ڤایرۆسی كۆڤید١٩ دۆخی ئابووری ئه‌و وڵاتانه‌ی سه‌ختتر كرد، كه پشتیان به داهاتی نه‌وت به‌ستووه، عێراق و هه‌رێمی كوردستان-یش له پێشه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ن به‌تایبه‌ت دروست نه‌كردنی ژێرخانی ئابوورییان زیان به‌ركه‌وتنه‌كه‌ی قورستركرد. به‌كارهێنانی كه‌رتی گشتی بۆ ملیاردێركردنی كه‌مینه‌یه‌ك فه‌رامۆشكردنی كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆییان ده‌سته‌وه‌ستانكرد، ئه‌وه‌ی بونیادیش نرابوو له رابردوودا به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه وێرانكرا بۆیه خه‌ڵكێكی زۆر كاره‌كانیان و ده‌رفه‌تی كاریان له ده‌ستدا. هاوشان له پرۆسه‌یه‌كی فراوانتردا بۆ كڕینی ده‌نگ و وه‌لا‌و له كابینه‌ی دووه‌می حكومه‌تی ھه‌رێم و كابینه‌كانی دواتردا، كردیانن به مووچه‌خۆری حیزب و حكومه‌ت و به‌شێكی داھاتی گشتییان بۆ ته‌رخانكردن. به‌مجۆره زۆرینه‌یه‌كی مووچه‌خۆر له كه‌رتی گشتی دامه‌زرێندران كه رێژه‌ی مووچه‌كه‌یان به زه‌حمه‌ت به‌شی بژێوی ژیانیانی ده‌كرد و نه‌یانتوانی ببنه خاوه‌ن پاشه‌كه‌وتێك به‌رگه‌ی چه‌ند مانگێكی بێ مووچه‌یی بگرن. به‌ڵام به‌رپرسانی حیزبی ناو حكومه‌ت له رێگای به‌ده‌ستهێنانی وه‌لا‌ویانه‌وه ته‌مه‌نی حوكمڕانییان درێژكرده‌وه و له‌و دۆخه سه‌خته‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ش ملیاره‌كانیان هه‌ر نه‌خسته خزمه‌ت مووچه‌خۆرانی بێ مووچه و هه‌ستانه‌وه‌ی ئابووری كوردستان له كاتێكدا نرخی نه‌وت دابه‌زیوه و حكومه‌تی به‌غداد مووچه نانێرێت. سیاسه‌تی ئابووری هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته هۆی گۆڕینی مانا كلاسیكه‌كه‌ی بێكاری و هه‌ژاری، بۆنموونه له ساڵانی پێشوودا ئه‌گه‌ر كه‌سێك هیچ كارێكی به ئه‌نجام نه‌گه‌یاندایه و داهاتی مانگانه یان رۆژانه‌ی نه‌بوایه پێیان ده‌وت بێكار، كه‌سێك هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی بژێوی نه‌بوایه بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ژیانی پێیان ده‌وت هه‌ژار، به‌ڵام ئه‌مڕۆ فه‌رمانبه‌ران له یه‌ك كاتدا بێكار و هه‌ژارن، هه‌ژاره‌كانیش چوونه‌ته ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه. به‌مشێوه‌یه به ملیاردێربوونی كه‌مینه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتدار وده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هێزی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازی، له‌سایه‌ی باڵاده‌ستی تێكه‌ڵی حیزب له حكومه‌ت و لاوازی لێپرسینه‌وه و چاودێری له لایه‌ن په‌رله‌مان و داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و دادگاكان و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و شاردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان له رۆژنامه‌نووسان، نازاندرێت ئه‌و ملیارانه چه‌ندن، ده‌یانن یان گه‌یشتونه‌ته سه‌روو سه‌د. داخستنی په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ی ٢ ساڵ له‌لایه‌ن حزبێكی سیاسی، دیارترین به‌ڵگه‌ی راستی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌سه‌ڵاته‌كانه تا هیچ چاكسازی و گۆڕانكارییه‌ك نه‌یه‌ته‌بوون. یه‌ك وڵات و دوو جۆر ژیان به‌رده‌وامی گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕی، جیاوازییه چینایه‌تییه‌كانی قوڵتر كردۆته‌وه، كه‌مینه‌یه‌كی