كۆڕۆنا: پەروەردە و ڕەوەندی خوێندنی شاشەیی(*)

رێبوار سیوەیلی

21/09/2020

(وتارێك بۆ گفتوگۆ)
1. بە پێچەوانەی بۆچوونی زۆر كەسەوە، داخستنی قوتابخانە و شوێنەكانی خوێندن، هەنگاوێكی پێشوەختانە بوو بۆ پاراستنی نەوەی داهاتوو. چونكە كار و ئەركی سەرەكیی پەروەردە و فێركردن ئامادەكردنی مرۆڤێكە بۆ داهاتوو. لەگەڵ ئەوەشدا كە ئەم هەنگاوە گرنگە نرا، ئایا ڕەوەندی فێركردن و پەروەردە وەستا، یان ئاسۆی نوێی لەبەردەمدا كرایەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە دەبێت لە خۆمانی بكەین..
2. بەبڕوای ئێمە لە ماڵەوەبوون هەلێكی زۆر باشی دایە قوتابیان تا خوێندن و ئاسوودەیی پێكەوە ئاشت بكەنەوە. پلان داڕشتن بۆ خوێندنی ئۆنلاین لە سەردەمی کۆرۆنا وەک چارەسەرێك بۆ پاراستنی مافی پەروەردەیی و بەردەوام بوون لە پرۆسەی خوێندن، ستراتژیکی گۆنجاو و وەرچەرخانێکی گونجاو لە سیاسەتی پەروەدەیی هەرێمەکەمانە. وادەردەكەوێت لایەنەکانی ئەرێنی خوێندنی ئۆنلاین بابەتیکی دیراسە کراوە و بە شێوەی گشتی لە زۆربەی ووڵاتانی جیهان پەیرەو دەکرێت. لێرەدا بیرۆکەی خۆێندنی ئۆنلاین واتەی ئەوە نییە قۆتابی دەبێت لە کاتی دیاریکراو بەردەوام لە سەر هێڵی ئینتەرنێت بێت، بەڵام دەتوانێت لە کاتی بۆ لواوی خۆی سەردانی وانەکان بکات کە بۆی دەگونجێت. ئەگەر بیر لە هەندێ لایەنی ئەرینی و ڕەوابوونی خوێندنی ئۆنلاین بۆ هەرێمی کوردستان بکەینەوە، دەکرێت خوێندنەوە بۆ لایەنی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و لە هەموو گرنگتر پەروەردیی بکەین.
3. كەشی قوتابخانەكانی ئێمە پڕە لە توندوتیژی ڕەمزیی و جەستەیی و دڵەڕواكێی دەروونی و جەستەیی لە نێوان هەندێك لە قوتابیان و مامۆستایان و لە نێوان قوتابیان خۆیاندا و لەو شوێنانەش كە ڕێگەی قوتابخانەیان لەسەرە، منداڵان و قوتابیان ڕووبەڕووی جۆرەها توندوتیژی دەبنەوە. ڕێگای هاتووچۆش بە تەكسی، پاس و هۆكارەكانی دیكەی گواستنەوە لە توندوتیژی (خێرایی، دواكەوتن، پێكدادان و دەیان جۆری دیكە) بەدەر نەبوون.
4. لە نێوان ماڵ و دنیای دەرەوە تا منداڵەكان دەگەیشتنە قوتابخانە چەندین جۆری توندوتیژی لەسەر ڕێگایان بوون.. هەر ئەوەی كە كابرای شۆفێری تەكسی لەناو تەكسییەكەیدا وەڵامی تەلەفۆن دەداتەوەو چەندین قسەی دوور لە دنیای منداڵان دەكات و كەپووی خۆی پاك دەكاتەوە، بەڵغەم فڕێدەدات و جگەرە دەكێشێت، تا دەگاتە ئەوەی شۆفێری پاسەكان بەدەنگی بەرز قسە لەگەڵ ڕێبوارە گەنجەكانیان دەكەن و جۆرە مۆزیكێكی دوور لە دنیای ئەوانی دەخەنە سەر، بۆخۆی توندوتیژییە بەرامبەر بە منداڵەكان. لە قوتابخانەش بە هەمان جۆر لە بەردەرگای قوتابخانەوە توندوتیژی دەستپێدەكات، تا ناو پۆل و لە وێشەوە بۆ گۆڕەپانی قوتابخانە و ناو ڕاڕەوەكان و ناو كافتریا و تەنانەت ناو تەوالێتەكانیش، كە زۆربەی جار تاریكی هۆكاری ئەم توندوتیژییەیە و ترسێكی زۆر بەرهەم دەهێنێت.
