به‌عس و سه‌رده‌م
ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دژی خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن حزبی كوردیی و بەرپرسەکانیانەوە له‌م به‌شه‌ی كوردستاندا ڕهگوڕیشەیەکی لەمێژینەی هه‌یه، دەتوانم بڵێم ئێستا ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه گهیشتوونەته ترۆپك و نەک هەر خەڵکی ئاسایی بەڵکو وای له بەشێکی قوربانییانی ڕاستەوخۆی ڕژێمی پێشوو كردووه کە سۆز و خۆشەویستیی بۆ جهلادهكهیان دەرببڕن و ده‌سه‌ڵاتێكی وه‌كو به‌عسی سه‌دامیی بە باش وەسف بکەن كه لە ناشیرینیدا هیچی لە ڕژێمە تۆتالیتا‌ر و دیکتاتۆر و شەڕەنگێزەکانی وەکو ڕژێمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور، نازیزمی ئەڵمانی، فاشیزمی ئیتاڵیی و دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکەی پینۆشی لە چیللی نییە.
پێشتر وتم ناڕەزایەتییەکانی کوردستانی باشوور دژی حیزب و دەسەڵاتدارەکانی کۆن و ڕیشەدارە، با زۆر دوور نەڕۆین و بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ڕاپەرین؛ ساڵی ١٩٩٢، چەند ڕۆژێک پێش یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان لە مێژووی کورددا؛ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی کە تێكهڵەیەک بوون له كاسبكار و پیشه‌وه‌ر و مرۆڤی دیکەی ناڕازیی، له به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاری سلێمانییەوە به‌ره‌و شه‌قامی كانی ئاسكان دەچوون و بە نیاز بوون به‌ره‌و شه‌قامی سالم و ڕێک و ڕاست بچنە بەردەم بینای كارگێڕانی به‌ره‌ی كوردستانی، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە بارەگاکە هێزێکی چەکدار له ڕێگا هەموویانی فه‌لاقه كرد و سەرلەبەریان پێچرانه‌وه، هەموو ئەمەش تەنیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی درووشمی خۆپیشاندانه‌كه‌یان بریتیی بوو له "ماست و په‌نیر و كه‌ره به‌عس باشتره له به‌ره".
هەموو گەواهیی و بەڵگەکان پشتڕاستی دەکەنەوە ئەو گرووپه خۆپیشاندهرەی ساڵی ١٩٩٢، زۆرینه‌یان خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت بوون، ئەوانە چەند ساڵێک پێشتر قوربانیی و ئازاردیدەی دەستی به‌عس بوون، کەچی له ڕاگه‌یاندن و ڕێكخستنه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانییدا وا بڵاوكرایه‌وه كه تابووری پێنجن و دژی ئازادیی کوردستانن و ده‌یانه‌وێت به‌عس بگه‌ڕێته‌وه و بە وتەی خۆیان "ئه‌م كه‌شوهه‌وای ئازادییه‌مان لێ تێك بدات".
بۆ ئەوانەی نازانن یان بیریان چۆتەوە، (تابووری پێنج) چه‌مكێكه له سه‌ده‌ی بیست و له گەرمەی جه‌نگی ناوخۆی ئیسپانیا، دواتریش له جه‌نگی ساردی نێوان وڵاتانی خۆرئاوا و یه‌كێتیی سۆڤێتی جاران به‌كار هاتووه، لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئەو وەختەدا، تابووری پێنج به‌و هاونیشتیمانیی و هاوڵاتییانه ده‌وترا كه دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی خۆیان كاری سیخوڕیییان دەکرد.
ڕاستییەکەی نه ئه‌و ناڕازییانه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و نە ئه‌وانه‌ی کە ساڵی ١٩٩٢ درووشمی "ماست و په‌نیره‌كه‌یان" به‌رزكرد بووەوه؛ تابووری پێنج بوون. به‌ڵكو ئەوانە قوربانیی شێوازی خراپی حوكمڕانیی دوای ساڵی ١٩٩١ و پاش ئەویش هی دوای ساڵی ٢٠٠٣ن، كاتێك نه‌وت ده‌بێته شادەماری ئابووریی كوردستان، دوای هاتنی ئەو هەموو داهاتە بۆ هەرێمی کوردستان خراپیی حوكمڕانیی ده‌گاته ترۆپك و لەگەڵیدا ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیش ده‌گەنە لووتکەی بێزاریی، ئێستا هاوڵاتییەک کە هەموو کەسوکاری لە لایەن بەعسەوە زیندەبەچاڵ کراون و خۆشی قوربانییەکی گەورەی دەستی ئەو ڕژێمەیە، کەچی ناڕەزایەتیی و بێزارییەکەی گەیاندوویەتیە ئاستێک سۆزی بۆ جهلاددەکەی هەبێت خۆزگە بەو سه‌رده‌مه بخوازێت كه له‌ژێر چه‌پۆكدا بووه.
