نزیکبوونەوەی تاران لە تاڵیبان و ئەگەرەکانی داهاتوو

محەمەد حسێن زادە

11/09/2021

 

ئەفغانستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا بە تایبەت بە هۆی دەستوەردانە دەرکەییەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا، شانۆی ڕووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکان بووە، هەر وەها ئەو وڵاتە ئاخێزگەی چەندین گرووپ و ڕێکخراوی سیاسی توندڕۆ بووە کە چالاکییەکی و کاریگەرییەکانیان سنوورەکانی ئەو وڵاتەی تێپەڕاندووە، بۆیە زۆرێک لە ئەکتەرە دەرەکییەکانیشی سەرقاڵی خۆی کردووە. ئێران وەکو یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ناوچە و هەروەها دراوسێیەکی گەورەی ئەفغانستان، بەردەوام چاودێریی ڕووداوەکانی ئەفغانستانی کردووە و چەندین جاریش بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و یەکپارچەیی وڵات، دەستوەردانی کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتەی کردووە و هەوڵی داوە بە مەبەستی ئاراستەپێدان بە ڕووداوەکان و دابینکردنی بەرژوەندییەکانی خۆی، ڕۆڵێکی چالاکانە بگڕێت. هەڵبەت ئەو هەوڵە تا ڕادەیەکیش ئاساییە، چونکە ئەو دوو وڵاتە ٩٥٤ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە، هەروەها زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئەفغانستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا، لە کاتی قەیران و پێکدادانە ناوخۆییەکاندا، پانایان بۆ ئێران بردووە، گەرچی بەردەوام گلەیی ئەوەیان بوە کە دەسەڵاتدارانی تاران هیچ جۆرە مافێکی پەنابەرییان پێ ڕەوا نەبینیون. بە هەر حاڵ، ئەو جۆرە بابەتانە ئەو دوو وڵاتەیان پێکەوە گرێ داوە.
پەیوەندییەکانی ئێران و لایەنە جیاوازەکانی ئەفغانستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا، هەوراز و نشێوی زۆریان بە خۆیانەوە بینیوە، بەڵام ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانی تاران و تاڵیبان، کە من لەم نووسراوەدا فوکۆس دەخەمە سەری، تا ئەم دواییانە کە وەرچەرخانێکی گەورەیان بە خۆوە بینی، دوژمنکارانە بووە.
ئێرانییەکان دوای داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن سۆڤیەتەوە لە کانوونی یەکەمی ١٩٧٩، پشتیوانییان لە بزوتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی لە دژی ڕووسەکان کرد. لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، ئەندامانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی سنوورەکان ڕاهێنانیان بە میلیشیاکانی ئەفغانستان کرد. قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران و قائانی فەرماندەی ئێستای ئەو هێزە، ئەزموونی کارکردنیان لەگەڵ چەکدارانی ئەفغانی هەبووە. ئێران لە نەوەدەکاندا، پشتیوانی لە ئەحمەد شا مەسعوود لە پەنجشیر و چەندین فەرماندەی تر، لەوانە ئیسماعیل خان لە هەرات دەکرد. ئەو دوو سەرکردە لەژێر چەتری هاوپەیمانێتی باکوور، لە دژی تاڵیبان شەڕیان دەکرد.
