كۆتاییەكی پڕ ئازار!

زانكۆ سەردار

02/01/2019

رۆژانی كۆتایی ساڵی 2018 سێ روداو كۆمەڵگەی كوردستانیان هەژاند، دایكێك و سێ منداڵ لە چەمچەماڵ بە سوتان گیانیان لەدەستدا (جارێ لێكۆڵینەوەكان لە هۆكارەكەی بەردەوامە)، چەند رۆژێك پاش ئەو روداوە جەرگبڕە و لەشاری هەولێر پیاوێك و هاوسەرەكەی و منداڵێكی لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیدا و لەشەقامێكی سەرەكی لەلایەن باوكی هاوسەرەكەیەوە دەدرێتەبەر دەستڕێژی گوللـە (بەوتەی پۆلیسی هەولێر)، دواتر وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەڕێگەی گرتەیەكی ڤیدیۆییەوە چەند منداڵێكی نیشان داین، كە لەلایەن دایكی خۆیانەوە نامرۆڤانە ئەشكەنجەدرابوون.

سێ‌ نمونەی زۆر نزیك كە لە هەرێمی كوردستاندا روویاندا، هەموو میدیاكان، بەشێكی زۆری هاووڵاتیان، تەواوی سۆشیال میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، چالاكوانان و یاساناسان.. هتد، هاتنەسەر خەت و كەوتنە شیكاركردنی دۆخەكە، بابەتەكان هێندە ووروژێنران دادگای ناچاركرد تاوەكو تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان و بەلاڕێدانەبردنی كەیسەكان، بێدەنگی بكرێت و تەنانەت لێدوان بۆ ڕاگەیاندنەكانیش نەدرێت.

ئەگەرچی كاتێك كۆمەڵگە بەرەو كرانەوە دەچێت تێكەڵبوونی كلتورەكانیش رۆڵێكی سەرەكی دەگێڕن، كاتێك دونیا بەرەو پێشكەوتن دەچێت و بێ‌ باكگراوندێكی رۆشنبیری تاكەكانی كۆمەڵگە بەر ئەو كرانەوەیە دەكەون، كاتێك هەرێمێكی پێنج ملیۆن كەسی بە كۆمەڵێك قەیرانی سەختی سیاسی و ئابوریدا تێپەڕ دەكات، دەبێت روودانی هەر جۆرە تاوانێكی قێزەون توشی شۆكمان نەكات، چونكە دواجار مرۆڤ هەرشتێك بێت مرۆڤە و لە هەر ئانوساتێكدا ئامادەیە بۆ روودانێكی ئەو بابەتانەی كە بیریشی لێناكرێتەوە، مرۆڤ ئەو كائینەیە هەمیشە دیوە جوانەكەی ناتوانێت بەرگەی یەك هەنگاوی دیوە ناشرینەكەی بگرێت، بەتایبەت لەكۆمەڵگەیەكی شێواودا، لە كۆمەڵگەیەكدا تەنانەت یاساناسەكانیش گیرۆدەی دەستی جێبەجێ نەكردنی یاساكانن.

لەبارەی ئەو رووداوانەوە لەگەڵ چەند بەڕێزێكی یاساییدا گفتوگۆم كرد، ئەوان بەروونی پێیان ووتم كە "دەبێت یاساكان وەك خۆیان جێبەجێ‌ بكرێن"، ئیدی لەوێ‌ تێگەیشتم ئەگەر یاساكان بۆ هەمووان و وەك یەك جێبەجێ‌ بكرێت و نەبێتە ئەو تۆڕەی تەنها ماسییە بچوكەكان بگرێت، بێگومان تاوانەكان كەمتر دەبن لەوەی ئێمە دەمانەوێت، راستە هیچ كۆمەڵگەیەك نییە بەدەر بێت لەتاوان، بەدەر بێت لەخەڵكانی شەڕەنگێز، لەخەڵكانێك كە بونەتە بار بەسەر كۆمەڵگەكەیانەوە، بەڵام دواجار جێبەجێكردنی یاساكان بڕیاردەر دەبێت لەسەر ئامارەكان و شێوە جیاوازەكانی ئەو تاوانانەی دەكرێن.

زۆر وتراوە لەسەر رووداوەكان، زۆر شیكاری كراوە و خەڵكانی زۆر شارەزا لەبەرامبەر تاوانەكان هاتونەتە دەنگ و تەنانەت چارەسەریشیان پێبووە، بەڵام ناكرێت هاتنە دەنگی ئەوان ئێمە بێدەنگ بكات، چونكە هەریەك لەئێمە گەر بەتاكیش بێت كاتێك بێدەنگ نابێت بێگومان دەنگەكان كۆدەكرێنەوە و فشارەكان بۆ دەستپێكردنی چارەسەرەكان گرنگی دەبێت، كەواتە (من، تۆ، ئەو، ئەوان، هەموومان) پێكەوە دەبێت دەنگمان بەرزبكەینەوە و بڵێین بەسە مرۆڤكوژی، بەسە سوكایەتی بەكەرامەت و بە ژیانكردنی مرۆڤ، بەسە لەسەر حسابی ئێمەی مرۆڤ خاوەن دەسەڵاتەكان ژیان بكەن، ئێمەش مرۆڤین، ناكرێت بە بچوكی لەخۆمان بڕوانین. 

لەكۆتاییدا كۆی كێشەكان وەك ئەوەی توێژەرانی كۆمەڵایەتی، یاسایی، دەروونی، ئابووری، بۆیان باسكردم، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی مەترسییەكانی سەر هەر كۆمەڵگەیەك قەیرانی سیاسییە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری هەیە و ئەو كاریگەرییەش دەپەڕێتەوە بۆسەر كۆمەڵگە و تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵایەتی وەك ئەوەی بەداخەوە لەئێستای هەرێمی كوردستاندا هەموومان دەیبینین. پاشتر هەبوونی چەك كە هێشتا بەڕێوەبەرانی ئەم هەرێمە نەیانتوانیوە یاخود نەیانویستوە بەربەست لەبەردەم هەژمونی چەكدا دابنێن، دواتر میدیایەكی خراپ كە من خۆم وەك رۆژنامەنوسێك دەزانم چەندە بێ‌ بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ واقیعی كۆمەڵگە دەكەن، میدیایەك سیخناخ لە تێكدان و سیخناخ لە بێ‌ متمانەیی، كاریگەری یەك لەدوای یەك دروست دەكەن.
دواجار پەرلەمان، یاسا، حكومەت، حزبە سیاسییەكان، میدیا، خوێندەوارەكان، مامۆستایانی ئاینی، مامۆستایانی زانكۆ و هونەرمەندان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، پزیشكەكان، هەموو ئەو توێژانەی خۆیان بە نوخبەی كۆمەڵگە دەزانن، پشكی شێریان لەو رووداوانەدا بەردەكەوێت جا كەم بێت یاخود زۆر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group