(1) بزوتنه‌وه‌کانی ئیسلامی سیاسی له کوردوستان له‌سه‌ر دابڕانێکی ڕادیکاڵ و به‌رده‌وامیه‌کی ڕادیکاڵ کارده‌که‌ن. دابڕانێکی ڕادیکاڵ له پرۆژه بنه‌ڕه‌تیه‌که‌ی ئیسلامیسم که له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن به‌ننا، سه‌ید قوتب، مه‌ودودی و خومه‌ینیه‌وه تیۆریزهکرابو، پاشان بهردهوامبونێکی ڕادیکاڵ له‌سه‌ر "کۆنسێرڤاتیسم"ی ئه‌خلاقی. هه‌روه‌ها ده‌توانین ئه‌و دو ڕه‌گه‌زه ناوبنێین کرانه‌وه‌ی سیاسیانه‌ی ڕادیکاڵی بزوتنه‌وه‌کانی ئیسلامی سیاسی (یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ، بزوتنه‌وه) له‌لایه‌ك و داخرانی ئه‌خلاقیانه‌ی ڕادیکاڵیان. بێگومان ئه‌م دو چه‌مکه پێویستیان به ڕونکردنه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه. له کۆتایی بیسته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردوه‌وه تا کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، بزوتنه‌وه‌کانی ئیسلامی سیاسی جیهانی، له‌یه‌ککاتدا خاوه‌نی پرۆژه‌یه‌کی سیاسی داخراو و پرۆژه‌یه‌کی ئه‌خلاقی داخراو بون. پرۆژه سیاسیه‌که‌یان بریتیبو له دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی بیناکراو له‌سه‌ر مۆدێلێکی تایبه‌ت له ته‌فسیرکردنی جیهانبینی ئاین بۆ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی دنیا. ئه‌م تهفیسره چه‌ند دابڕانبو له‌گه‌ڵ ته‌فسیری بزوتنه‌وه‌کانی ناسیۆنالیسم و کۆمۆنیسم و لیبرالیسمی دنیادا، هێنده‌ش دابڕانبو له‌و ته‌فسیرانه‌ی که تا زه‌مه‌نی ده‌رکه‌وتنی ئیسلامیسم، خودی ئیسلام پێشکه‌ش به کۆمه‌ڵگه‌کانی کردبو. واته ئیسلامیسم نه‌ك هه‌ر شۆك بو له‌گه‌ڵ کۆی ته‌فسیره ناسیۆنالیستی و کۆمۆنیستی و لیبراله‌کانی دنیادا، به‌ڵکو شۆکێکی گهورهشبو بۆ خودی ئیسلام و موسوڵمانان. بێهوده‌نیه که یه‌کێك له چه‌مکه هه‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی ئیسلامیسم بریتیه له چه‌مکی "سه‌رله‌نێو به ئیسلامیکردنه‌وه‌ی تاك و کۆمه‌ڵگه‌کان". پرۆسێسی به ئیسلامیکردنهوه هه‌ڵگری ماکرۆ گریمانه‌یه‌کی فراوانه که پێیوایه تاك و کۆمه‌ڵگه‌کانی دنیای ئیسلام موسوڵمانی دروستنین، به‌و مانایه‌ی گومان له‌سه‌ر ئینتیمایان بۆ ئیسلام به‌و شێوه‌یه‌ی که ئیسلامیسم چوارچێوه‌کانی بۆ داڕێژاوه‌ته‌وه دروستده‌کات. پاشان بۆ ئه‌وه‌ی ببن به‌و موسوڵمانه‌ی که هه‌ڵگری شوناسی ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلامن، ده‌بێت به پرۆسێسی "سه‌رله‌نوێ به ئیسلامیکردنهوه " دا تێپه‌ڕن و ئه‌و تاکه‌ش که به‌م پرۆسێسه‌دا تێناپه‌ڕێت ناتوانێت ئه‌و موسوڵمانه بێت که خوداوه‌ند ده‌یه‌وێت. لێره‌وه بزوتنه‌وه‌کانی ئیسلامیسم، له‌سه‌ده‌ی ڕابوردودا، ده‌یانوسیت ده‌وڵه‌تێك دروستبکه‌ن که دامه‌زرابێت له‌سه‌ر مۆدێلێکی تایبه‌ت له تاك، له خێزان، له کۆمه‌ڵگه. له په‌نجاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوه‌وه ئه‌م جۆره له جیهانبینی ئیسلامیست ده‌گاته کوردوستان و هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌بێت به سه‌رچاوه‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م ته‌فسیره به هه‌مو لاشه‌ی ڕه‌مزیی کوردوستاندا. سێ چرکه له مێژوی ئیسلامیسی کوردی‌دا زۆر گرنگن. چرکه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی برایانی موسوڵمان له سه‌ره‌تای حه‌فتاکاندا له‌لاین خودی حکومه‌تی سه‌نتراڵی به‌غداده‌وه. له‌م چرکه‌یه‌دا ئیدی پرۆژه سیاسیه‌که‌ی ئیسلامیسمی عه‌ره‌بی و کوردی له عێراقدا توشی قه‌یرانێکی ستراکتۆراڵ ده‌بێت و وه‌ك ڕێکخستنێکی ئۆرگانیك لهبهریهکههڵدهوهشێتتهوه و خۆی وه‌رده‌گێرێته سه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌کی ده‌عوه‌ی. چرکه‌ی دوهه‌م بریتیه له دامه‌زراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران که ته‌نها بیست کیلۆمه‌تر له‌هه‌ڵه‌بجه‌ی ئیسلامیسمی کوردیه‌وه دوره. له‌م چرکه‌یه‌وه ئیسلامیسمی کوردی، دور له به‌غدادی عه‌ره‌به‌کان خۆی ڕێکده‌خاته‌وه و لهژێرکارایی ئیمام خومه‌ینیدا ، ڕاسته‌وخۆ بۆ لایه‌نێك و ناڕاسته‌وخۆ بۆ لایه‌نێکی دیکه، ئیسلامیسمی کوردی هه‌مو تواناکانی ده‌خاته‌کار بۆئه‌وه‌ی ببێت به به‌دیلی بزوتنه‌وه‌کانی ناسیۆنالیسمی کوردی و خۆی وه‌ك تاکه نوێنه‌ری کێشه‌ی به ئیسلامیکراوی کورد بخاته سه‌ر شانۆ. ده ساڵ دواتر ئه‌م پرۆژه‌یه شکست دێنێت و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی چرکه‌ی سێیه‌مدا، که چرکه‌ی ڕاپه‌ڕینی 1991 ی گه‌لانی کوردوستانه، سه‌ره‌تاکانی قۆناغێکی نوێ بۆ بزوتنه‌وه‌کانی ئیسلامیسمی کوردی دروستده‌بێت که من ناویده‌نێم قۆناغی ناسیۆنالیزه‌کردنی کۆی ئه‌و بزوتنه‌وانه، که یه‌کسانه به شکستی پرۆژه سیاسیه‌که‌ی ئیسلامیسم. له‌م قۆناغه‌دا، که له 1991 وه ده‌ستپێده‌کات و تائێستاش به‌رده‌وامه و ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ قوڵتر ده‌بێته‌وه، کۆی ئه‌و بزوتنه‌وانه تێکه‌ڵده‌بن به کێڵگه‌ی سیاسی و له نێو ستراتیژ، گره‌و، نۆرم و سیستمه‌کانیدا ده‌توێنه‌وه. له‌م قۆناغه‌دا باسکردن له ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، که دڵه زیندوه‌که‌ی خودی پرۆژه‌ی ئیسلامیسم بو، جگه له پروپاگه‌نده هیچی دیکه نیه و هیچ گروپێکی ئیسلامی له کوردوستاندا به جددی کار بۆ ئه‌م ئامانجه ناکات. به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌مو ئه‌و گروپانه، وه‌ك پارتی و یه‌کێتی و شیوعی و سۆسیالیست، بون به به‌شێکی زیندو له‌و سیسته‌مه‌ی که بیست ساله کوردوستان ده‌بات به‌ڕێوه. لێره‌وه، گه‌ر سبه‌ینێ ئه‌ندامێکی یه‌کگرتو یان کۆمه‌ڵ ببێت به سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم، نه سیسته‌مه‌که کۆتاییپێدهێت و نه ده‌وله‌تی ئیسلامیش دروستده‌بێت و نه قیامه‌تیش هه‌ڵده‌ستێت. به‌پێچه‌وانه‌وه، من پێموایه گه‌ر حیزبه کوردیه‌کانی ده‌سه‌ڵات له سه‌ر ئاستی سیاسی ته‌واو وشیاربونایه به‌و گۆڕانه ستراکتۆراله سیاسیه‌ی که به‌سه‌ر ئه‌م بزوتنه‌وانه‌دا هاتوه، ته‌واو لهبهرژهوهندیاندابو که له ئێستا و