تەنانەت رۆشنبیرەكانیشمان پێویستیان بەرۆشنبیریە!

محەمەد فاتیح

09/08/2021

ئێمە میللەتێكی زۆر داماوین و ئاستی رۆشنبیریمان جێگای بەزەییە و رۆژ بەرۆژیش ئاستی رۆشنبیریمان لاواز دەبێت.
ئاستی دواكەوتویەتیمان گەیشتوەتە حاڵەتێكی مەترسیدارە و دەبێت لەم كاتەدا ئەركی لەپێشینەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەروشنبیریكردنی هاونیشتیمانیان بێت و شاڵاوێكی گەورە دەستپێبكات بۆ رۆشنبیریكردنی تەنانەت هەندێك لەرۆشنبیرەكانیشمان.
تاكەی ئێمە لەئازادی تاكە كەس تێناگەین و رێزی لێناگرین، كەسەرەكیترین خاڵەكانی رۆشنبیریە و دەبێت هەمومان پەیوەست بین بەم خاڵەوە، ئەگەر نا هەمیشە بە دواكەوتویەتی دەمێنینەوە.
نوسەرێكی كورد كە نیشتەجێی ئەوروپایە، رۆژێكیان نوسیبوی، دراوسێكی تەنیشتم مەسیحیە ئەوەی ئەملامەوە جولەكەیە، ئەوەی برامبەرم هیندۆسیە ئەوی تریان بوزیە و ئەوی تریشیان موسوڵمانە، هیچ كێشەیەكیشمان نیە و هەمومان رێز لەیەكتری دەگرین و سڵاو لەیەكتریش دەكەین و جارجارەش دراوسێ‌ مەسیحیەكەم پوتڵێ‌ شەرابم بەدیاری بۆ دەهێنێت!.
هاوڕێیەكی دیكەم رۆژنامەنوسە و چەپڕەوە، جارێكیان وتارێكی نیمچە ئایینیم هەبو، زۆر بەترسەوە بۆم نارد، وتم رەنگە لەگەڵ بیروباوەڕی تۆدا نەگونجێت، كەچی وتی: من رۆژنامەنوسم و بیروڕاكەتم بەدڵبێت یان نا، پێویستە لەسەرم بڵاوی بكەمەوە و بیخەمە بەردەم خوێنەران!.
لەم دوو نمونە جوانە بكۆڵنەوە كە بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتیان پاراستوە و بەبەرزی رایانگرتوە، بەڵام بەداخەوە هەشمانە مامۆستای زانكۆیە و بڕوانامەی دكتۆرای هەیە و زیاتر لەجارێك پەنجەی هەڕەشەی لێم راوەشاندوە!
كەواتا كۆمەڵگە بەگشتی و رۆشنبیرەكانیشمان بەتایبەتی، پێویستیان بەوەیە رۆشنبیربكرێن و رێز لەئازادی تاكە كەسەكان بگرن و بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەرز رابگرن.
من كەسێكی عیلمانیم من كەسێكی سۆفیم من كەسێكی حزبیم، من ئیش بۆ فڵان ئەكەم تۆ ئیش بۆ فڵان ئەكەیت، ئەگەر هیچ زەرەروزیانێكم بۆ تۆ نیە و مافی تۆم پێشێل نەكردوە، بۆچی تۆ رقم لێهەڵدەگریت و بەرجوێن و تەشەنەی ناشرینم دەدەی!
بەڕاستی ئاستی رۆشنبیری هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان جێگەی بەزەییە و لەجیاتی ئاڵوگۆڕی بیروڕای جوان و رێز لەیەكترگرتن و رەخنەی بەپێز و بنیاتنەرانە ، رۆژ بەڕۆژ جوێن و تانەوتەشەنەی جوانتر دادەهێنین!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group