لە ئابی ١٩٩٨دا چەکدارانی سەر بە هاوپەیمانێتی باکوور، هەزاران چەکداری تاڵیبانیان کوشت. تالیبان دەستی بەسەر شاری مەزارشەریفدا گرت و بە پشتیوانی هەمەلایەنەی پاکستان کۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەکانی باکووری ئەفغانستانی بە دەستەوە گرت. لە ئابی ١٩٩٨دا، تاڵیبان هێرشی کردە سەر کۆنسولخانەی ئێران لەو شارە و ١٠ دیپلۆمات و ڕۆژنامەوانێکی ئێرانی کوشت. گەرچی تاڵیبان ڕایگەیاند ئەوان ئەو هێرشەیان ئەنجام نەداوە، بەڵام دوژمنایەتی ئێران و تاڵیبان گەیشتە لووتکە، هەم بە هۆی ئەو تاوانەی تاڵیبان و هەم لەبەر ئەوەی کە هێزگرتنی تاڵیبان لە زۆربەی ناوچەکان، ڕێگری دەکرد لە پەیوەندیگرتنی ئێران بە چەکدارانی تاجیکستان. ئێران تا ساڵی ١٩٩٦ لە باکووری ئەفغانستان وەکو شوێنک بۆ یارمەتیدان بە بزووتنەوەی ئیسلامی لە تاجیکستان کەڵکی وەردەگرت. بۆیە، ئێران ژمارەیەکی زۆر لە هێزە چەکدارەکانی لەسەر سنوورەکان بە مەبەستی هێرشێکی هەمەلایەنە بۆ سەر تاڵیبان جێگیر کرد، بەڵام عەلی خامنەیی، ڕابەری ئێران هەرگیز فەرمانی دەستپێکردنی ئەو شەڕەی دەرنەکرد. بەو عاڵەش، تاڵیبان ئاوی ڕووباری هیرمەندی بەسەر ئێراندا گرتەوە، ئەویش لە کاتێکدا کە ئەو وڵاتە تووشی وشکەساڵی ببوو. ئەوەش خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئێران و دەریاچەی هامون گەیاند.
دوای ڕووداوەکانی ١١ی سیپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١، تاڵیبان داواکاری ئەمریکای سەبارەت بە دەرکردنی ئەلقائیدە و ڕادەستکردنی بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە بە ئەمریکا ڕەت کردەوە، ئەمریکا بڕیاری هێرش بۆ سەر تاڵیبانی دەرکرد و جێبەجێی کرد. ئێران لەو کاتەدا هەم لە بواری گواستنەوەی چەک و کەلوپەلی سەربازی ناتۆ و هەم لە بواری هەواڵگرییەوە بە شیوەی نهێنی یارمەتی ئەمریکای کرد بۆ لیدانی ئەلقائیدە و ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاڵیبان. ساڵێک دوای داڕمانی دەسەڵاتی تاڵیبان، واتە لە ساڵی ٢٠٠٢، ئاوی هیرمەند هەمدیسان بە ڕووی ئێراندا کرایەوە. بەڵام ئەوە کۆتایی چیرۆکەکە نەبوو.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆرج دەبلیۆ بۆش، لە ساڵی ٢٠٠٢، ئێرانی لە پاڵ عێراق و کۆریای باکوور و چەند وڵاتێکی تر خستە ناو لیستی وڵاتانی یاخی و شەرئەنگێز. کۆماری ئیسلامی ئەوەی بە خیانەت و هەروەها بێ ڕێزی بە خۆی دەزانی. بۆیە لەوە بەدوا بە ڕەشبینییەوە سەیری سیاسەتەکانی ئەمریکای دەکرد. بە تایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی نوێی ئەفغانستان سەبارەت بە دامەزراندنی چەندین بنکەی سەربازی لە خاکی ئەفغانستان واژۆ کرد، نیگەرانییەکانی ئێران پەرەیان سەند. بە تایبەت عێراقیش کەوتبووە بەر هێرشی ئەمریکا. لێکدانەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو کە تاران ئامانجی دواتری ئەمریکایە و واشنتۆن سەرقاڵی گەمارۆدانی ئێرانە. دوای شکستی ڕیفۆرمخوازان و دەسەڵاتگرتنی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، ناکۆکییەکانی ئێران و ئەمریکا زیاتر پەرەیان سەند.
