بۆچی شەقامی عیراقی لە كورد توڕەن؟

سالار مەحمود

17/10/2020

"ئەگەر شەڕی كورد لەبەغدا هەر پلەو پۆست و پارە بێت، حەتمەن ئەوانیش شەرم لە شەهیدو ئاڵاو پیرۆزیەكانمان ناكەن" سەرباری ئەو غەدرەی لە خەڵكی كوردستان دەكرێت لەلایەن حكومەتی عیراقییەوە.
هێزە سیاسیەكانی عیراق وا شەقامی خۆیان تاوداوە، كە كورد بارن بەسەر عیراق و خێروبێری دەبەن. لایانوایە كورد لەهەناودا ئەجێندای پەرتكردن و جێبەجێكردنی سیاسەتی غەیرە عیراقیان هەیە.
ئەوەی روودەدات ئەو پەندە كوردیەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە كە دەڵێ (دز ئازابو، ساحێب ماڵی گرت). تەنیا دوو كیلۆمەتر لەولای سوتاندنی ئاڵای كوردستانەوە لەبەغدا هێشتا تەرم و ئێسكوپروسكی سەدان ئەنفالكراوی گەرمیان و ئێزدی شنگال لە (گب العدلی) بەغدان. سەدان گۆڕی بەكۆمەڵمان لەو جنوبەو لەژێر لمەوە هێشتا دەسوتێن.
رووداوی سوتاندنی بارەگای پارتی بەر لەهەر لایەك پێویستە پارتی هەڵوەستەی لەسەر بكات، پیاچونەوە بەسیاسەتی خۆی بكات. تێگەیشتنی نوێ دروست بكا، مامەڵەی دروست لەگەڵ هەموان و بەتایبەت حزبە هاوشانەكەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە بكات. ئیدانەكردنی توندوتیژی پرەنسیپێكی مەدەنیە، بەڵام سوتاندنی ئاڵای كوردستان، تاوان و ناجوامێری و رەفتارێكی بەعسیانەیە.
كورد بەگشتی پێویستی بە موراجەعەی خۆی و گوتارێكی نوێی ئاراستەكراوە بۆ شەقامی عیراقی. ئەمە زەنگێكی بەئاگا هێنەرەوەیە بۆبوونی گاپێكی گەورە لە تێگەیاندنی شەقامی عیراقی و قوربانیەكانی كورد لەسەر دەستی رژێم و رەوتە شۆڤێنیەكانی عیراق. گوتارێكی جیاواز لە ریتمی رابردوو پێویستە لەلایەن هەرێمەوە. پەرلەمان بكرێتە مەرجەعی بڕیار بۆ پرسە باڵاكان. كورد خۆی دەستبگرێ بەدەستورو یاساوەو ئەوانیش بەو ئاراستەیە كەمەنكێش بكات.
ئەوان هێشتا كفنی هەزاران شەهیدی پێشمەرگەی دژی داعش زەرد نەبووبو شەرمیان نەكردو پەلاماری كوردستانیان دا. بابەتەكە تەنیا ئەوە نیە هۆشیار زێباری قسەیەكی ناجۆری كردوە، ئەگەر واشبێ مام جەلال گوتەنی قسەبەقسە و نوسین بەنوسین جواب دەدرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دادگا هەیە بۆ سكاڵا نەك سوتاندنی ئاڵاو بارەگا.
ئەوان لە جەوهەردا بونی هەرێم و فیدراڵیەت بە پرۆژەیەكی نا عیراقی دەزانن. ئەوان لە زۆرینەی چینە سیاسیەكەی كوردو ژیانیانەوە، دەڕواننە كۆمەڵی كوردەواریی.! كە تێگەیشتنێكی هەڵەیە، راستكردنەوەی ئەمەش دیدگای نوێ و كۆششی زۆری گەرەكە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group