لە شەڕی ئەمریكا-ئێراندا، كورد چی لێدێ؟

كوردستان ئەحمەد

28/01/2019

زیاتر لە ساڵێكە ئەمریكا بەڕاستی و بەشێوەیەكی فەرمی دەستی كردووە بە ڕوبەڕوبونەوەی ئێران، ئەمەش هاوكێشەیەكی جەنگ ئامێز بوو كە چاوەڕواندەكرا زۆر زوتر رووبدات، بەڵام شەڕی هەشت ساڵەی سوریا كەمێك ئەم یاریەی دواخست.
ئێستا لەشەڕی سێبەر و شەڕی لێدوانە توندەكانی میدیاوە گۆڕدراوە بۆ شەڕی راستەوخۆ و روبەڕوبونەوەی دەستەویەخەی سەربازیانە لەنێوان ئێران-ئەمریكادا، جوگرافیای نێوان هەردوولا لە بەركەوتنی سەربازیدا زۆر بەرتەسكبوەتەوە.
پێشبینیەكان باس لەوەدەكەن ئەمریكا و ئێران ڕوبەڕوی یەكتردەبنەوە تا كۆتایی 2019 خۆ ئەگەر ئەمساڵیش روبەڕوی یەكترنەبنەوە، پێش كۆتاییهاتنی قۆناغی یەكەمی دەسەڵاتی ترامپ واتە ئەم چوار ساڵە ئەم دوو وڵاتە دەكەونە شەڕەوە، ئەمە پێشبینی و بۆچون نییە، زانیاری دزەپێكراوی واڵستریت جۆرناڵ و واشنتن پۆستن.
هەفتەی پێشو بە دوو رۆژ دوای تەواوبونی گەشتەكەی جۆن بۆڵتنی بەڕەچەڵەك جو و دوژمنی سەرسەختی ئێران لە ناوچەكەدا، واڵستریت لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی بەكرێگیراوی ناو پێنتاگۆنەوە بڵاویكردەوە، بۆڵتن داوای لە پێنتاگۆن كردوە پلانی روبەڕوبونەوە و هێرشكردنی سەر ئێران رادەستبكەن و ئامادەكاری بۆ تاووتوێی مەیدانی بكەن. وتوشیەتی بەشێك لە سەردانەكەی بۆڵتن بۆ دڵنیایی لە شوێنی پۆینتە سەربازیەكانی بووە لە ناوچەكەدا.

ئەمریكا چۆن دەڕوانێتە ئێران؟
"ئەو دۆستەی خۆمان گەورەمانكرد ئێستا دوژمنی گەورەیە".
كاتێك ئێرانییەكان بەهاوكاری ئەمریكا و دەزگای هەواڵگریی كنێست، "شا"یان لە تەخت دورخستەوە و خومەینی و رۆڵە پەروەردەكراوەكانی دەستی ئەمریكا چونەسەر حوكم لە ئێران، بە یەك كاتژمێر دوای ئەوە سی ئای ئەی بۆی دەركەوتبو كە ئەمریكا وا خەریكە دوژمنێكی گەورە بۆخۆی بونیاد دەنێت.
سەرەتای ئاڵۆزیەكان بە كوشتنی جەنەراڵە ئەمریكییەكەی سەر فڕۆكەكەی خومەینی دەگەڕێتەوە كاتێك كە خومەینی فڕۆكەكە جێدەهێڵێت، بەفەرمانێكی ناڕاستەوخۆی خودی خۆی، جەنەراڵەكە دەكوژرێت.
ئێستا ئاڵۆزیەكان گەیشتوەتە رادەیەك ئێرانیەكان رۆژ نییە گوێیان لە وتەیەكی ترامپ نەبێت لەبارەی وڵات و دەسەڵاتەكەیانەوەوە. لە هەفتەی پێشوتردا ترامپ 13 جار لە تویت ناوی ئێرانی بردوە. 72 جاریش لە كۆنفرانسەكاندا هەمان ناوی دووپاتكردوەتەوە.
ئەمریكا لەبەرئەوەی نمایندەیەكی راستەوخۆی ئیسرائیلە و بەشێكی گەورەی یەك هاوكێشەی مەزنن لە هەبوونی دوژمنی هاوبەشدا، هەر لەبەرئەوەی ئیسرائیل، ئێران بەدوژمنی راستەقینە دەزانێت، ئەمریكاش بەهەمان شێوە چاوی لێدەكات.
لە روانگەی ئەمریكاوە، ئێران ناوەندی بەرهەمهێنانی تیرۆرە لە جیهاندا ئەمە لەلایەك. لەلایەكی تر پێیوایە مافی مرۆڤ بەتەواوەتی لە ئێران سفرە و پێشیوایە پیتاندنی یۆرانیۆم كە بە وزەی جێگرەوەی هەموو وزەكانی دیكە دادەنرێت، بۆ پرسی ئاشتی نییە و رۆژێك دژی ئیسرائیل و ئەمریكا بەكاریدەهێنێت.
ئەگەر كڵاوە ئەتۆمیەكانی ویلایەتی فەقێ نەگەنە واشنتۆن، بەلایەنی كەمەوە دەگەنە تەلئەڤیڤ و حەیفا، ئەمەش ئەو ترسەیە ئەمریكییەكان لێیان نیشتوە، چونكە هێرش بۆسەر ئیسرائیل واتە هێرش بۆسەر ئەمریكا.