ئێره‌دا پۆستی سه‌رۆکی حکومه‌ت به ئیسلامیستێك بسپێرن. له هه‌لومه‌رجێکی ئاودا پرۆسێسی ڕوتکردنه‌وه‌ی ئه‌کته‌ره ئیسلامیسته‌کان له پیرۆزیی ئاینیی ده‌گه‌شته لوتکه و تێکه‌ڵکردنیان به کێشه و قه‌یرانه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسیه‌کان به هه‌مولایه‌کی ده‌سه‌لماند که ئه‌وانیش، وه‌ك هه‌ر ئه‌ندامێکی پارتی و یهکێتیو گۆڕان مرۆڤی ئاسایین و هیچ موعجیزه‌یه‌کیان بۆ کۆتاییهێنان به‌و قه‌یرانانه‌ی که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیان کردوه به کۆمه‌ڵگه‌ی ڕه‌ش پێنیه. (2) له کۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌سه‌ر ئاستی عێراق و پارێزگاکان، هیچ جۆره گۆڕانکاریه‌کی ڕیشه‌یی به‌سه‌ر ئه‌و بنکه جه‌ماوه‌ریه‌دا نایه‌ت که ده‌نگ به بزوتنه‌وه‌کانی ئیسلامی سیاسی کوردی ده‌ده‌ن. ئه‌و ڕوبه‌ره‌ی که ئه‌م بزوتنه‌وانه له خۆده‌گرێت و تیایدا ده‌جوڵێنه‌وه ته‌نها 17% ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانیه. واته ئه‌و که‌سانه‌ن، که ئێمه له‌ڕوانگه‌ی سۆسیۆلۆژیای ئاینه‌کانه‌وه، وه‌ك ئیمانداری موسوڵمانی پابه‌ند پێناسهیاندهکهین. به‌دیوێکی دیکه‌دا، دیسانه‌وه ئه‌و گریمانه‌یه دێته‌وه سه‌ر ڕێگامان که بزوتنه‌وه‌کانی ئیسلامی سیاسی کوردستانی ( یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ، بزوتنه‌وه) توانایی ئه‌وه‌یان تیادا نیه که ده‌ستبه‌رن بۆ ئه‌و ڕوبه‌ره‌ی که له 83% ی موسوڵمانی کولتوری له کوردستاندا پێکهاتوه. ئاماده‌نه‌بونی ئه‌م تواناییه، ده‌یانخاته « دۆخی » که‌مینه‌ی جوڵاو له‌نێو په‌راوێزه‌کانی کێڵگه‌ی سیاسی‌دا. دروست وه‌ك گروپه‌کانی چه‌پی چه‌پ یان ڕاستی ڕاست له دیمۆکراسیه ئه‌وروپیه‌کاندا. جوڵانه‌وه له نێو په‌راوێزه‌کاندا وا له گروپێکی سیاسی ده‌کات که هه‌میشه له شانۆگه‌ریه گه‌وره‌کاندا ڕۆڵی لاوه‌کی پێ بسپێردرێت، هه‌میشه دیکۆره‌کانی پێ جوانبکرێت، هه‌رگیز پارتی ده‌سه‌ڵات نه‌بێت، به‌ڵام ته‌واوکه‌ری پارتی ده‌سه‌ڵات بێت ! ئه‌وه‌ی جێگای ڕامان و وردبونه‌وه‌یه، کاردانه‌وه‌ی ئه‌کته‌ره‌کانی ئیسلامی سیاسی کوردستانیه له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه یه‌ك له‌دوای یه‌که‌کان. کاردانه‌وه‌یه‌کی سارد، بێده‌نگ، شه‌رمن وه‌ك ئه‌وه‌ی که چیتر له‌وه زیاتر چاوه‌ڕوانی هیچ شتێکی دیکه نه‌بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی که سنوری ئه‌وان ته‌نها تا 17% بڕبکات، وه‌ك ئه‌وه‌ی که ڕاهاتبن له‌سه‌ر مانه‌وه له په‌راوێزه‌کاندا ! دۆخێکی له‌م شێوه‌یه دیسانه‌وه ده‌مانباته‌وه سه‌ر چه‌مکی «زه‌بروزه‌نگی ڕه‌مزی» که له سۆسیۆلۆژیای پیه‌ر بۆردیۆدا کاری له‌سه‌ر کراوه. ئه‌م تایپه له زه‌بروزه‌نگ ته‌نها له ساته‌وه‌ختێکدا دروستده‌بێت که تاك یان گروپی ههژمونلهسهرکراو، ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تیادابێت که هه‌ژمونی که‌س یان گروپی هه‌ژموندار قبوڵبکات و له‌گه‌ڵیدا بژی و تێکه‌ڵ به که‌ره‌سه‌کانی ببێت. به‌بێ ئه‌م «ئاماده‌یی