5. دابڕگە و خوێندنی ئۆنلاین منداڵەكانی لە هەموو ئەم توندوتیژیانە ڕزگار كرد و لەوەش زیاتر چیدی مامۆستا میزاجی ئایینی و كولتووریی خۆی بەسەر منداڵەكاندا ناسەپێنێت و لەناو پۆلدا بەسەریاندا ناقیژێنێت. ئەمە جگە لەوەی منداڵەكان كاتێكی زۆریان بۆ گەڕاوەتەوە و ئیتر لە چاوەڕوانیی تەكسی و پاسدا تووشی دڵەڕاوكێی دواكەوتن و بیركردنەوە لە سزای مامۆستا و چاودێری قوتابخانە نابنەوە و بۆ هەمیشە لەدەست سزا ئاشكراكان لەناو پۆل و لە یاریگای قوتابخانە ڕزگاریان بووە. هەروەها منداڵەكان چیتر بیر لەوە ناكەنەوە كە نەبوونی پارەی ڕۆژانە بۆ خەرجكردن، ئەوان دەخاتە بەردەم ئازاری نەچوونە كافتریا، ئەمە جگە لەوەی چیتر ئەوان ئەو خواردنە ناچارەكییانە ناخۆن كە هەم لە ڕووی نرخەوە گرانن و هەم لە ڕووی تامیشەوە بەتام نین، ئەمە سەرباری ئەوەی كە خاوەن كافتریاكان بەڕێككەوتن لەگەڵ ئیدارەی قوتابخانە خواردنی دووبارەوەبوو دەرخواردی منداڵەكان نادات و كەسیش نەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵ بكات.
6. هەموو ئەمانە و دەیان جۆری دیكەی زەبری سێمبوولی لە كۆڵ منداڵەكان بۆتەوە. وێڕای ئەوەی كە ئیتر منداڵەكان بیر لەوە ناكەنەوە كێ گاڵتەیان پێدەكات و پاڵیان پێوە دەنێت و تەریقیان دەكاتەوە و بگرە شەڕیان پێدەفرۆشێت. هەموو ئەمانە ئەو دەستكەوتانە بوون كە ڕێخۆشكەر بوون بۆ ئاشتكردنەوەی منداڵەكان لەگەڵ خوێندن بەبێ ئەوەی ئەم خوێندنە لە شوێنێكی تایبەت بێت كە قوتابخانەیە. ئایا هەموو ئەوانە نامانخەنە سەر ئەو بڕوایەی كە بیر لە خوێندنی ئۆنڵاین وەك جۆرێكی ئەڵتەرناتیڤی خوێندن بكەینەوە، كە پێش هەموو شتێك منداڵەكان ئاسوودە دەكات و كاتێكی زۆریشیان بۆ دەگێڕێتەوە كە ئەوان تیایدا پەرە بە تواناكانیان دەدەن و لەناو ئاسایشی خێزاندا دەمێننەوە؟
7. بە بڕوای ئێمە هەرێمی كوردستان كەشێكی زۆر لەباری بۆ خوێندنی ئۆنلاین هەیە: لە هەرە زۆری ماڵەكاندا ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان (كۆمپیۆتەر، ئای پاد و مۆبایل) لەبەردەستن و كاتی بەكارهێنانیشیان بۆ منداڵەكان لەلایەن دایكبابانەوە ڕیك نەخراوە و منداڵ دەتوانێت لە ڕۆژێكدا بێ سنوور بەكاریان بهێنێت. وەلێ خوێندنی ئۆنلاین دەتوانێت ڕێكخستنێك بەم بەكارهێنانە بێ مەبەستە بدات و بیكاتە بەكارهێنانێكی سوودمەند بۆ منداڵەكان. لێرەدا دەبێت جیاوازیی لە نێوان بەردەستبوون و بەردەستنەبوونی ئامێرەكانی پێویست بۆ خۆێندنی ئۆنلاین و خودی پڕۆسەی خوێندنی ئۆنلاین بكەین. ئەگەر كێشەی ئۆنلاین و خوێندنی شاشەیی ئەوەیە كە كارەبا نییە و ئامێرەكان بەردەست نین، ئەمە مەسەلەیەكە دەكرێت بەسوودوەرگرتن لە کۆمپانیاکانی دابینكردنی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و ئینتەرنێت چارەسەر بكرێت نەک بۆ ناڕەوا بوونی خوێندنی ئۆنلاین وەکو بیانوو بەکاربهێندرێن. لێرەدا خوێندنی ئۆنلاین ئەوە نییە كە خوێندن بە زیندوونی (لاییڤ) بێت، بەڵكو ئامانج لێی دروستكردنی بانكێكی ئۆنلاینە، یان پۆلێكی گریمانەكراوە، كە مامۆستا دەتوانێت هەر ماتەریاڵێكی پڕ كواڵێتی لەو بانكەدا دابنێت و قوتابیش بەپێی كاتی شیاوی خۆی بگەڕێتەوە سەری و چەندین جار بیەوێت ئەو ماتەریاڵانە بەكار بهێنێت..
