بودجەی فیدراڵی عێراق بەڵگەنامەیەکی داراییە یان گۆڕەپانێکە بۆ ململانێ؟

د.پیرۆت محمد امین

1 رۆژ پێش ئێستا

بودجەی فیدراڵی عێراق یەکێکە لەو پرسە دیارانەی کە ڕادەی ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵات ئاشکرا دەکات. ئیتر تەنیا بەڵگەنامەیەکی دارایی نییە بۆ ڕێکخستنی داهات و خەرجییەکان، بەڵکو گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانێکی کراوە بۆ ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکان. پەرلەمانی عێراق ساڵانە ڕووبەڕووی گرفتی گەورە دەبێتەوە لە دەرکردنی یاسای بودجە بەهۆی ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان لایەنە هاوپەیمانەکان. ئەمەش لاوازی ئەو ڕێککەوتنە سیاسیانەی ئاشکرا کردووە کە حکومەت لەسەریان پێکهێنراوە.
لە دوای خستنەڕووی ڕەشنووسی بودجەوە، وەک تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە دەرکەوتووە کە تا چەند پابەندبوونی هێزە سیاسییەکان بونیان  هەبوە بەو ڕێکەوتنانەی کە بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەنجامدراون. پێش ئەوەی یاساکە پەسەند بکرێت، نیشانەکانی "گرژی سیاسی" لە لێکتێگەیشتنەکانی پێشوودا دەرئەکەوێت، بەو پێیەی ناکۆکی ناوخۆیی نێوان هێزە کوردییەکان، شیعە و سوننەکان بە ڕوونی لە بڕگەکانی بودجەدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. ئەم دابەشکردنانە تەنیا لە وردەکارییە داراییەکان سنووردار نەبوون بەڵكو قووڵی دژایەتیە پێکهاتەکانی ناو هاوپەیمانی دەسەڵاتداریان ئاشکرا کرد و هەروەها  بوەتە هۆی  هەڕەشەی دروستکردنی هاوپەیمانی نوێ بەشێوەیەك  بتوانن دیمەنی سیاسی دووبارە لە قاڵب بدەنەوە.
دیارترین خاڵە مشتومڕەکان لەسەر بڕگەکانی خەرجییە گشتییەکان  دەرئەكەوێت، چونکە هەر بلۆکێکی سیاسی هەوڵدەدات کاریگەری خۆی بچەسپێنێت و گەورەترین بڕی مومکین لە تەرخانکردنی دارایی بۆ پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا مسۆگەر بکات.