ساڵی ٢٠١٣، دوو نوێنەری تاڵیبان سەردانی ئێرانیان کرد و گفتوگۆ سیاسییەکانیان دەسپێکرد. لە ساڵی ٢٠١٥، دوای سەرهەڵدانی داعشی خۆراسان لە ئەفغانستان، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە تاڵیبان نزیک بووەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، هەر ئەو کات شاندێک لە ڕابەرانی تاڵیبان سەردانی تارانیان کرد. "تەیب ئاغا" سەرۆکی مەکتبی سیاسی تاڵیبان، سەرۆکایەتی ئەو شاندەی لە ئەستۆ بوو. دواتر، چەندین ڕاپۆرت بڵاو کرانەوە سەبارەت بەوەی کە ڕێبەرانی باڵای تاڵیبان چەندین ساڵە لە ئێران و بە تایبەت لە شارەکانی کەرەج و مەشهەد دەژین. کوژرانی ئەختەر محەمەد مەنسوور ڕابەری پێشووی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠١٦دا، دوای پەڕینەوە لە سنووری ئێران و چوونە ناو خاکی پاکستان، بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی، دەری خست کە ئەو ڕاپۆتانە بێ بنەما نین و ئێران بووەتە حەشارگەی ڕابەرانی گرووپە توندڕۆکان.
لە لایەکی ترەوە، چوونەدەرەوەی ترەمپ لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لە ٨ی ئایاری ٢٠١٨دا، بەرپرسانی تارانی زیاتر تووڕە کرد، بۆیە کۆماری ئیسلامی هاودەنگ لەگەڵ تاڵیبان داوای چوونەدەرەوەی ئەمریکای لە ئەفغانستان کرد. ئەوە تەنیا بە لێدوان نەبوو، بەڵکو کۆماری ئیسلامی تاڵیبانی پڕچەک دەکرد. هەڵبەت کێشە ناوخۆییەکانی تاڵیبان و بە تایبەت ناکۆکییەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنی ڕابەر و گوشارەکانی پاکستانیش لە نزیکبوونەوەی تاڵیبان لە ئێران ڕۆڵیان هەبوو.
ساڵی ٢٠١٨ بەرپرسانی ئێران بە ئاشکرا رایانگەیاند، میواندارییان لە نوێنەرانی تاڵیبان کردووە، بەڵام گوتیشیان حکومەتی ئەفغانستان ئاگاداری ئەو سەردانە بووە و سەردانی شاندی تاڵیبان بە مەبەستی گفتوگۆ سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان بووە. کوژرانی ئەبو محەمەد مسری، یەکێک لە دامەزرێنەران و کەسایەتی دووەمی ئەلقاعیدە لە تاران لە لایەن موسادی ئیسرائیلەوە، لە مانگی تەشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠دا، هیچ گومانێکی نەهێشتەوە کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گرووپە توندڕۆ سونەکاندا پەیوەندی نزیک و چڕی دارشتووەتەوە. بەرپرسانی ئەفغانستانیش دەرکیان بەوە کردبوو، بۆیە بەردەوام بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کۆماری ئیسلامی چەک و کەلوپەلی جۆراوجۆری سەربازی ڕادەستی تاڵیبان دەکات و یارمەتی داراییان پێ دەدات و لە ناو خاکی ئێراندا بنکەی ڕاهێنانیان بۆ چەکدارانی تاڵیبان کردووەتەوە.
مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بەرپرسانی باڵای ئێران شاندێکی نوێنەرانی تاڵیبانیان بە بێ نوێنەرانی حکومەتی ئەشەرف غەنی کە ئەو کات دەسەڵاتی کابوڵی بە دەستەوە بوو بانگهێشتی تاران کرد و دەربارەی پەیوەندییە دوولایەنەکان، پەنابەرە ئەفغانییەکان لە ئێران و دۆخی سیاسی و ئەمنی ئەفغانستان و ناوچە گفتوگۆیان کرد. ئەوە سیاسەتێکی واتادار بوو، بەو مانایە کە ئێران هەر لەو کاتەوە تاڵیبانی وەکو بەشیک لە دەسەڵات سەیر دەکرد.
