رێنماییەکانی نەخۆشی شەکرەو پاراستنی تەندروستی

1 کاتژمێر پێش ئێستا هەمەڕەنگ

نەخۆشی شەکرە نەخۆشییەکی مەترسیدارە و پێویستی بە پابەندبوونێکی بەردەوام هەیە بە پلانی چارەسەرکردنەوە،و بەڕێوەبردنی وردی ئەم نەخۆشییە مەترسی تووشبوون بە لێکەوتە مەترسیدارەکان کە هەڕەشە لە ژیان دەکەن کەمدەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "مایۆ کلینیک"، ئەمانە چەند ڕێگەیەکی کاریگەرن بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشی شەکرە:
•پشتگوێ نەخستنی ژەمەکان و نان خواردن لە کاتی ڕێکخراودا
•پشتگوێخستنی ژەمی بەیانی یان مانەوە بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێ خواردن دەبێتە هۆی گۆڕانکاری خێرا لە ئاستی شەکرەی خوێندا، ئەمە زۆرجار دەبێتە هۆی زۆرخۆری لە کاتەکانی تری ڕۆژدا، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گلۆکۆز و کەمبوونەوەی وەڵامدانەوەی جەستە بۆ ئەنسۆلین.
تیمی پزیشکی و پسپۆڕانی خۆراک دەتوانن هاوکار بن لە فێرکردنی بنەماکانی بەڕێوەبردنی شەکرە، بەڵام بەرپرسیارێتی سەرەکی لە ئەستۆی خودی کەسەکەیە. پێویستە خواردنی تەندروست و چالاکی جەستەیی بکرێتە بەشێک لە ڕۆتینی ڕۆژانە. هەروەها چاودێریکردنی ئاستی شەکرە و خواردنی دەرمانەکان بەپێی ڕێنمایی پزیشک زۆر گرنگە.
بەرزی پەستانی خوێن و کۆلیستڕۆڵ دەبنە هۆی تێکدانی دەمارەکانی خوێن، ئەمەش لە تووشبووانی شەکرەدا خێراتر ڕوودەدات. پەیڕەوکردنی سستەمێکی خۆراکی کەم چەوری و کەم خوێ، وەرزشکردن و دوورکەوتنەوە لە کحول یارمەتیدەرن لە کۆنترۆڵکردنی ئەم بارودۆخانە.
خواردنەوە گازییەکان و شەربەتی میوە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای شەکرەی خوێن، چونکە ڕیشاڵ و چەورییان تێدا نییە کە مژینی شەکر خاو بکاتەوە، خواردنی میوە بە شێوەی سروشتی باشترە لە شەربەتەکەی.
٤ خووی ڕۆژانە کە دەبێت لێیان دووربکەویتەوە:
١. جگەرەکێشان: مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک و تێکچوونی دەمارەکان زیاد دەکات.
٢. پشتگوێخستنی پێیەکان: پێویستە ڕۆژانە پشکنین بۆ برین یان کێشەی پێیەکان بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە هەوکردنی مەترسیدار.
٣. شەکرە "شاراوەکان": ئاگاداری ئەو خواردنە دەستکردانە بن کە وەک تەندروست دەردەکەون بەڵام شەکری زۆریان تێدایە.
٤. کەمخەوی: نەخەوتنی پێویست دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هۆرمۆنەکانی فشار، ئەمەش ڕاستەوخۆ ئاستی شەکرە بەرز دەکاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group