8. لەم کات و ساتە نالەبارەدا خوێندنی ئۆنلاین حوكوومەت و هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەش لە زۆر مەسرەف دوور دەخاتەوە و تاڕادەیەك ئەو بڕوایەی دروستكرد، كە ئەوەی لە ماوەی ساڵێكدا لە قوتابخانەیەكدا دەكرێت، دەتوانرێ لە ئۆفیسێكی بچووكدا ئەنجام بدرێت بە بەرهەمێكی زۆر باشتریشەوە. ڕزگاربوونی حوكوومەت لە دابینكردنی ساڵانەی نەوت و سووتەمەنی و كەلوپەل بۆ هەموو قوتابخانەیەك و ئەو هەموو مەسرەفە زیادەیەی ساڵانە لە ئەستۆی دەگرێت، گێڕانەوەی بڕێكی زۆر پارەیە بۆ خەزێنەی گشتی. هەروەها هەلێكیش هاتۆتە پێش كە بەشێوەیەكی دیكە بیر لە بەكارهێنانی بینایەی قوتابخانەكان بكرێتەوە و ئیدارەی قوتابخانەكانیش ڕزگار ببێت لە هەرجۆرە توندوتیژی و گرژییەك كەساڵانە لەلایەن قوتابییەكانەوە و بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانیان، ڕووبەڕوویان دەبنەوە.. ئەمە لەكاتێكدا گەیشتینە ئەو ڕاستییەكەی كە دەكرێت لە دەرەوەی قوتابخانەش پرۆسەی خوێندن و فێركردن بەردەوام بێت. ڕەخساندنی هەلومەرجی خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان کارێکی هێند سەخت نییە، چوون لەڕووی کەلوپەلەوە هەمان ئەو ئامێر و دیڤایسانە لای خۆشمان بەردەستن کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو بەکاردەبرێن، ئەوەی کە پێویستە تەنها بڕیار و ئیرادەی وەزارەتی پەروەردە، خوێندنی باڵا و حکومەتی هەرێمە کە کارئاسانی زیاتر بۆ قوتابیان بکات لەدەستڕاگەیشتنیان بەهێڵی ئینتەرنێتی و ئامێرە پێویستەکان. ئەمەش وەك پێشتر گوتمان بە هێنانە پێشەوەی سەرمایەداران و دابینكردنی ئامێرەكان بە قیست لەلایەن سەنتەرەكانی كۆمپیۆتەرەوە. ئەمە جگە لەوەی خەرجی ئەستۆی دایباوكانیش كەمدەبێتەوە و لە ڕووی دەروونیشەوە هەست بە ئارامی دەكەن بە دروستكردنێكی كەشێكی باشی خوێندن بۆ منداڵەكانیان لە ماڵەوە..