هاوکات لەگەڵ پەرەپیدان بەو جۆرە پەیوەندیانە، هەوڵدان بۆ پاکانەکردن بۆ تاڵیبان لە میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران و لە لیدوانەکانی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پەرەیان سەند. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوەیان کرد کە تاڵیبەکان گۆڕدراون و ئیتر وەکو تاڵیبانی ڕابردوو هەڵسوکەوتی توندوتیژانە ناکەن. تەنانەت ڕایانگەیاند، تاڵیبان نایەوێت شیعەکانی ئەفغانستان سەرکوت بکات. ئەو هەوڵە ئێستاش کە تاڵیبان دەسەڵاتی کابوڵی بە دەستەوە گرتووە بەردەوامە و ئەو وێنەیە کە میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران لە تاڵیبانی نیشان دەدەن، زۆر جیاوازە لەو تاڵیبانەی کە دیپلۆماتکارەکانی ئێرانی کوشت. هەڵبەت هەموو ئەوانەش لە کاتێکدایە کە ئێران هێشتا بە فەرمی راینەگەیاندووە کە تاڵیبان بە گرووپێکی تیرۆریستی دانانەن. ئەمە بەو واتایە دێت، کە ئێران لە پاڵ ئەوەدا کە لە چوونەدەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵە، بەڵام لە هەڵسوکەوتی داهاتووی تاڵیبان هێشتا بە تەواوەتی دڵنیا نییە، بە تایبەت کە لەم ڕۆژانەی دواییدا، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە چەکدارەکان و قەبارەیەکی بەرفراوانی کەلوپەلی سەربازی لە نزیک سنوورەکانی ئەفغانستان جێگیر کردووە. بەڵام هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو نزیکبوونەوەی ئێران لە تاڵیبان و ئەم نیگەرانیانە چین؟ ئەمە پرسیارێکە کە هەوڵ دەدەم لە درێژەدا وڵامی بدەمەوە، بۆ ئەو مەبەستە، سەرەتا باس لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی تاران لە تاڵیبان دەکەم.

هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی تاران لە تاڵیبان
یەکەم، چوونەدەرەوەی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان: لە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و دەرپراندنی چەکدارانی تاڵیبان لە کابوڵ و زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە، تاڵیبان بەردەوام دژایەتی ئەمریکا و هێزەکانی ناتۆیان کردووە. کۆماری ئیسلامیش وەکو نەیارێکی سەرەکی سەیری ئەمریکا و ناتۆی کردووە و هەر جۆرە پەلهاوێشتنێکی ئەمریکا و ناتۆ لە ناوچەکە بە ناڕەوا و بە مەبەستی داگیرکردنی وڵاتان و هەروەها بە مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەزانێت. تەنانەت بەردەوام بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئامادەبوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە بنەڕەتدا بۆ دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی بووە. پێشتر ئاماژەم کرد، ئێران لەو گرێبەستەی نێوان ئەمریکا و حکومەتی ئەفغانستان زۆر نیگەران بوو کە کابوڵ ڕیگای بە ئەمریکا دەدا چەندین بنکەی سەربازی لەو وڵاتە دامەزرێنێت. گوتم ئەوە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی تاران و تاڵیبان بۆ گوشار خستنە سەر هێزەکانی ئەمریکا. هەر بەو جۆرەی کە لە عێراق پاڵپشتی میلیشیاکان دەکات لە دژی بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا. بە کردەییش، سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی ڕابردوودا، کردنەدەرەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو و بە تایبەت لە عێراق و هەروەها لە ئەفغانستان بووە. ئەو ڕوانگە هاوبەشەی کۆماری ئیسلامی و تاڵیبان، سەرەڕای هەموو جیاوازییەکان، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە پێکەوەبەستنی تاران و تاڵیبان. ئێستا، بە چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان، ئاستی نیگەرانییەکانی کۆماری ئیسلامی تا ڕادەیەکی زۆر کەم بووەتەوە. حەقیقەت ئەوەیە کە بڕیاردەرانی کۆماری ئیسلامی هەبوونی دەسەڵاتێکی سیاسی سوننەی ئایدۆلۆژیک وەکو تاڵیبان لە ئەفغانستان، لە هەبوونی سەربازانی ئەمریکا لەو وڵاتە بە باشتر دەزانن. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوە بێت کە تاران زۆربەی سیاسەتەکانی لەسەر بنەمای دژایەتی لەگەڵ واشنتۆن دادەڕێژێت. بۆیە، کەمتر لە یەک ڕۆژ دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند "شکستی سەربازی و چوونەدەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە واتای دەرفەتێک بۆ ژیانەوە، ئاسایش و جێگیربوونی ئاشتی درێژخایەن لە ئەفغانستانە". جگە لەوە، کۆماری ئیسلامی پێی وایە بە چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان، تاران لە بۆشایی هێزە کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەکتەری سەرەکی و بە پشتبەستن بەو دیپلۆماسییەی پێشتر لەگەڵ لایەنەکان و بە تایبەت تاڵیبان هەیبووە، زیاترین ڕێژەی بەرژوەندییەکانی دابین و مسۆگەر بکات.
