ناگەڕێمەوە بۆ مێژوو

بەهرۆز گەڵاڵی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

زۆر بەوردی ناگەرێمەوە بۆ مێژوو تا سەر لە خوێنەرانی ئازیز نەشێوێنم، دیارە كەموزۆر زۆرینە شارەزاییەكی باشی  لە مێژووی گەلەكەمان و ڕوداوە سیاسیە ناخۆشەكان هەیە.
لە شەڕی (چاڵدیران )كورد بەشێكی كەوتە ژێر كاریگەری عوسمانییە سوننەكان و بەشێكیشی كەوتە ژێر كاریگەری سەفەوییە شیعەكان، بۆیە بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆمان لەژێر بۆیەی ئیسلام لەدەستداو هەردولاش بۆ نەتەوەپەرستی خۆیان ئاین و دەسەڵاتیان بەكارهێنا تاجەنگی جیهانی یەكەم، لە سەردەمی جەنگیش سەركردەكانی كورد كەوتنە ژێركاریگەری وتاری ئیسلام و دژی هاوپەیمانەكان وەستانەوە و لە دابەشكردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حسابێكی دروستیان بۆ كورد نەكردو دوای ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی كوردستانیان لێ كردینە چوار پارچەو تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش باجی دژایەتیكردنی هاوپەیمانان و نەزانینی خۆمان  دەدەین، ئەوانیش بێ رەحمانە وایان دابەشكردوین بە جۆرێك كە یەكگرتنەوەمان  هەر زۆر زۆر قورس بوە.
لەو كاتەوە كورد خوێن و  فرمێسك و قوربانی دەدات تا هەڵەی ئەوسەردەمە راستبكاتەوە، بەڵام نەك هەر وەك خۆی لێنایەتەوە بەڵكو لەم ڕۆژەوە ئەم چواروڵاتە  هەر جارەی یەكێكیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكارمان دەهێنن.
من خۆم( ٣) ساڵ لە تاران و( ١٧) ساڵیش لە توركیا نوێنەرایەتی جەنابی مامجەلال  و یەكێتیی  نیشتمانیی كوردستانم كردوە، زۆر چاك دەزانم و تێشدەگەم  دوژمنایەتیكردنی توركیاو ئیران مانای چییە و زۆر باشیش دەزانم دۆستایەتیەكەشیان مانای چییە و باجەكەشی  چییە؟
ئەمڕۆ لەئەنجامی سیاسەتی نێودەوڵەتی و خەباتی كوردو حزب و لایەنەكانی لە باشور هەرێمی كوردستانمان دروستكراوە، لەڕۆژئاواش هەندێ خاكمان ئازاد بوەو نیمچە ئۆتۆنۆمیەكیش بەدەستهێناوە، لە باكوریش پرۆسەیەكی ئاشتی لەئارادایە گەرچی من پێم وایە هیچی لێ شیننابێ و شتێكی سیاسی دەستوری بە كوردی باكور نادەن، چونكە بە داخەوە بیركردنەوەی برا توركەكانمان لەزهنییەتێكی شۆڤینیستی نەتەوە پەرستییەوە سەرچاوەی گرتوە، لەڕۆژهەڵاتیش بەهۆی شە ڕی  ئەمریكا- ئیسرائیل و ئیران بارودۆخێكی سیاسی تازە بۆ كورد هاتۆتە ئاراوە …. بۆیە لەم قۆناغەدا كورد بەگشتی دەبێ زۆر وەستایانە یان سیاسیانە مامەڵە  لەگەڵ بارودۆخەكە بكات، ئەمەش لەرێگەی لۆژیكی كوردانە نەك حزبایەتی.
هەرلایەنێك لەكوردستانی عیراق لەگەڵ توركیا دۆستایەتی دەكات ،نیوەی كورد جنێوی پێدەدات بێ ئەوەی بزانی بۆ؟ یەكسەر پێت دەڵێن خائین ؟ لەگەڵ ئیرانیش دۆستایەتی دەكەیت نیوەكەی تری بە خائین و جاشت لەقەلەم دەدەن، پیاوی سیاسی و سیاسەتمەداریش نابێ لە جنێو و هێرشی پۆپۆلیستی بترسێ ودەبێ سیقەی بە خۆی ونەتەوەكەی بێت  و پرۆژەكەی لەچوارچێوەی خەتی سوری نەتەوەكەی دەرنەچێت.
ئاشكرا بوو لەم ڕۆژانەی ڕابردوسەرۆكی ئەمریكا ترامپ پەیوەندیكردوە بەسەركردەكانی كورد و داوای كردوە لەم شەڕەدا كوردان  هاوپەیمانی ئەمریكا بن ؟ بەڕای من ئەمجارە كورد دژی بەرژەوەندی ئەمریكاو ڕۆژئاوا بەگشتی بڕیار بدات ئیتر هەرگیز لێناگەڕێن كورد بحەسێتەوەو جۆرەها  كێشەو گرفتی گەورەی بۆ دروست دەكەن .
بەڵێ  ئێمە لە كوردستانی عێراق سیقەمان هیچ بە سیاسەتی ئەمریكاو ترامپ نییە، ئاماژە بە (٣) تەجروبە دەكەم ،ڕوخانی كۆماری كوردستان لە مهابادو نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لە ٦ ئازاری ١٩٧٥ و تەجروبەی ڕۆژئاواو ئەنجامی كۆبونەوەی پاریس لە سەرەتای ئەمساڵ٢٠٢٦ كەئەمریكا ڕۆژئاوای پشتگوێ خستو جۆلانی  كردە هاوڕێی  خۆی كە تادوێنێ لەبەرەی نەیارو سەربە داعش بو.
دۆستایەتیكردنی ئیران بە قەد دوژمنایەتیكردنەكەی خەتەرە، چ دۆستی بیت و نەیار مەترسیدارە، وا چاكە نە دۆستیكی نزیكی بیت وە نەدوژمنێكی سەرسەختیش (وەك سیاسەتی مام).
هەرێمی كوردستان دەبێ یەكەم شت پاراستنی هەرێمی  كوردستان و پشتگیریكردنی لە ئەمریكاو ڕۆژئاوا مسۆگەر بكات بە نوسین و رێككەوتن وكوردی ڕۆژهەڵاتیش سەرپشك بكات و ئەوان خۆیان حزب و لایەنەكانیان بەرژەوەندی خۆیان و ڕۆژهەڵات باشتر دەزان با خۆیان بڕیار بدەن كە چۆن لە گە ڵ هاوپەیمانان ڕەفتار دەكەن . كورد لە باشور ئاگای لە بەرژەوەندی میللەتەكەی خۆی بێت و نە بینە پاشكۆی ئیران وە نە شبینە كەوا سوری بەرلەشكری ئەمریكاو ئیسرائیل، بەڵام نابێ لە دژی سیاسەتی ڕۆژئاوا ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوەستینەوە، چونكە دژیانبین دوایی لە كێكەكە  نەك هەر بەشمان نابی بەڵكو دەیان جۆلانیشمان بۆ دروستدەكەن بۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەبێ هێلكەكانی هەمووی نەخاتە ناو یەك سەبەتە نەبادا دوایی هەمووی بشكێن، بۆیە باشتر لەشەرو ئاشتی بەشی دوایی بهێڵرێتەوە.

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.

 


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group