ئێران لە چوار كێشەی گەورەوە تێوەگلاوە

یەكەم: بەرهەمهێنان و پیتاندنی یۆرانیۆم بە نایاسایی و بۆ مەبەستی سەربازی و دروستكردنی كڵاوەی ئەتۆمی.
دووەم: بەرهەمهێنانی بیری توندڕەوی و دروستكردنی میلیشیای توندڕەوی شیعە و ناردنی بۆ وڵاتانی دراوسێ.
سێیەم: مافی مرۆڤ و ئازادی دەربڕین لەو وڵاتە لەژێر سفرەوەیە و ئێران هیچ بیركردنەوەیەك قبوڵناكات، ئەوەی خۆی نەبێت.
چوارەم: پشتیوانی روسیایە، دژی سەربەخۆیی عیراقە، لە سوریا ئاژاوەدەگێڕێ، لە لیبیا منداڵ دەكوژێ، لە مینا موشەك دەنێت بەفەیحاوە، حەماس بەخێودەكات، پارە بۆ كردەوەی تیرۆری سەرفدەكات، دژی بەرژەوەندی و نەخشەكانی ئەمریكا دەجوڵێتەوە.
ئەوە ئێرانە لە دیدی كۆشكی سپی و وەزارەتی بەرگرییەوە ئێستا ئەمریكا نەخشەڕێی روبەڕوبونەوەی ئێرانی داڕشتوە و دەیەوێت سنورێك بۆ دەسەڵاتەكەی دابنێت.

ئەمریكا چۆن و كەی روبەڕوی ئێران دەبێتەوە؟
پلانی روبەڕوبونەوەی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە بە سێ قۆناغ داڕێژراوە و هەرسێ قۆناغەكەش دەبێت وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
قۆناغی یەكەم:
بەرتەسككردنەوەی ئابوری ئێران و سزادانی سەرجەم ئەو كۆمپانیاو لایەنانەی كە ئێران دەبوژێننەوە، بەشێوەیەك ئێستا لیژنەی تایبەتی ئەمریكا چاودێری وردی ئەو بابەتە دەكات، خۆ ئەگەریش پێویست بكات، هێرش دەكاتەسەر هەر وڵاتێك بیەوێت ئەو سزایانە بشكێنێت، ئەوەش بەتەواوەتی ئێرانی سڕكردوە.

قۆناغی دووەم:
لەناوبردن و بچوككردنەوەی هەموو ئەو هێز و میلیشیایانەی بۆ بەرژەوەندی ئێران كاردەكەن و چەكی گڕدار روبەڕوی ئەمریكا دەكەنەوە لە عیراق، سوریا، لیبیا، یەمەن و چەند وڵاتێكی دیكە. ئێران هێزی تەواوی خۆی هەیە بەجۆرێك قاسم سولەیمانی راستەوخۆ سەردانی هەمویان دەكات و سەرپەرشتی چەندین شەڕی گەورەی كردوە.