دووەم، بەهێزبوونی بەرەی دژە ئەمریکیی: لەو ڕوانگەیەکی بەربڵاوترەوە، ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی کە بڕیاری نزیکبوونەوە لە ئەفغانستانیان دەرکردووە، رەنگە هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیبێت کە دەسەڵاتگرتنی تاڵیبان، وەکو ئەکتەرێکی دژە ئەمریکی لە جیهانی سوننە، لە درێژخایەندا لە قازانجی بەرەی دژە ئەمریکی، واتە ڕووسیا، چین و ئێران بێت. ئەگەر لەو پێناوەدا کۆماری ئیسلامی هەندێ ئیمتیازی تاکلایەنەش بە تاڵیبان بدات یاخود لە بەرانبەر هەندێ لە سیاسەتەکانی تاڵیبان بێدەنگ بێت، هەمدیسان لە درێژخایەندا تاڵیبانێکی دژە ئەمریکی بۆ کۆماری ئیسلامی قازانجی زیاتر دەبێت.
سێیەم، ترس لە دەسەڵاتگرتنی گرووپە توندڕۆکان (بۆ نموونە، داعشی خۆراسان): پێشتریش ئاماژەم کرد کە ئەو ترسە یەکێک لەو هۆکارانە بوو کە کۆماری ئیسلامی لە تاڵیبان نزیک کردەوە. کۆماری ئیسلامی تا ئێستا جیاوازییەکی زۆر لە نێوان تاڵیبان و داعشدا دەبینێت. هەڵبەت ئەوە ڕوانگەیەکی هەڵە نییە. داعش و تاڵیبان زۆر بە توندی دژایەتی یەکتری دەکەن و هەر لایەنێکیان هەوڵ دەدات لە کۆتاییدا دسەڵاتی خۆی بچەسپێنێت، گەرچی رەنگە تاڵیبان لەمە بەدوا زۆر لە داعش بەهێزتر بێت، بەڵام دوورە ململانێکانیان کۆتایی پێ بێت. کۆماری ئیسلامیش لەوە ئاگادارە و دەزانێت یەکگرتنەوەی ئەو دوو هێزە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕوو نادات. پێش دەسەڵاتگرتنی تاڵیبانیش، کۆماری ئیسلامی داعشی بە گرووپێکی مەترسیدارتر داناوە، بۆیە یەکێک لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوە لە تاڵیبان ڕێگریکردن لە دەسەڵاتگرتنی ئەو گرووپە لە نزیک سنوورە هاوبەشەکان بوو. شیاوای ئاماژەیە لە ساڵی ٢٠١٥وە، تاڵیبان ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی داعشی کوشتووە.