9. گرنگترین دەستكەوتەكانی خوێندنی ئۆنلاین ئەوەیە كە هەردوو لایەن: قوتابی و مامۆستا لە دڵەڕاوكێ دوور دەكەونەوە. پابەندبوون بە خشتەی هەفتانەوە هەردووكیان دەخاتە ژێر گوشارێكی زۆرەوە و توانای داهێنانیان لە دەرەوەی قوتابخانە لێدەستێنێتەوە. كاتی دەوامی زۆر، مرۆڤ كاركوشتە دەكات و وادەكات مامۆستا نەتوانێت لەدەرەوەی پیشەی مامۆستایەتی بەرهەمێكی دیكەی هەبێت. قوتابخانە مامۆستا لە مرۆڤەوە دەكاتە كارمەند و ژیانی ئەو لە كارمەندبووندا بچووك دەبێتەوە. خەسڵەتێكی دیكەی خوێندنی ئۆنلاین ئەوەیە كە هیچ جۆرە ململانێیەك لە نێوان مامۆستا و قوتابیدا ناهێڵێت، وەكئەوەی لەناو پۆلدا ڕوودەدات و بەشێكی زۆری پەیوەندیی بەو كەشەوە هەیە كە قوتابیان لە گرووپبوونیاندا لەدژی مامۆستا دروستیدەكەن. لە خوێندنی شاشەیی و ئۆنلایندا، قوتابیی تەنیا دەبێتەوە و پەیڕەویی لە كولتووری گرووپ ناكات تا هەڵسوكەوتێك بنوێنێت كە نەشیاو بێت. كاراكتەری تێكدەر (موشاغیب) و قۆشمەچی قۆپییەچی و دەرسنەخوێن و چپەچپكەری كورسیی دوای دواوە نامێنێت.. قوتابی لەبەرامبەر كۆمپیۆتەرەكەی دادەنیشێت و پابەند دەبێت بە پەیوەندییە ئۆنلاینییەكەیەوە. خەسڵەتێكی هەرە گرنگی دیكەی ئەم جۆرە خوێندنە ئەوەیە كە قوتابی دەبێتەوە بەو كەسەی كە ڕێز لە كات بگرێت و بەرنامەی خۆی بۆ پەیڕەوییكردن لە كاتی خوێندنەكەی دابنێت. لیرەدا ئەو ڕاستییە تاڵەش بەتاڵ دەبێتەوە، كە لە خوێندنی نەرێتیدا منداڵ لە ڕێگەی هەڕەشەوە پەیوەست دەكرایەوە بە جێبەجێكردنی ئەركەكانی و ئەگەر ئەمەشی نەكردبا دەبوو باجەكەی بدات، چ لە ڕێگەی سزای لێدانەوە بێت، یان تەریقكردنەوە و نمرە شكاندنەوە. خوێندنی ئۆنلاین كێشەی كات بۆ منداڵ دەكاتە كێشەیەكی ئەقڵیی و ناچاری دەكات بیری لێبكاتەوە و لە كاتی خۆیدا، ئەركەكانی جێبەجێ بكات و لە پۆلی شاشەییدا بەشدار بێت. ئەم ناچارییە گەشەیەكی زۆر بە بیركردنەوە و ئەقڵی منداڵان دەدات، چونكە ئیتر ترسی سزادان ناكاتە پێوەر و خۆی دەكەوێتە سەر ئەو بڕوایەی كاتی خۆی ڕێكبخات و ئەركەكانی تێدا جێبەجێ بكات..
10. بە دیوێکیتریشدا، قوتابیان بەگشتی (چ لە قۆناغەکانی قوتابخانە و چ لە زانکۆ)، لە ڕێگەی خوێندنی ئۆنڵاینەوە و بە بەشداریکردن لە خوێندن و پۆلی شاشەییدا، فێری ئەوە دەبن نەک هەر دەبێ پرسیارەکان وەڵام بدەنەوە، بەڵکو کاتێکی دیاریکراویشیان هەیە بۆ وەڵامدانەوە! کە ئەمە ڕەنگە ئەزموونێک بێت لە خوێندن و وەڵامدانەوە و بیرکردنەوە، پێشتر لە سیستەمی خوێندنی ئێمەدا كاری پێنەكراوە. کاتی دیاریکراو لێرەدا ئەوکاتە نییە کە لەناو پۆلدا هەیە و چەند مامۆستا و چەند چاودێرێكیش بەسەر پۆلەکەوە چاودێری قوتابی دەكەن. بەڵکو کاتێکی دیاریکراوی کورتە و ناچارکردنی قوتابییە بە بەکارهێنانی تەواوی سیستەمی هۆش و ئاگایی خۆی تا وەڵامەكانی بداتەوە و بیاننێرێتەوە بۆ مامۆستاكانی. ئەمەش پەیوەستکردنیەتی بە وەلانانی هەموو شتێک و بەخشینی کاتەکەی تەنیا و تەنیا بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی کە لەبەردەمیدایە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا خەسڵەتێکی لۆژیكیانەی مرۆڤی مۆدێرنە، ئەویش بەوەی کە بیردەکاتەوە و ئەم بیرکردنەوەیەش لەو شتەیە کە لە ڕاستیدا لەناو دەستەکانیدایە و دەتوانێت بیخاتە ژێر پاڵەپەستۆی داناییەكەیەوە.