قبوڵکردن و ڕازیبونه»، زه‌بروزه‌نگی ڕه‌مزی دروستنابێت. کاردانه‌وه‌ی هه‌ر سێ گروپه‌که‌ی ئیسلامی سیاسی کوردستانی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه یه‌ك له‌دوای یه‌که‌کاندا، ده‌مانباته‌وه سه‌ر ئاماده‌یی هه‌رسکردنی «هه‌ژمونی» گروپه ههژموندارهکانی نێو کێڵگه‌ی سیاسی کوردستانی (پارتی، یه‌کێتی، گۆڕان) له‌لایه‌ن گروپه ئیسلامیه‌کانه‌وه. هه‌ژمون (هه‌یمه‌نه) بریتیه له زه‌بروزه‌نگێکی نه‌رم، بێده‌نگ، شاراوه که به‌ته‌واوی جه‌سته‌یه‌کدا ده‌کشێت و تا ڕاده‌یه‌کی دراماتیکی دهستهمۆیدهکات، به‌ڕاده‌یه‌ك که دواتر ته‌نها به ئاماژه‌ی ده‌ست یان چاو ده‌توانێت بیجوڵێنێت. ئه‌مه دروست ئه‌و زه‌بروزه‌نگه ڕهمزیهیه که چه‌ندین ساڵه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی سیاسی بزوتنه‌وه ئیسلامیسته کوردستانیه‌کان "موماره‌سه" ده‌کرێت و له ڕێگای سیستمی ئامادهباشیانهوه هه‌رسده‌کرێت و خۆیانی له‌گه‌ڵدا ڕاده‌هێنن. پێش پێکهێنانی کابینه‌ی پێشووی حکومه‌تی هه‌رێم، یه‌کێك له ئه‌کته‌ره ئیسلامیسته‌کان، له‌سه‌ر به‌شداریان له حکومه‌تدا ڕسته‌یه‌کی دروستی درکاند، که گوزارشتێکی ڕونه له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه تراژیدیه : «کورسیه‌کانی ئێمه له په‌رله‌مان ڕێگامانپێنادات داوای وه‌زاره‌تێکی سیادی بکه‌ین» ! ئه‌م ئه‌کته‌ره ته‌واو وشیاره به‌و ڕوبه‌ره ته‌سکه‌ی که سه‌رزه‌مینی جوڵانهوهکانیهتی، وشیاره به‌وه‌ی که وه‌زاره‌تی سیادی پشکی گروپی هه‌ژمونداره نه‌ك ههژمونلهسهرکراو، وشیاره به جیاکاری له‌نێوان جیهانی ئه‌و سیاسیانه‌ی که له پهراوێزهکاندان و جیهانی ئه‌و سیاسیانه‌ی که له سهنتهرهکاندان ! ئه‌م وشیاریه وایلێده‌کات که ته‌نها چاوه‌ڕوانی وه‌زاره‌تی پله دوو بکات ! به‌ڵام ئایا بزوتنه‌وه‌کانی ئیسلامی سیاسی، شانسی ئه‌وه‌یان هه‌یه که له داهاتودا په‌راوێزه‌کان به‌جێبێڵن و پێبنێنه نێو سه‌نته‌ره‌کانه‌وه ؟ ئایا ده‌توانن جوگرافیای ههژمونلهسهرکراوهکان به‌جێبێڵن و پێبنێنه نێو جوگرافیای ههژموندارهکانهوه ؟ بێگومان به‌ڵێ. ئهلف و بای سۆسیۆلۆژیای سیاسی بریتیه له‌وه‌ی که دیارده کۆمه‌ڵگه‌ییه‌کان له‌نێو مێژوه به‌شه‌ریه‌کاندا بیناده‌کرێن و هیچ په‌یوه‌ندیه‌کانیان به دیارده سروشتیه‌کانه‌وه نیه. هه‌ژمونی پارتی و یه‌کێتی و گۆڕان له‌نێو کۆنتێکسته (سیاقه) مێژوییه‌کاندا دروستبون نه‌ك کۆنتێکسته سروشتیه‌کان. به‌ڵام ئه‌م "بێگومان به‌ڵێیه" به مه‌رجێکی سه‌ره‌تایی ده‌ستپێده‌کات که بریتیه له : په‌ڕینه‌وه له ڕوبه‌ری ئیمانداره موسوڵمانه پابه‌نده‌کانه‌وه، که له باشترین دۆخدا 17% ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی پێکده‌هێنن، بۆ ڕوبه‌ری موسوڵمانه کولتوریه‌کان که نزیکه‌ی 83% ی هه‌مان کۆمه‌ڵگه پێکده‌هێنن. ئایا بزوتنه‌وه‌کانی ئیسلامی سیاسی ئه‌م ئاماده‌باشیه‌یان تیادایه ؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ته‌نها داهاتو ده‌یداته‌وه. تێبینی: ئەم بابەتە بۆ ژورناڵی زانکۆی سۆران ئامادەکراوە.