جەنگە گەورەکه

د.پیرۆت محمد امین

4 کاتژمێر پێش ئێستا

جەنگە گەورەکه، لە لێدانی دەسەڵاتەکانەوە بۆ لێدانی ژیانی هاوڵاتیان
لە کاتێکدا لێدوانە فەرمییەکان و سەرکردە سیاسییەکانی بەرەی ئەمریكا و ئیسرائیل  لە لایەک و ئێران لە لایەکی ترەوە، شەڕی ئێستا وەک پێکدادانێکی سەربازیی پەتی نێوان "دەسەڵاتەکان" و سیستمە سیاسییەکان وێنا دەکەن، واقیعی سەر زەوی چیرۆکێکی تەواو جیاواز و ترسناکتری ململانێکە دەگێڕێتەوە. ستراتیژی جەنگەکە لە چوارچێوەی لێدانی بنکە سەربازییەکانەوە گۆڕاوە بۆ جەنگێکی ئابووری و ژێرخانی کە ڕاستەوخۆ دەست بۆ گەرووی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان دەبات. 
ئەو تێڕوانینە باوەی کە دەڵێت ئەمە تەنها جەنگی سوپا و دەزگا هەواڵگرییەکانە، خەریکە لە ژێر لێکەوتە ڕاستەقینەکاندا دەپووکێتەوە، هاوڵاتیانی وڵاتانی شەڕکەر و، لەوەش کارەساتبارتر، هاوڵاتیانی ئەو دەوڵەتانەی کە هیچ پەیوەندییەکی  راستەوخۆیان بەم جەنگەوە نییە، بوونەتە بارمتەی سەرەکیی ئەم جەنگە.
چەمکی باوی جەنگ لەم ناوچەیەدا هەمیشە وا وێنا کراوە کە گوایە ئێران بە هێزی سەربازی یان لە ڕێگەی بریکارەکانیەوە، تەنها لەو بەرژەوەندییە ستراتیژییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدات کە لە ناوچەکەدا هەن، وەک بنکە سەربازییەکان، فڕۆکەخانە جەنگییەکان و ناوەندە هەواڵگرییە هاوبەشەکان کە لە وڵاتانی ناوچەکەدا جێگیرکراون. 
لە بەرامبەریشدا، وا باس دەکرێت کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنها بۆ سەر بنکە موشەکییەکان و بنكە ئەتۆمیەكان و فڕۆکەخانە سەربازییەکان و ناوەندە ئەمنییەکانی ناو قووڵایی ئێرانە. بەڵام کاتێک سەیری واقیعی ململانێکە و پلانە ئاشکراکراوەکان دەکەین، پێچەوانەیەکی تەواوی ئەم هاوکێشەیە دەبینین.
لەم چوارچێوەیەدا، ئێران چەندین جار بە نافەرمی یان لە ڕێگەی پەیامی ناڕاستەوخۆوە هۆشداری داوە و لیستێکی لەو ئامانجانە خستۆتە ڕوو کە لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگەکەدا دەبنە ئامانج. ئەوەی لەم لیستەدا جێگەی سەرنج و شۆکە ئەوەیە کە هیچ پێگەیەکی سەربازیی تێدا نییە، بەڵکو تەواوی لیستەکە لە کۆمپانیا، کارگە و ژێرخانی گەورە و هەستیاری مەدەنی پێکهاتووە کە ئەرکیان دابینکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییە بۆ هاوڵاتیانی وڵاتانی ناوچەکە. 
ئەم ئامانجانە بریتین لە کارگەکانی پترۆکیمیایی، پاڵاوگەکانی نەوت، کارگەکانی ئاسن و ئەلەمنیۆم، و لەوەش گرنگتر و مەترسیدارتر، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و بەسازگاركرنی ئاو لە وڵاتانی وەک سعودیە، ئیمارات، قەتەر، کووەیت و بەحرەین. ئەم وڵاتانە کە زۆربەیان هەوڵ دەدەن خۆیان لە جەنگەکە بەدوور بگرن، ئێستا ژێرخانە مەدەنییەکانیان لەژێر هەڕەشەی مەکینەی شەڕدان کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان کەمپێکی سەربازی و وێستگەیەکی کارەبادا ناکات.
ئەگەر ئەم ژێرخان و کارگە مەدەنییانە بەبەردەوامی بکەونە بەر هێرش و لە کارکردن بوەستن، کارەساتێکی مرۆیی و ئابووریی گەورە لە ناوچەکەدا روودەدات کە قوربانیی یەکەم و کۆتایی تێیدا تەنها هاوڵاتیی ئاسایی ئەو وڵاتانەیە. بۆ نموونە، وڵاتانی کەنداو بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بە شێوەیەکی نیمچە تەواو پشت بە وێستگە گەورەکانی بە سازگاركرنی ئاوی دەریا دەبەستن، تێكشانی ئەم وێستگانە مانای تینووکردنی ملیۆنان مرۆڤە.