قۆناغی سێیەم:
روبەڕوبونەوەی راستەوخۆیە لە رێگەی هێزی سەربازییەوە بە جۆرێك كە دەبێت گرمەی موشەكەكانی ئەمریكا، كە دیزاینی ورد و ئامانجداریان لەسەركراوە لە ئاسمانی تاران بەرزببێتەوە و بنكە گەورە و بچوكە سەربازی و ئەتۆمیەكان خاپور بكات بۆئەوەش پێویستی بە چەند بنكەیەكی سەربازیی گەورە و بچوك و دورونزیك هەیە.
ئێستا لە عیراق، لە موسڵ و شنگال لە هەرێمی كوردستان لە هەولێر بنكەی سەربازیی گەورەی شەڕنەكەر  و لە سلێمانی بنكەی سەربازیی شەڕكەری هەیە. لە سوریا لە 14شوێن گەورەترین ناوەندی سەربازیی گەورەی هەیە.
لە سعودیە و قەتەر و ئوردن و چەندین شوێنی گەورەتر هەمان شتی گەورەی هەیە.
لە دەریای سور و دەریای ناوەڕاست هێزێكی مەزنی لەئامادەباشیدایە و لەهەر حاڵەتێكدا روبەڕوی ئێران دەبنەوە و هەركاتێك ئەمریكا هەست بەئارامی تەواوی سوریا بكات، ئەمریكا روبەڕوی راستەوخۆی ئێران دەبێتەوە.
ئەم قۆناغە واتە راگەیاندنی جەنگ بۆیە پێدەچێت چوار ساڵی تریش روونەدات، پێدەچێت لەهەر كاتێكی نزیكدا ترامپ تویت بكات و بڵێت موشەكەكانمان وا دەگەنە ئێران.
بەهەر شێوەیەك و لەهەر حاڵەتێكدا بێت، راگەیاندنی شەڕ لە دژی ئێران، یانی راگەیاندنی شەڕ دژی روسیا و چین، چونكە سێ وڵاتی هاوپەیمانی ئابوری و سەربازین و بەرژەوەندی هەركامیان بكەوێتە مەترسییەوە، گۆشەیەك لەوی تریشیان دەكەوێتە مەترسییەوە و روبەڕوی ترسی گەورە دەبێتەوە.

