یەکێتی بەمن چی، بەڵام

ئاسۆ مەحمود

14/07/2021

 

ڕێکەوتنی گۆڕان‌و یەکێتی
خوێندنەوەیەک بۆ کاریگەریەکانی روداوەکانی ڕۆژی 8ی تەموزی ناوخۆی یەکێتی لەسەر کایەی گشتی لەساڵی 2012 وە هەتا ئێستا گۆڕان و یەکێتی سێ ڕێکەوتنی واژوکراو و یەک ڕێکەوتنی زارەکی (Gentlemen‌s agreement )یان هەیە.

ڕێکەوتنی زارکی یەکە بە ڕێکەوتنی دەباشان ناسراوە لە نێوان هەردو کۆچکردو کاک نەوشیروان و مام جلال کرا،  پاش چەند رۆژێک مام جلال نەخۆشکەوتو ڕێکەوتنەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی یەکێتی یەوە نەک جێبەجێ نەکرا بەڵکو مانگی چواری 2014 گەیشتە ڕادەی دوژمنایەتی.

هەرچی رێکەوتنی حکومەتی خۆجێییە بەئێستاشەوە بەشێكی ماوە جێبەجێ بکرێت.

رێکەوتنی سیاسی کە بەئامادەبونی مام جلال کاک نەوشیروان‌و کاک کۆسرەت واژویانکرد جارێکیتر لەسەردەستی بەشێکی دەسەڵاتدارانی یەکێتی کێشەی بۆ دروستکرا، پاش پەلاماردانی هێزێکی یەکێتی بۆ سەرگردی زەرگەتە ساڵی 2018 بە تەواوەتی هەڵپەسێردرا.

کۆتا رێککەوتن کە ئەم ساڵ بە واژوی رێکخەری گشتی گۆڕان و هەردو هاوسەرۆکانی یەکێتی تایبەت بە لیستی هاوبەش بۆ پارلەمانی عێراق و ڕێکەوتنی سیاسی واژوکرا ، ڕون نییە کە ئاخۆ هەمان چارەنوسی ڕێکەوتنەکانیتری دەبێت یان نا؟
بەڵام دەبێت ئەو ڕاستی یە بڵێن کە هەرکاتێک گۆڕان و یەکێتی ڕێکەوتنیان کردبێت، یەکێتی لە ناوخۆیدا کێشەیان دروستکردوە و ڕێکەوتنەکەیان کردۆتە قوربانی بۆ لاچونی بەڵای سەرشانیان، هەمو جارێکیش دەست بۆ کۆنە مەکتەب سیاسیەکانی یەکێتی ڕاکێشراوە کە پڕۆ پارتین و نایانەوێت ڕێکەوتنەکە سەربگرێت.

بەڵام ئەی ئەم جارە کێ کێشەی دروستکرد ؟ ئەوە دەسەڵاتدارانی ئێستای یەکێتی دەبێت وەڵامیان لابێت.

جگە لە کۆتا رێکەوتن ، بەندە لە ناو هەمو ڕێکەوتنەکاندا ژیاوم تەنانەت لەزۆربەیاندا ئەندامی دانوستانکاربوم و زیاتر لە سێ ساڵ نوێنەری گۆڕان بوم لەگەڵ یەکێتی بۆ ڕێکەوتنی حکومەتی خۆجێی.

ڕێ بەخۆم دەدەم ڕون و ڕاشکاو  بەبونی زانیاری یان بەتێگەشتنی خۆم،کەسی سەرەکی و یەکەم ساتی تێکدانی سەرجەم ڕێکەوتنەکان بەیان بکەم.

ڕێککەوتنی دەباشان کە درێژەی پێنەدرا، نەخۆشکەوتنی مام جلال هۆکاربو، بەڵام دەسەتدارانی ئەوکاتی یەکێتی زۆرینەیان وستیان نەبو بەتایبەت مەلا بەختیار کە ساڵی ۲٠۱۳ بە پارتی وتبو کە گۆڕان پێی وتوین وەرن با پێکەوە فراکسیۆنی زۆرینە تەشکیل بکەین و ئێمە کابینەی حکومەت پێکبهێنین و زۆر قسەی تر.

ڕێکەوتنی حکومەتی خۆجێی کە هەتا ئێستا بەشێکی جێبەجێ نەکراوە هۆکاری سەرەکی قوباد تاڵەبانی یە، کۆبونەوەی بە کۆبونەوە دەسپارد گوایە مەکتەبی سیاسی ینک ئەمری پێناکەن، کە لەگەڵ مەکتەب سیاسی ینک قسەمان دەکرد دەیان وت هەمو دەسەڵاتێکمان پێداوە خۆی نایەوێت کارەکان بکات.

ڕێکەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان و یەکێتی ساڵی 2016 کە گەورەترین و فراوانترین ڕێکەوتنبو ، هۆکاری سەرەکی وسەرەتای جێبەجێنەکردنەکەی کاک مەلا بەختیاربو، هەتا ڕێکەوتنەکە هاتە بەرهەم خۆی سەرۆکی وەفدی یەکێتی بو ، لە هەموان زیاتر پێداگری دەکرد کە هەرچی زوە هەردولا ڕێکبکەوین تەنانەت دەیوت دەبێت یەکبگرینەوە، کۆپی کۆنوسی هەمو کۆبونەوەکان بەردەستە کە چی دەوت.

بەڵام ڕۆژی ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنەکە لەهوتیل شاری جوان نەهات بۆ مەراسیمی ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنەکە و پاشان وتبوی کە ئەو ڕێکەوتنە سەرناگرێت،  دوا بەدوای ئەوە، بەرهەم صالح و کۆسرەت رەسول (ناوەندی بڕیار)یان ڕاگەیاند و جێبەجێکرنی ڕێکەوتنەکەیان کردە قوربانی.

لەدوای ڕوداوەکانی 8ی تەموز و ڕۆژانی دواتر، ئایا ڕێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی بۆ یەک لیستی هەڵبژاردن و ڕێکەوتنی سیاسی دەکرێتە قوربانی ناکۆکی یەکان؟
ئەو هەوڵانەی بۆ سەقامگیری سلێمانی درا بە با دەڕوات؟ 
(دو بەهیچ بۆ پارتی) پێش هەڵبژاردن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group