ئەو دیاردەیە هەر لەم ئاستەدا نەوەستاوە، واتە سۆز و خۆزگە بۆ سەردەمی بەعس تەنیا دیاردەیەکی تاکەکەسیی نییە، لە هه‌ڵچوونێكی كاتیی كوڕه شه‌هیدێك، ژماره‌یه‌ك قوربانیی ئه‌نفال و كیمیاباران، ژماره‌یه‌ك كاسبكار و فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا ده‌رچووه، ئێستا بۆتە ئاراستەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، بۆتە دونیابینیی و بەناو بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستاندا بڵاو بۆتەوە، هەر بە گەڕانێکی ئاسایی له‌نێو سۆشیال میدیای كوردییدا چەندان پەیج و ئەکاونت بەدیی دەکەیت کە سه‌رده‌می به‌عس به‌رز ڕاده‌گرن و خوازیاری هاتنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ن، بەڵام ئه‌مه‌ی دوایییان په‌یوه‌ندیی به‌و قوربانیانەوە نییە کە هه‌ڵچوون و ناڕەزایی هۆکاری خۆزگەخواستنیانە بە سەردەمی بەعس؛، ئەو پەیج و ئەکاونتانە ئاراستە و ئەجێندای خۆیان هەیە و بۆ مه‌رامی سیاسی وه‌به‌رهێنان به‌و ده‌نگانه‌وه ده‌كه‌ن.
ئەگەر کەمێک بە قووڵیی لەم دیاردەیە بڕوانین، بە جۆرێک شیی بکەینەوە کە هۆکارەکانی پشت دیاردەکە ببینین و بەتەنیا سەیری ئەو لێدوانانە نەکەین کە زۆرینەی میدیای کوردیی لە سیاقی خۆی دەریان دەکات، دەبینین ئەوانەی ستاییشی سەددام دەکەن و ئاوات بە سەردەمەکەی دەخوازن، لە بنەڕەتدا بەشێکیان گەنجن و زۆر بە کەمیی سەردەمی بەعسیان لە یادە، بەشێکیشیان، ئەوانەی مەینەتیی بەعسیان چەشتووە یاخود قوربانیی ئەو ڕژێمە بوون، خودی سەددام و بەعس بە باش ناناسن، بەڵام لە بەراوردکارییدا کاتێک سەددامێکی شۆڤێنی دوژمن و داگیرکەر، بەراورد دەکەن بە دەسەڵاتی هاونەتەوەکانی خۆیان، داخ و کەسەر جەرگیان داخ دەکات و ئەوە دەکەن کە نابێت بیکەن.
سەرەنجام، هەردوو کارەکە هەڵەن، ئەوانەی دەسەڵاتی خۆماڵییان کردە دەستکەلا بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی وبەرتەسک و ناشرینیان کرد تا ئاستی ئەوەی خەڵک بڵێن "سەد ڕەحمەت لە کفندز"، لەگەڵ ئەوانەی لە پەرچەکرداری ئەم خراپبەکارهێنانەی دەسەڵاتدا لەبری ئەوەی قێز و نەفرەت لە هەموو دەسەڵاتێکی خراپ و گەندەڵ بکەن، کەچی لە خەیاڵیاندا ئاوات بە دەسەڵاتێکی دیکەی گەندەڵ و شەڕەنگێز و خوێنڕێژتر دەخوازن، دونیا بریتیی نییە لە سەرپشکیی لەنێوان خراپێک و خراپترێکدا، بەڵکو بژاردەی دیکە هەن و هەمیشەش باش لە خراپ و باشتر لە باش، باشترن.
ئەم گۆشەیە ، لەیەک کاتدا چوارشەممان هەم لەڕۆژنامەی هاوڵاتی و هەم لەسایتی وێستگەنیوز بەناوی گۆشەی وێستگەی هاوڵاتی بڵاودەبێتەوە.
شەپۆلەکانی نەوا