چوارەم، بەرزبوونەوەی پێگەی دیپلۆماتیکی ئێران: کۆماری ئیسلامی هەر لە کاتی گفتوگۆکانی ترەمپ و تاڵیبان، بەوە ڕازی نەبوو کە پەراوێز بخرێت و وڵاتانی بیانی و هەروەها هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی، لەوانە قەتەر، ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن. بۆیە سەرەڕای دژایەتی زۆرێک لە لایەنەکان و هۆشدارییەکان، شاندی نوێنەرانی تاڵیبانی بانگهێشتی تاران دەکرد. ئێستا کە تاڵیبان دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتووە، کۆماری ئیسلامی لانیکەم لەوە دڵنیایە وڵاتێکی وەکو هیند کە لەم دواییانەدا پەرەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا داوە (بەپێچەوانەی پاکستان کە زیاتر ڕووی لە ڕووسیا کردووە)، هەوڵ دەدات لە ڕێگای تارانەوە، لەگەڵ تاڵیبانێک کە بەشێکی زۆریان لەژێر کاریگەری و قەرزداری یارمەتییەکانی پاکستانن، پەیوەندی بگرێت، بۆ ئەوەی ئیسلام ئاباد نەتوانێت تاڵیبان لە دژی بەرژوەندییەکانی هیند بەکار بهێنێت.
پێنجەم، چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و ڕووبارەکان: پێشتر ئاماژەم کرد، ئاو یەکێک لەو چەکانە بووە کە گرووپە جیاوازەکانی ئەفغانستان هەوڵیان داوە لە دژی کۆماری ئیسلامی بەکاری بهێنن. هەم تاڵیبان لە ساڵانی پێش ٢٠٠١ و هەم حکومەتی ئەو وڵاتە لە دوای ئەو قۆناغە، کەڵکیان لەو چەکە وەرگرتووە. پێشتر باسی تاڵیبانمان کرد، حکومەتی پێشووی ئەو وڵاتەیش هەوڵی دا بە کردنەوەی چەندین بەنداو، زیاترین ڕێژەی ئاوەکان لە ئەفغانستان بەکار بهێنێت. بەنداوی کەماڵ خان، کە لەسەر ڕووباری هیلمەند درووست کرا و لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بە فەرمی کرایەوە، یەکێک لەو پرۆژانە بوو کە کۆماری ئیسلامی زۆر نیگەران کردبوو. ئێستا کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات، بە نزیکبوونەوە لە تاڵیبان هەم ئەو هەوڵە پەک بخات و هەم زیاترین ڕێژەی ئاو لە ڕووبارەکانی هیلمەند و هەریرود بچێتە ناو ئەو وڵاتە. ئەوە بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر گرینگە، بە تایبەت کە ئەو وڵاتە ئەمساڵ بە شیوەیەکی بەرفراوان هەستی بە ئازاری جەرگبڕی وشکەساڵی کرد.
دەکرێ ئەو  پێنج خاڵە وەکو سەرەکیترین هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی کۆماری ئیسلامی لە تاڵیبان سەیر بکرێن، بەڵام ئەو وڵاتە هەرگیز ناتوانێ سەبارەت بە داهاتووی تاڵیبان دڵنیا بێت و بە گەشبینییەوە سەیری داهاتوو بکات. چەندین هۆکار هەن بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی بەردەوام ترسی لە تاڵیبان هەبێت. لە درێژەدا، بە کۆرتی ئاماژە بە هەندێ لەو ئەگەر و مەترسیانە دەکەم.  

ئەگەرەکانی داهاتوو و مەترسییەکانی تاڵیبان بۆ کۆماری ئیسلامی
دەشێت خوێندنەوەی بڕیاردەرانی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئەوە بێت کە لە کۆرت مەودادا، تاڵیبان بە هۆی سەرقاڵبوونیەوە بە داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە هەموو خاکی ئەفغانستان، ناتوانێت ببێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێران. گەرچی هەندێ لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەر ئێستاش زۆر گەشبین نین و لەوە دڵنیا نین. ئەگەری ئەوە هێشتا لە ئارادایە کە تاڵیبان ببێتە هەڕەشە و سەرئێشە بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی. لە درێژەدا بە کۆرتی، ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەکەم. 
