دیداری نێچیرڤان بارزانی و ئەمانۆئێل ماكرۆن

ئاریان فەرەج

31/03/2021
لەگەڵ نزیكبوونەوەی یادی سی ساڵەی بریاری 688ی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەو بڕیارەی بە هیممەتی فەرەنسە و بە پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە تراژیدیای كۆڕەودا، فریای خەڵكی كوردستان كەوت و نەوای ئارام و پاریزگاریی نێودەوڵەتی و دواتریش بنەماكانی دروستبوونی هەرێمی كوردستانی چەسپاند، ئەمڕۆ لە كۆشكی ئەلیزێ، سەرۆك ئەمانۆئیل ماكرۆن جارێكی دیكە پێشوازی لە سەرۆكی ئەو هەرێمە دەكات كە سی ساڵە پشتیوانی دەكات و لە هەر تەنگانەیەكدا بەهانایەوە دێت. 

سەرۆك ماكرۆن ئەمە چوارەمین جارە نێچیرڤان بارزانی دەبینێ، سێ جار لە پاریس و جارێكیش لە بەغدا. جارێك بە سیفەتی سەرۆكی حكومەت و هاوشانی جێگرەكەی، جارەكانی دیكەش بە سیفەتی سەرۆكی هەرێم.

روانگای فەرنسا بۆ پشتگیریی لە گەلی كوردستان هەڵقوڵاوی فەلسەفەی سیاسیی ئەو ووڵاتەیە كە لەسەر بنەماكانی مافی مرۆڤ و ئازادی و مافی چوونیەكی گەلان دامەزراوە، گرەویشی لەسەر ئەو گریمانەیە كردووە كە كوردستانییان لە خەباتی رەوایان دژی شەڕ و دیكتاتۆری و چەوساندنەوەی نەتەوەیی، هۆگروهەواداری پێكەوەژیانی ئاشتییانە ودیموكراسی ومافی مرۆڤن و دوژمنی تیرۆر و توندڕۆیین، بۆیەش لێیان دەوەشێتەوە و دەتوانن نموونەیەكی سەركەوتووی دیموكراسی سەرپێبخەن، بەڵام سەرپێخستنی ئەزمونێكی دیموكراسییانە لە ناوچەیەكی سیخناخ بە شەڕانگێزی و ئاڵانگاری ونكۆڵیكاری و توندئاژۆییدا، بە میللەتێكی كەم توانای وەك كورد بە بێ پشتگیریی ئەوان و جیهانی دیموكرات، سەخت و دژوارە.

كەواتە دەكرێ بڵێین روانگای فەرەنسە بەرامبەر دۆزی كورد لەسەر دوو بنەمای یەكدی تەواوكار دامەزراوە: یەكەمیان پشتیوانیییە لە ئەزمونی كوردستان كە بە ئەركی خۆیان و دونیای دیموكراتی دەزانن، دووەمیش لەسەر شانی خودی كوردستانییانە كە بیسەلمێنن شایستەی گرەولەسەركردن و ئەهلی سەرخستنی ئەو ئەزمونەن و پاشەكشەی لێناكەن. 
لە خوردكردنەوەی ئەم دوو بنەمایە و ئاوێتەكردنیاندا، پاریس لە دوو هەزاروحەڤدەوە پێیوایە باشترین پشتگیریی بۆكوردستان لەم قۆناغەدا، سەرخستنی دانوستانێكی جددی و راستەقینەیە لە نێوان هەولێروبەغدا. دانوستانێك كوردستان لە قەیران قورتار بكات و زەمینەی درێژەدان بە گەشەكردنی بۆ بڕەخسێتەوە، یارمەتیدەریش بێت بۆ عێراق كە سەقامگیریی سیاسی بەدەستبێنێتەوە و راستەڕێ ببێتەوە و كێشەكانی چارەسەر بن. 

فەرەنسەی دۆست ئەو راستییەشی باش دەسنیشان كردووە كە كوردستان بۆ ئەوەی رۆڵێكی گاریگەرو میحوەری ببینێ لە راستەڕی بوونەوەی بەغدا و بۆ ئەوەی تەواوی مافە دەستورییەكانی خۆیشی بەدەستبێنێتەوە، دەبی هەرێمێكی یەكگرتووی یەكدەنگ و بەهێز بێت.

دوایین بانگەوازی كازمی بۆ دەسپێكردنی دانوستانێكی نیشتمانیی فراوان و پشتگیریی دەمودەستی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە بانگەوازەكە و دەربڕینی ئامادەیی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خودی بەغدا و كێشەكانی نێوان بەغدا وهەرێم، كە رەنگە لە دیداری لەگەل سەرۆك ماكرۆن، بابەتێكی سەرەكی بێت، تاكە دەرەتان و هەنگاوی دروستە لەسەر رێگای راست. 

سەرۆك ماكرۆن پێیوایە پشتبەستن بە روانگای هێورو سیاسەتی نەرم و چارەسەرخوازانەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، پشتگیری لەم روانگایە و لە شەریكە هاوشێوەكانی لەبەغدا، بێ ئاكام نابێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group