 لە لایەکی تریشەوە، بە ئامانجگرتنی کارگەکانی ئاسن و ئەلەمنیۆم و کەرەستە بنەڕەتییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی تێچووی دروستکردنی بینا، باڵەخانە و خانووبەرە بۆ هاوڵاتیان بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز بێتەوە. هاوکات، کەمبوونەوەی وزە وائەكات نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ چەندین بەرامبەر بەرز بکاتەوە. 
ئەم تێڕوانینە مەترسیدارە تەنها لایەنێکی ململانێکە ناگرێتەوە، بەڵکو بە تەواوی  وەک وێنەیەکی ئاوێنەیی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلیشەوە دووبارە دەبێتەوە. کاتێک سەیری ستراتیژی هێرشە بەرامبەرەکان دەکرێت بۆ سەر قووڵایی ئێران یان ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی هاوپەیمانەکانی، دەبینین چەمکی "ئامانجی شەرعی" تەواو مۆدێلێکی نوێی وەرگرتووە. 
هێرشەکان تەنها بنکە سەربازییەکان ناگرنەوە، بەڵکو لە تێکشکاندنی پردەکان، کارگەکانی دروستکردنی خواردەمەنی، گەنجینەکانی عەمبارکردنی خۆراک، وێستگەکانی پترۆکیمیایی و پاڵاوگە نەوتییەکان دەبیننەوە کە هیچ کامێکیان پێگەی سەربازی نین و خزمەتگوزاریی تەواو شارستانی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکەن. 
کاتێک کارگەیەکی خۆراک یان پاڵاوگەیەکی سووتەمەنی کە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی پێ بەڕێوەدەچێت دەکرێتە ئامانج، ئەوە لێدان نییە لە ڕژێمی سیاسی ئەو وڵاتە، بەڵکو بڕینی نانی  خێزانەکان و پەکخستنی ژیانی ئاسایی شارەکانە.
لە کاتێکدا موشەکێک وێستگەیەکی کارەبا یان کۆگایەکی گەنم دەپێکێت، ئەوە هاوڵاتی  بێتاوانە کە دەبێت باجەکەی بە گرانیی بژێوی و نەبوونی کارەبا و ئاو، و لەدەستدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بدەن. لەم نێوەندەدا، گەورەترین دووڕوویی سیاسی ئەوەیە کە جەنگەکە وەک "ڕزگارکردن" یان "بەرگری لە نیشتمان" ناو دەبرێت، بەڵام لەسەر زەوی واقیع، تاکە زەرەرمەندی ڕاستەقینە و بێدەنگی ئەم جەنگە ، تەنها و تەنها هاوڵاتیانی مەدەنی و بێلایەنن.
ئەمریکا و ئیسرائیل ، پێیان وایە کە ئێران چەمکی "ئامانجی سەربازی" بە تەواوی شێواندووە. کاتێک تاران یان گروپە هاوپەیمانەکانی هێرش دەکەنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی کەنداو، وێستگەکانی غاز یان کەرتی تەکنەلۆجیا و داتاسەنتەرەکان، ئەوە وەک "تیرۆری ئابووری" و هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی وزەی جیهان تەماشا دەکرێت.
 لە دیدگای واشنتۆندا، ئێران کەرتی وزە و ژێرخانی وڵاتانی بێلایەن وەک بارمتە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی جیهان ناچار بکات فشار بخەنە سەر ئەمریکا تاوەکو هێرشەکانی ڕاگرێت.
لەكۆتایدا، سەرەڕای لێدوانە دۆستانەکانی سەرکردایەتی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەکە و نەبوونی جەنگێکی فەرمی لە نێوانیاندا، بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابوری ئەم دەوڵەتانە بەدەر  لە بنكە سەربازەكانی دیكە  ئەبێتە هۆی لێدان لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی ناوچەكە ، ئەمەش ڕاستە بۆ بەئامانجگراتی ژێرخانی ئابوری ئیران لەلایەن ئەمریكاو ئیسرائیلەوە.
ئەمە جەنگێکی گۆڕاوە بۆ هاوکێشەی بارمتەگرتنی ئابووری، کە تێیدا وڵاتانی شەڕكەر  پەیام دەدەن کە ئەگەر ئابوورییان تێکبچێت، تەواوی ژێرخانی ئابوری هاوسێکانیش دەخەنە مەترسییەوە تاوەکو هیچ لایەک لە ئارامیدا نەژیت.
د.پیرۆت محمد امین
پسپۆڕی : دارایی گشتی

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.




شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group