11. لەم چوارچێوەیەدا هەموو ئەگەرەکانی وەرگرتنی هاوکاری و سوودوەرگرتن لە کۆمەکی هزری و بیرکردنەوەی قوتابییەکەی تەنیشت یان پێش و پشتمان، لە هۆشی قوتابی دەچنە دەرەوە و بەناچاری پشت بە خۆی و بیرکردنەوەکانی و بڕی زانیارییەكانی دەبەستێت. چونکە لەمجۆرە سیستەمە نوێیانەی خوێندندا، کە کۆمەڵێک سیستەمی پیشتر بیرلێکراوەن و ئەزموونکراون، شێوازی پرسیارکردن و کات دانانیش بۆ وەڵامەکانیان، کۆتایی بە هەموو ئەگەرێکی کۆپیکردنی فیکری و وەرگرتنی نایاسایی دێنن. کە ئەمەش لە دەرئەنجامدا بە داهێنانکاری لە ئایندەی بوارە جیاوازەکانی ژیاندا تەواو دەبێت و مرۆڤ دوور دەخاتەوە لە فێڵكردن و بەدەستهێنانی بڕوانامە لەڕێگەی نابەجێوە.
12. هەڵبەتە هەموو ئەمانە لە نرخی بەیەکەوەبوون و دیبەیتی ڕووبەڕوو و کاری پێکەوەیی کەمناکەنەوە. بەڵام لەبەرئەوەی کە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵای ئێمە لە زۆر لایەنەوە هاوکار نین لە ئاسوودەکردنی قوتابیاندا لەپاڵ خوێندنەکەیان، بەشێک لەو لایەنانە لەسەرەوە باسکراون، بۆیە پۆلی شاشەیی وانەی ئۆنلاین، دەتوانن مژدەبەخشی داهاتوویەكی گەش بن بۆ چوونە قۆناغێكی نوێی فێركردن و پەروەردە كردنەوە.
13. بەمجۆرەش خوێندنی ئۆنلاین ئەڵتەرناتیڤێكی شیاوە بۆ خوێندن لە داهاتوودا و دەرەنجامی زۆر باشییش بەدەستەوە دەدات و سێكتەرێكیشە بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حوكوومەت.. ئەمە جگە لەوەی دەرفەرتێكیشە بۆ مامۆستا و قوتابیان تا كاتیان هەبێت بۆ خۆیان و خولیا و حەزەكانیان و مەودا وەرگرتن لە دەوام و خشتەی هەفتانە.. بێگومان هەموو ئەمانەش بێكاریگەر نابن لەسەر ئاسوودەیی و بێخەمی داییباوكان و دڵنیابوونیان لەوەی منداڵەكانیان لە ماڵەوە درێژە بە خوێندن دەدەن.. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، خوێندنی شاشەیی بێ كێشە و كەمووكوڕیی نییە و بێ كاریگەریی نێگەتیڤیش لەسەر منداڵان و قوتابییە هەرزەكارەكان نییە. چالاكییە جەستەییەكانیان زۆر كەمدەكاتەوە، لە هاوپۆل و هاوتەمەنەكانیان دایاندەبڕێت و وەستانێك لە ڕەوەندی بەكۆمەڵایەتیبوونیاندا بەدی دەهێنێت. ئەزموونكردنی شوێن و شار و شەقامەكانیان لەبیر دەباتەوە، كە بەشێكی گرنگن لە دروستكردنی شوناس. ئەو كەشەی ناوپۆل نامێنێت كە قوتابی تیایدا هەست بە هاوگرووپی بكات.. دیسیپلینی قوتابخانەیی نامێنێت و زۆرشتی دیكەش. هەروەها پەروەردەی دیداری و بیسیاری منداڵان لاواز دەبێت.. ئەوان كەمتر لە جاران دەبینین و نیگا لە سرووشت و دەروبەریان دەكەن، كەمتریش لە كەشی گشتییدا دەبیستن.. ئەمانەش هەموویان گرنگن بۆ پەروەردەبوون و فێربوون و ئەزموون. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی ئەم شتانە دەكرێت بە گۆڕێنی شێوەژیان و قەرەبووكردنەوەیان لەلایەن دایكان و باوكانەوە، باربوو بكرێنەوە. قوتابخانە دەتوانێت لە هەفتەیەكدا یەك دوو ڕۆژ بە دەوامێكی كەمتر، هاوكار بێت و ڕێگە بدات قوتابییەكان بچنەوە قوتابخانە. خوێندنی شاشەیی باشە و خراپەی خۆی هەیە. پێویستە ئێمە بیر لە باشەكانی زیاتر بكەینەوە، نەك لە ڕەهەندە خراپەكانی..
(*) بەشێك لە كتێبێكی هاوبەش لەگەڵ هاوڕێی ئازیزم (مەعرووف حەسەن بارزان)یدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group