باس باسی لامەركەزیەتە.
ئێوەش لەجیاتی ئەوەی پەنا بۆ حكومەتی عیراق ببەن كە تا تەوقی سەری وەكو خۆتان لەگەندەڵیدا تێوەگلاوە، بۆ یەكجاریش بێت خەمی هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان بخۆن و دڵسۆزییان لەگەڵدا بنوێنن!
باشترینیان ئەیاد عەللاوی-یە، كە دەڵێت "عیراق بەرگەی گرژی و دابەشكاریی زیاتر ناگرێت و دەبێت لیژنە هاوبەشەكان پەلەبكەن لە چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشانە"، واتا مافە رەواكانی كورد بە گرژی و دابەشكاریی ناودەبات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە پێشوتر وتومە: سەرسەختترین دوژمنی كورد خودی كورد خۆیەتی!
هەموو حزب و لایەنەكانی كوردستان تاوانبارن لە ئاست میللـەتی كورد، بە نزیكەی 30 ساڵی حكومڕانی نەتانتوانیوە، هەر هیچ نەبێت بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرەكانتان پشت بەخۆتان ببەستن، لەكۆی ئەو هەمو داهاتە خەیاڵیانەی دەستتان دەكەوێت!
نزیكەی 30 ساڵە تاوانمان لەگەڵدا دەكەن، درۆمان لەگەڵدا دەكەن، مافەكانمان زەوتەكەن و دەیخۆن!
هەمو حزب و لایەنەكان بەبێ جیاوازی لە ئاست ئێمەی میللـەتی كورد تاوانبارن، هەر هەمویان لە تاوانی وەلانانی میللـەتی كورد بەشدارن.
بەڵام ئەمجارەیان جیاوازە، ئەگەر فریای بارودۆخەكە نەكەون، برسێتی روو لە هەرێمی كوردستان دەكات و وەكو دەڵێن: برسێتی رەگی هاری بە دەمەوەیە.
واز لە نەیارەكانتان بهێنن و ستراتیژیەتێكی تازە داڕێژنەوە و لە خۆتانەوە دەستپێبكەن، ئاخر تاكەی ئێمە ماڵ وێران و دەربەدەر دەكەن؟، تاكەی ئێمە بێشوێن و رێ بین؟، تاكەی لەسەر خاكی خۆمان هەست بە نامۆیی بكەین؟!
واز لە نەیارەكانتان بهێنن و رێگاچارەیەكی خۆجێی بدۆزنەوە، خۆ ئەگەر هەرێمی كوردستانمان لەدەستبچێت، پێش ئێمە خۆتان زەرەرمەند دەبن، چیتر ناتوانن ئەم كوێخایەتییەی ئێستا بكەن، كە بەسەر ئێمەدا دەیكەن، ئێمەش دوبارە وەكو قەرەجێكی بێ نیشتمان دەبێت لەسەر خاكی خۆمان هەوار هەڵبدەین!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group