پەیوەست بە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی داهاتی نەوتی هەرێم و میکانیزمی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران خاڵێكی دیكەیە لەو بڕگانە. جگە لەوەش زیادکردنی تەرخانکردن بۆ "فراکسیۆنە چەکدارەکان" مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، هەروەها ناکۆکی لەسەر گواستنەوەی دەسەڵات و پارە لە هەندێک وەزارەت بۆ حکومەتە خۆجێییەکان. جگە لەوە سەپاندنی  باجی نوێ، وەک ئەوانەی لەسەر مۆبایل و سووتەمەنی و کرێی گەشتکردن لە فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان، ئەمانە بەگشتی دابەشبوونێ توند لەنێوان بلۆکەکاندا لێدەكەوێتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی فشاری جەماوەری لە دژی هەر بارگرانییەکی زیادە لەسەر هاوڵاتیان.
ناکۆکییەکان لەسەر یاسای بودجە، گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە لایەنەکان هەڕەشەی کشانەوە لە هاوپەیمانی  دەکەن و هەڵوێستی سیاسی دژ بە حکومەت دەگرنەبەر. ئەگەری ئەوە هەیە دەرکردنی یاسای بودجە کاتێکی زیاتری بخایەنێت، بەهۆی ئەم ناکۆکییانە. لایەنی وا هەیە دەیەوێت ئیرادەی خۆیان لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا  مەرجی سزادان بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنن، وەلایەن هەیە كار لەسەر وروژاندنی کێشەی ناوخۆیی دەکەن سەبارەت بە یاسادانانی ئەو بڕگانەی کە پشتیوانە لە دابەشکردنی  پارێزگاکانی هەرێم. 
لەناو ئەم گرژیانەدا، ڕەوتێک لەناو بەغدادا سەرهەڵدەدات کە هەوڵدەدات بەڕێوەبردنی حکومەتی ناوەندی بۆ سەرجەم بابەتە داراییەکان بەهێزبکات، لەکاتێکدا هەرێم داوای دەسەڵاتی زیاتر دەکات. هەرچەندە پەرلەمان سەرکەوتوو بووە لە دەرکردنی هەندێک بڕگەی مشتومڕاوی بە کۆدەنگی، بەڵام بڕگە دواخراوەکان هێشتا دەكەونە ژێر دانوستانێکی قورسەوە، واتە پەسەندکردنی کۆتایی یاساکە ڕەنگە زیاتر لەوەی پلانی بۆ دانراوە بخایەنێت.
ئەگەر یاسای بودجەش دەربچێت، قەیرانی سیاسی کۆتایی نایەت. ئەزمونی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە پەسەندکردنی بودجە زۆرجار دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ناکۆکییەکانە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی متمانە لە نێوان پێکهاتەکاندا. لە ئەنجامی بەرژەوەندیەکانیان و ململانێی سەرکردایەتی و بابەتی دیكە. دوای دەرچوونی یاسای بودجە، قەیرانی سیاسی و ناکۆکی گەورە لە نێوان هێزە هاوپەیمانەکان دروست دەبێت. ئەمەش پێویستی بەوە دەبێت هەموو هێزە سیاسییەکان هاوپەیمانی نوێ پێکبهێنن. 
بودجەی فیدراڵی لە عێراق چیتر بەڵگەنامەیەکی تەکنیکی نییە بۆ ڕێکخستنی کاروباری دارایی. بەڵکو بووەتە ئاوێنەیەک کە ڕەنگدانەوەی سروشتی سیستەمی سیاسی لەسەر بنەمای کۆتا و کۆدەنگی لاواز . لە کاتێکدا ڕای گشتی عێراق چاوەڕێی یاسایەک دەکات کە چارەسەری قەیرانە ئابوورییەکان و دابەشکردنی سامانێکی دادپەروەرانە مسۆگەر بکات، بەڵام ساڵانی ڕابردوو نیشانی دا کە چۆن ئەم بەڵگەنامە داراییە لە ئامرازێکی پلاندانان و پەرەپێدانەوە گۆڕا بۆ گۆڕەپانێک بۆ ململانێی سیاسی نێوان هێزە جۆراوجۆرەکان .
گەیشتن بە بودجەیەکی دادپەروەرانەی فیدراڵی، پێویستی بەوەیە کە هەموو لایەنەكان بەرژەوەندی نیشتمانی لە كاتی ئەنجامدانی دانیشتن و ڕاوێژ لە نێوان شاندەکان و لیژنەی دارایی پەرلەمان و هێزە سیاسییە جیاوازەکان سەبارەت بە یاسای بودجە  لە سەرووی خۆیانەوە دوور لە ناکۆکی ڕەچاوبكەن ،  بە شێوەیەک کە دەرکردنی بە شێوەیەکی “دادپەروەرانە ” بۆ هەموو گەلی عێراق مسۆگەر بکات. بودجە کاریگەری لەسەر بژێوی خەڵک هەیە و دەبێت متمانەپێکراو بێت لە دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی تەرخانکردنی دارایی بۆ سەرجەم شارەکان .وەیاسای بودجە وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام سەیر بکەن نەک گۆڕەپانێک بۆ تۆڵەسەندنەوە.  
د.پیرۆت محمد امین 
 پسپۆڕی : دارایی گشتی

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.



شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group