حیزبی بوونه‌ته خاوه‌ن پاره‌یه‌كی زۆر و شێوه ژیانێكی تایبه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكی شێوه ره‌ها كه ته‌واو جیاوازه له ژیانی زۆرینه‌ی هاووڵاتییان. سه‌ركرده‌ی ئه‌و حیزبانه‌ی ئه‌مڕۆ وه‌ك پاشاكانی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست ده‌ژین، له راپه‌ڕینی ١٩٩١ كاتێك له شاخ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات گه‌ڕانه‌وه، جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك لێ به‌دینه‌ده‌كرا، بۆیه جه‌ماوه‌ر به رێزه‌وه له ئامێزیان گرتن، ئێستا هه‌ر بۆ شه‌ڕ و رۆژی ده‌نگدان بیر له پێگه‌ی هاووڵاتییان ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام دواتر خۆ پیرۆزكردن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردن بووه ئامانجیان، شه‌ڕی ناوخۆیان له‌و پێناوه‌دا تازه‌كرده‌وه، پێشمه‌رگه و قاعیده‌ی حیزبی دڵسۆز و رۆڵه‌ی ھه‌ژاریان دابه‌كوشت، سه‌دام و داگیركه‌رانی تریان ھێنایه سه‌ر یه‌كتری. له ئه‌نجامدا كۆنترۆڵی داھاته‌كانیان كرد، یارمه‌تی وڵاتانیان بۆ خۆیان وه‌رگرت، نه‌وت و گازی كوردستانیان به ناوی ئابووری سه‌ربه‌خۆ به ناشه‌فافی ده‌رھێنا و فرۆشت، گرێبه‌ستی ٥٠ ساڵی نه‌وت و گازی نھێنییان له‌گه‌ڵ توركیا كرد، حكومه‌تیان قه‌رزداركرد، میلله‌ته‌كه‌یان خسته‌ژێرباری هه‌ژاری و باجی هه‌ڵه و گه‌نده‌ڵییه‌كانیان. له ساڵی 2014ه‌وه، متمانه‌یان به سیسته‌می بانكی كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی لاوازكرد، ئه‌وه‌ش به‌ھۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت ئه‌و پارانه‌ی خوارد و ده‌ستی به‌سه‌رداگرت كه خه‌ڵك و كۆمپانیاكان له بانك ھه‌یانبوو، ئه‌مه‌ش رێگره له‌وه‌ی جارێكی تر هاووڵاتییان یان كۆمپانیاكان پاره له بانك دابنێن، له كاتێكدا سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ باس له قه‌باره‌ی گه‌وره‌ی پاره‌ی به‌رپرسانی حیزبی ده‌كه‌ن له بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات. حكومه‌تی ھه‌رێم له ماوه‌ی 29 ساڵی رابردوو ده‌رفه‌تی له‌باری ھه‌بوو بۆ بنیاتنانی داموده‌زگای ده‌ستوری و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له یه‌كتری، دروستكردنی ھێزی نیشتیمانی پێشمه‌رگه و ناوخۆ، په‌روه‌رده‌كردنی چه‌ند نه‌وه‌ی نوێ به سیستمی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵای ھاوچه‌رخ و به‌ستنه‌وه‌یان به ئابووری بازاڕه‌وه، پشتیوانی له رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و میدیای سه‌ربه‌خۆ، ئابووری به‌ھێز به ھه‌مه‌جۆركردنی كه‌رته گشتی و تایبه‌ته‌كانه‌وه به‌جۆرێك ئاسایشی خۆراك و ئاو و پێویستییه‌كانی خه‌ڵك له ناوخۆ دابین بكات و یه‌ده‌كێكی نه‌قدی ئه‌وتۆشی ھه‌بێت بۆ كاره‌ساتی كتوپڕی وه‌ك كۆڤید ١٩. به‌ڵام ئێستا نه‌ك ئه‌وانه نه‌كراوه، به‌ڵكوو به‌فه‌رمی حكومه‌ت ده‌یان ملیار دۆلار قه‌رزاره، نه‌وته‌كه‌ی پاره ناكات و ناكۆكییه‌كانیشی له‌گه‌ڵ عێراق به‌هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه و عێراقیش ناچێته ژێر باری دابینكردنی مووچه‌ی كوردستان. ئه‌نجامی ئه‌م خراپ ئیداره‌دانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، سه‌ركرده‌ی حیزبی به پیرۆزكراو خستۆته‌ڕوو، حیزب كراوه‌ته ئامراز بۆ پارێزگاری ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركرده‌كان، زۆرینه‌ی ئه‌ندامان كراونه‌ته كۆیله‌ی حیزب و په‌رژینی پارێزگاری له سه‌ركرده‌كان، دوای خۆشیان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌گوازرێته‌وه بۆ كوڕ و نه‌وه‌كانییان. له ئێستادا چی بكرێت؟ له درێژه‌ی قه‌یرانی داراییدا، به‌رپرسیارێتی سه‌ره‌كی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی حكومه‌ت وھه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵات، بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گومان و رقی خه‌ڵكی برسی، سه‌ره‌تا پێویسته توانا داراییه‌كانییان به ئه‌سێت و كاشه‌وه ئاشكرا بكه‌ن، مانگانه به‌شێكی بده‌نه‌وه به حكومه‌ت ھه‌تا رێژه‌یه‌ك له مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی پێبدات. لامه‌ركه‌زیه‌تیش له‌ناو ھه‌رێم قووڵبكرێته‌وه ھه‌تا ململانێی ناوخۆ په‌ره نه‌ستێنێت. یاسای چاكسازییه په‌سه‌ندكراوه‌كه‌ش جێبه‌جێبكه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان و نادادپه‌روه‌ری. پێویسته له نێوان عێراق و هه‌رێمدا له‌م قۆناغه، ھه‌وڵی رێكه‌وتنێكی ھاوسه‌نگ بدرێت كه ھه‌ردوولا ھاوكاربن بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كه، چونكه به قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ی ھه‌رێم، عێراق ده‌یه‌وێت ئه‌و مافانه‌ی كوردستان كه به قوربانیدانی خه‌ڵك به درێژایی سه‌ده‌ی بیست و له راپه‌ڕینی ١٩٩١ و له دوای ٢٠٠٣ ه‌وه، له ده‌ستور بوون به ئه‌مری واقیع لێیوه‌رگرێته‌وه. خه‌ڵكی كوردستانیش به ده‌وڵه‌مه‌ندی گه‌وره و مامناوه‌ندییه‌وه، كه‌ریمی عه‌له‌كه ئاسا، كۆمه‌كی یه‌كتری بكه‌ن، دراوسێ نه‌ھێڵێت ھاوسێكه‌ی بێ شی‌و بێت، خزم فریای خزمه‌كانی بكه‌وێت، ھه‌ر كه‌سێك تۆڕێك له ھاوڕێكانی دروستبكات بۆ ھاوكاریكردن. به‌شێك له خه‌ڵكیش ده‌ستبه‌جێ رووبكه‌نه‌وه كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری، حكومه‌تیش به یاسا قه‌ده‌غه‌كردنی ھاورده و به تاریفه‌ی گومرگی نوێ، پارێزگاری له به‌رھه‌می ناوخۆ بكات و په‌ره‌ی پێبدات. به‌مشێوه‌یه شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه ناپچڕێت، ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌پارێزرێت، په‌لاماردان كۆنترۆڵ ده‌كرێت. به ئومێدی ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ساڵێكدا چاره‌سه‌ری ڤایرۆسه‌كه بدۆزرێته‌وه و به‌دوایدا ژیانی ئابووری و دارایی و كۆمه‌ڵایه‌تی ورده ورده ببوژێته‌وه. كاركردن بۆ گۆڕانكاری دوای ئاساییبوونه‌وه‌ی بارودۆخ، سه‌رژمێری دانیشتووان بكرێت، تۆماری ده‌نگده‌ران پاك بكرێته‌وه، پیاچونه‌وه به یاسا و كۆمیسیۆنی ھه‌ڵبژاردندا بكرێت به‌جۆرێك تاكه‌كه‌س و لیستی سه‌ربه‌خۆ ھه‌لی به‌شداربونییان بۆ بره‌خسێ له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و په‌رله‌ماندا، رێگه له ته‌زویر بگیرێت، ئۆپۆزیسیۆنی تاكه‌كه‌سی و سه‌ندیكا و رێكخراوی مه‌ده‌نی راسته‌قینه كارا تر بكرێن، ته‌نھا حیزبی مه‌ده‌نی بێ میلیشیا و چه‌كدار بۆی ھه‌بێت به‌شداری له ھه‌ڵبژاردندا بكات. ئینجا ھه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكرێت، له‌و بروایه‌دام دوای ئه‌م قه‌یرانه و دوای ئه‌زموونی شكستخواردووی حیزبی و حوكمڕانی ٢٩ ساڵی رابوردوو، ئه‌مجاره خه‌ڵكی كوردستان به‌رچاوروونتر ده‌بن بۆ دیاریكردنی چاره‌نوسی خۆیان.