ئێران و كوردستان: یەك قەیران دو ئەزمونی جیاواز

گوڵاڵە سدیق

28/03/2021

گوڵاڵە سدیق

لە پاش تێكچونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، وە بەدیاریكراوی لە ساڵی ٢٠١٨ وە سەپاندنی چەندین سزای قورس بەسەر ئێراندا، دەرگای بازرگانی ئێران بە رووی دەوڵەتانی جیهاندا داخراو، ئابوری ووڵاتی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ  روو لەكزی و پاشەكشە بوو.
بەڵام، ئەگەر بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لەبازاڕە جیهانییەكان، كارەساتێكی ئابوری و دارایی بۆ هەمو جیهان خوڵقاندبێت، ئەوا كاتێك دیقەت لە ژمارە و داتاكانی ئێران ئەدەیت، دەبینین كە لەماوەی ساڵێكی رێكدا ئابوری ئێران قۆناغی پوكانەوەی تێپەڕاندوە و روو لە گەشەسەندنە.
بەشێوەیەك كە لە ساڵیكی دارایی (فارسیدا) وە بەدیاریكراوی لە ٢٠/مارس/٢٠٢٠ تـــــا ١٤/مارس/ ٢٠٢١، سەرەڕای سەپاندنی سزاكانی ئەمریكا بەسەر كاڵاو شتومەكی ئێرانییدا، داهاتی غەیرە نەوتی ئێران بۆ ٣٣،٤ ملیار دولار بەرزبوەتەوە، لەكاتێكدا وەزارەتی دارایی ئەو ووڵاتە بە ٢٧ ملیار دولار خەمڵاندبوی وەك پێشبینی ئابوری وەزارەتەكەی!
لەكۆی ئەم ٣٣،٤ ملیارە، نزیكەی ١١،٧ ملیار دولار هەناردەی ووڵاتانی رێكخراوی شەنگەهای كراوە كە پێكهاتوە لە ماسی، سەوزەوات، میوەهات، چنین، كەرەستەی كشتوكاڵی، كەرەستەی پیشەسازی، كەرەستەی ناوماڵ لەگەڵ چەرەسات.

وە  بڕی هاوردەی لەهەمان ئەم ووڵاتانە نزیكەی ١١ ملیار دولار بوە، كە زیاتر كەرەستە خاوەكانی پیشەسازی گرتوەتەوە.
سەرەڕای بەرزبونەوەی داهاتی غەیرە نەوتی لەئێران و بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕە جیهانییەكان، دەوڵەت لە هەوڵی ئەوەدایە نەوتەكەشی لەژێر سزاكانی ئەمریكا رزگار بكات.
بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، لە دوای نزیكەی پێنج ساڵ لە تاوتوێكردنی، دەوڵەتی ئێران سەرقاڵی واژۆكردنی گرێبەستێك بوو لەگەڵ ووڵاتی چین.
ئەمڕۆ دواجار ئێران‌ و چین رێكەوتنی 25 ساڵەیان واژۆ كرد، رێكەوتنێك كە ئەگەر بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە نەوتی ئێران لەژێر سزا ئابورییەكانی ئەمریكا رزگار دەكات‌ و ووڵاتی چین بە نرخێكی كەمتر لە بازاڕ بۆ ماوەی 25 ساڵ نەوتی ئێران بۆ خۆی دەبات.
 ئەم رێكەوتنە تەنها رێكەوتنێكی ئابوری نییە، بەڵكو رەهەندی سیاسی‌ و ئەمنیشی ھەیە لەبەرژەوەندی ئێران.
كاتێك مرۆڤ سەیری سیاسەتی ئابوری و گرێبەستەكانی ئەو ووڵاتانە دەكات، كە چۆن لە خەمی بەرزكردنەوەی داهات و تێپەڕاندنی قۆناغی پوكانەوەی ئابوری ووڵاتەكەی خۆیانن، وە كاتێك بەراوردێك لەنێوان سیاسەتی ئابوری ئەو ووڵاتانە بە ئابوری  كوردستان و گرێبەستە نەوتییەكانی كوردستان دەكات، مرۆڤ نازانێت چ ناوێك بدۆزێتەوە بۆ كاربەدەستانی ئەم كوردستانە كە تاكە ئامانجیان پڕكردنی گیرفانی حزب و بەتاڵكردنی قاسەكانی حكومەتە!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group