كورد لە شەڕی ئەمریكا و ئێراندا چی لێدێت؟
لەقۆناغی یەكەمی روبەڕوبونەوەی ئێراندا لەلایەن ئەمریكاوە كورد زیانێكی زۆری  بەركەوت، چونكە كورد لە باشور مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا دەكات و هەموو پێداویستیەكانی ئێران بۆی دابین دەكات.
ئێستا ئابوری سیاسەت دەكات، ئابوریش لە كوردستان واتە نەوت، سیاسەتی نەوتی هەرێمیش زۆر تۆقێنەر و بێسەروبەرە و بێ ستراتیژە و ئێرانیەكان سود لەمە دەبینن، ئەمریكاش بەم مامەڵەیەی زانیوە و هەر ئەمەش پەمپیۆی وەزیری دەرەوەی ناچار كرد بێتە هەرێمی كوردستان.
ئەو هەموانی ئاگاداركردەوە نەوت فرۆشتن بەئێران واتە پێ نان بەكلكی ماری زەنگۆڵەداردا. رۆژێك ئەو مارە دەدات بەپێیەكی ئەو كەسەوە و تا مردن دەیخاتە ناو جێگا، ئەوكاتە نەك نەوت، خاك فرۆشتنیش ناتوانێت هاوكێشەكە زیندوبكاتەوە.
واتە لەقۆناغی یەكەمی روبەڕوبونەوەی ئێراندا، كوردەكان زیانی زۆر دەبینن، ئەگەر مامەڵەیەكی ستاندەر نەكەن لەگەڵ ئێراندا و بەباشی كارنەكەن.
قۆناغی دووەمی روبەڕوبونەوەكان، كە ئێستا ئەمریكا و ئیسرائیل بەتەواوەتی كاری لەسەر دەكەن، كورد زۆر خراپ مامەڵەدەكات و زیانی گەورەی بەردەكەوێت. بۆ وێنە: لە سوریا كوردەكان دژی ئەسەد نین، سوپاكەی ئەسەدیش پڕە لە فەرماندەی باڵای پەروەردەكراوی قوم و سولەیمانی.
لە باشور و لە چەند ناوچەیەكی تریش، كوردەكان نەیانتوانیوە خۆیان لە هەژمونی میلیشیا ئێرانیەكان بپارێزن. حەشدی شەعبی كە دێتە كەركوك، فەیلەقی قودس و سوپای مەهدیش كە بەهێز دەبن، كوردەكان وەك دۆست لێیان دەڕوانن.
ئێستا روبەڕوبونەوەی ئەم میلیشیایانە بۆ ئەمریكا زۆر قورس نییە، بەڵام گەر كورد نەتوانێت لەم روبەڕوبونەوانەدا هاوكاری ئەمریكا بێت، نابێت هاوكاری ئێران بێت تا  بەهێزببن و كلك بخەنە هێڵی فەرمانڕەوای ئەمریكاوە.
قۆناغی سێیەمی روبەڕوبونەوەكانی ئێران بۆ كورد زۆر خراپە، چونكە بەشێكی زۆری روبەڕوبونەوەكەی ئێران دروست لە خاكی هەرێمی كوردستاندا دەبێت، چەك و موشەكەكان لە دەریای ناوەڕاستەوە هاتنە سوریا، لەوێشەوە دێنە هەولێر، لە هەولێرێشەوە بۆ بنكەی سەربازیی راستەوخۆی روبەڕوبونەوەی ئێران، كە ناوەندەكەی لە سنوری پارێزگای سلێمانیدایە.
ئەم روبەڕوبونەوەیە بەهەر شێوەیەك بێت بەشێك لە كوردستان دەكاتە مەیدان بۆ جەنگەكە و خەڵكیش سەرەتا باجەكەی دەدات، هەرچەندە شەڕێكی وەها نابێت، كە سیڤیل ببێتە قوربانی، بەڵام ئاوارەبون و ماڵوێرانی لێدەكەوێتەوە.
لە دوای سەردانەكەی پەمپیۆوە، چەندین هێزی سەربازی لە هەرێمدا سوڕاونەتەوە. شەممەی پێشوتر 7 ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئەمریكی لە لەیلان بون، 2 فڕۆكە و 7 هامەری ئەمریكی لە شنگال بون، هێزێكی سەربازی لە فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی  عەربەت سوڕاونەتەوە. دروست چەند رۆژێك پێشتر 3 ئۆتۆمبێلی ئەمریكا و فڕۆكەیەك لە نەخۆشخانە تەواونەكراوەكەی بیارە بون.
ئێستا وابڕیارە بەشێكی زۆر لە هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بگەنە هەولێر، بە چەك و جبەخانەی گەورەوە و بەشێك لە چەكەكانی ئەمریكاش لە هەولێر جێگیر بكرێن.
هەموو گۆڕانكاری و زانیاریەكان باس لەوەدەكەن هەرێم بۆ روبەڕوبونەوەیەكی نێودەوڵەتی ئامادەدەكرێت، بەڵام دەبێت كوردەكان لەگەڵ ئەم مامەڵەیەدا بتوانێت سیاسەتێكی گونجاوتر بكات و كار بۆ مانەوەی خۆی بەشێوەی مەدەنی و دیموكراسی دور لە جەنگ بكات.
نەهێڵێت خاكەكەی بێ روبەڕوبونەوەی هیچ دۆستێك بەكاربهێنێت، خۆیشی نەچێتە تەرەفی هیچكامەوە، هەرچەندە ئێران لە هەرێم وجودی تەواوی هەیە، ئەمریكاش بەتەواوەتی لە هەرێم هەیە، بەڵام دەبێت سیاسەتێكی مەنتیقی بۆ مانەوەی خۆی پەیڕەو بكات.
هەرچەندە هەبوونی ئەمریكا واتە هەبونی پشتیوانی نێودەوڵەتی ئەوەش لە بیرنەكین هەركاتێك لە هەر شوێنێك ئەمریكا ئەركەكانی تەواو بكات، سەربازەكانی دەگەڕێنێتەوە ماڵەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group