حزبەكەی مام جەلال ‌و حزبەكەی ماندێلا

ژوان ئەحمەد سەعید

12/05/2019
لیژنەی هەڵبژاردنەكانی لە ئەفریقای باشور، ئەنجامی هەڵبژاردنی پارلەمانی وڵاتەكەی راگەیاند، كە تیایدا حزبی كۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی بە بەدەستهێنانی لەسەدا 57.5 ی دەنگەكان سەركەوتنی بەدەست هێنا.
بەم ئەنجامە، سیریل رامافۆزا بۆ پێنج ساڵی تر سەرۆكایەتی وەردەگرێت بە هۆی ئەوەی حزبەكەی نیوە زیاتری كورسیەكانی پارلەمانی بەدەست هێناوە كە 230 كورسی یە لە كۆی 400 كورسی.
حزبی كۆنگرەی نیشتمانی، حزبەكەی نیلسۆن ماندێلا ی ڕابەری جیهانی یە دژی سیاسەتی جیاكاری رەگەزی ئاپارتاید، ئەم ئەنجامەی بەدەستی هێناوە، خراپترین ئەنجامە لە مێژووی ئەو حزبەدا.
هۆكاری پاشەكشەی حزبی كۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی، دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك:
- گەندەڵی
-بێكاری
- جیاوازی كۆمەڵایەتی

هەر ئەمانەش وای كردوە كە رێژەی بەشداری كردن لە هەڵبژاردن زۆر كەم ببێتەوەو لەو بارەیەوە رامافۆزا وتی: گەندەڵی‌ و سیاسەتی چەوتی حزب بۆتە هۆی تۆرانی خەڵك لە هەڵبژاردن.
پێشبینی دەكرێت رامافۆزا نەتوانێت پێنج ساڵی سەرۆكایەتیەكەی تەواو بكات بە هۆی ئەو بەرهەڵستی یە توندەی لەناو حزبەكەی خۆیدا هەیە دژ بە سیاسەتەكانی بۆ چاكسازی‌ و بنبڕكردنی گەندەڵی، بە تایبەت پاش ئەوەی كە رامافۆزا بڕیاری دەركرد بە دروستكردنی دادگایەك بۆ گێڕانەوەی سامانی تاڵانكراوی گشتی، كە سەرانی حزب‌ و حكومەت كردویانە، بە تایبەت لە سەردەمی سەرۆكایەتی جاكوب زوما كە چەندین ئابڕوچونی سیاسی‌ و دارایی روی دا.

پەندێك بۆ هەموان
ئەم پاشەكشەیەی حزبەكەی ماندێلا، كۆپی چارەنوسی گشت حزبە شۆڕشگێڕەكانە
حزبەكەی گاندی لە هیندستان ئێستا لە گیانەڵادایە بەهۆی گەندەڵی‌و پەیڕەوكردنی بنەماڵەیی.
حزبی بەرەی رزگاری جەزائیر دوای بەخشینی ملیۆنێك شەهید ئێستا ناوی سڕدراوەتەوە.
حەماس‌ و فەتحی فەڵەستینی دۆخیان لەوانی تر باشتر نییە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كوردستان، دۆخی هاوشێوەی ئەو حزبانەیە، بۆیە دەبینین:
تۆخبونەوەی هێڵی بنەماڵەیی‌و خێزانی یەكێتی توشی دوالیزمێكی سیاسی خراپ كردوە.
تێوەگلانی زۆرێك لە سەركردایەتی یەكێتی لە گەندەڵی‌و بازرگانی‌و سەودانامە‌و گرێبەستی دارایی ژێربەژێر وێنای حزبەكەی ناشرین كردوە.
قۆرخكردنی بوارەكانی ژیان لەلایەن دەستەیەكی یەكێتی هاوشێوەی پارتی، ئابوری وڵاتەكەشی توشی ئاستەنگ كردوە.
دوركەوتنەوەی یەكێتی لە خەڵك ‌و خواستەكانی، ئەنجامەكانی خراپ كردوە.
بێباكی لە ئاستی ئەنجامەكان‌ و بەدوادانەچون بۆ هۆكار‌ و چارەسەرەكان تادێت یەكێتی دەباتە دۆخێكی نالەبار.
نەبەستنی كۆنگرە بۆ نوێكردنەوەی یەكێتی‌ و رزگاربونی لە چەقبەستنی تەمەن‌ و فكر، تا دێت یەكێتی دەردەداری كۆمەڵێك كێشەی هەڵپەسێردراو دەكات.

ماندێلا گەلەكەی گەیاندە كەناری ئارامی بەڵام دوای خۆی حزبەكەی وای بەسەرهاتوە، مام جەلال-یش گەلەكەی گەیاندە راپەڕین ‌و روخاندنی بەعس‌ و ئێستاش دوای خۆی حزبەكەی لەو دۆخەدایە.
بۆیە چارەنوسی یەكێتی-یش وەك حزبەكەی ماندێلا، تا دێت دەكەوێتە مەترسییەوە، مەگەر كەسێكی وەك رامافۆزا بێت ‌و بتوانێت لەو گۆمە لیخنە رزگاری بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group