ئۆجەلان و دەوڵەتی کوردی

سووره‌ مه‌رگه‌یی

11/08/2019

كورد دەوڵەتی سەربەخۆیی ناوێ، واتا با كورد هەر چەوساوە و خاك داگیركراو بێ، واتا ئەو كارەسات و نەهامەتیانەی تورك و فارس و عەرەب لە رابردوودا بەسەر كوردیان هێناون با هەر بەردەوام بن و درێژەیان هەبێ، واتا بە تێپەڕبوونی كات خواستی داگیركاری تورك و فارس و عەرەب بێنەدی كە لەناوبردنی یەكجارەكی كوردە، پرسیار ئەوەیە دەبێ ئەوە قسەی ئۆجەلانی رێبەری پەكەكە بێ؟
كورد بەدەستی تورك و فارس و عەرەبەوە ئەوەندەی ئازار چەشتووە پێم وانییە جگە لە ئۆجەلان و هاوبیرەكانی هیچ كوردێك خۆزگەی بەردەوامی ئەو ئازارە بخوازێ، بۆیە لەوە دڵنیام ئۆجەلان لە دوو حاڵەتدا خۆزگەی بەردەوامی ئازارەكانی سەر كوردی خواستووە.
یەكەم:ـ ئۆجەلان تا ئەوكاتەی نەگیرابوو موزایەدەی دامەزراندنی دەوڵەتی گەورەی كوردی بە هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەفرۆشتەوە، ئێستا كە بێ راپرسی و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵكی كوردستان دەڵێ: كورد دەوڵەتی سەربەخۆی ناوێ، دیارە بەلای خاڵوانیدا چۆتەوە، چونكە لە كاتی گیرانی وەك حاشاكردن لە كوردبوون گوتی دایكم توركە.
دووەم: ئەگەر ئەو حاڵەتەی سەرەوە نەبێ، دیارە ئەوە قسەی میتی توركە و بە عەبدوڵا ئۆجەلانی دەكات، چونكە میت و دەزگا هەواڵگریەكانی فارس و عەرەب نەك هەر دەوڵەتی كوردی رەتدەكەنەوە، بەڵكو هەر هەنگاوێكی كوردانە رەتدەكەنەوە كە لە دەرەوەی ئیرادەی داگیرخوازی خۆیان بێ، بۆیە هەق نییە هیچ كوردێكی سەربەخۆخواز تانە لەو قسەیەی ئۆجەلان بدات، چونكە ئەگەر بەلای خاڵوانیدا چووبێتەوە ئەوا مافی خۆیەتی وەك خاڵوانی بیربكاتەوە، خۆ ئەگەر ئەوە قسەی میتی تورك بێ و بە ئۆجەلانی بكات، دووبارە مافی خۆیەتی، چونكە مێژوو سەلماندوویەتی تەنها سەربەخۆخوازەكان توانیویانە بەرگەی ئێش و ئازاری ناو زیندانەكانی تورك و فارس و عەرەب بگرن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group