یەکەم، ناڕەزایی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕای گشتی هاووڵاتیانی ئێران لە نزیکبوونەوەی دەسەڵاتی تاران و تاڵیبان: ئاشکرایە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە و ڕای گشتی ئێران دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتەکەیان لەگەڵ تاڵیبانن. ئەوە لە میدیا و ڕۆژنامەکان و بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە کەشێکی کراوەتریان بۆ دەربڕینی بیروڕای هاووڵاتیانی ئێران ڕەخساندووە، بە ئاشکرا هەستی پی دەکرێت. ئەو حاڵەتە دەتوانێ بارێکی قورس بێت لەسەر شانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت ئەگەر حاڵەتێک روو بدات کە تاڵیبان گورزێک لە ئێرانییەکان یاخود لە بەرژوەندییەکانی ئەو وڵاتە بدات. لەو حاڵەتەدا چاوەروان دەکرێت، دەسەڵاتداران و بەتایبەت بەرەی بناژۆخواز کە هەر سێ دەسەڵاتی سەرەکی ئەو وڵاتەیان بە دەستەوەیە، بەرەوڕووی ڕەخنەی توند ببنەوە. هۆکاری دژایەتیکردنی بەشێک لە هاووڵاتیانی ئێران لەگەڵ سیاسەتی حکومەتەکەیان ئەوەیە کە پێیان وایە ناوەڕۆکی دەسەڵاتی ئێران و تاڵیبان هەر یەک شتە و تەنیا مەزهەبەکە جیاوازە، دەسەڵاگرتنی دەسەڵاتدارانی نادیموکرات لە ناوچە لەسەر وڵاتی ئەوانیش کاریگەری دادەنێت. هەندێکیان نیگەرانی ئەوەن کە تاڵیبان بتوانێ دزە بکاتە ناو خاکی ئێران و تەقینەوە ئەنجام بدات و ئاسایشی وڵاتەکەیان تێک بدات. دەستەیەکی تر لە شەپۆلی نوێی پەنابەران بۆ ناو ئێران نیگەرانن لە کاتیکدا کە زۆربەی خەڵکی ئێران خۆیان لە دۆخێکی نالەباری ئابووریدا دەژین و گرانی و بێکاری تەنگی پێهەڵچنیون. هەڵبەت خۆدی حکومەتیش بەمە ڕازی نییە. بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ئیستادا ٨٠٠ هەزار پەنابەری تۆمارکراو و نزیکەی ٢ ملیۆن پەنابەری تۆمارنەکراو لە ئێراندان.
دووەم، ڕەشبینی و بێمتمانەیی بە نیسبەت یەکتری: هەم کۆماری ئیسلامی و هەم تاڵیبان گومانیان لە یەکتری هەیە و هەرگیز ناتوانن بە نیسبەت نیەت و قەست و سیاسەتەکانی یەکتری دڵنیا بن. پێشتر، تاڵیبان ئێرانیان وەکو دامەزرێنەر و پشتیوانی سەرەکی هاوپەیمانێتی باکوور سەیر دەکرد، ئەو هاوپەیمانێتییە کە لە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان پێکهاتبوو و بە تایبەت بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شا مەسعوود لە پەنجشیر و ئیسماعیل خان لە هەرات دژی تاڵیبانی پەشتون و سوننە شەڕیان دەکرد. لەو سەردەمەدا، ڕێبەرانی ئێران بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە تاڵیبان لە لایەن ئەمریکاوە دامەزراوە. جگە لەوە، هەر وا کە گوتمان، ئێران لە کاتی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر تاڵیبان، یارمەتی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆی دا. ڕاستە ئێستا وەرچەرخانێک لە پەیوەندییەکاندا هاتووەتە ئاراوە و کۆماری ئیسلامی ئەمجارە هیچ پشتیوانییەکی لە بەرەی خۆڕاگری نیشتمانی بە سەرکردایەتی کوڕەکەی ئەحمەد شا مەسعود نەکرد، بەڵام تاڵیبان ناتوانێت تا سەر سەبارەت بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دڵنیا بێت. بۆ نموونە، دیار نییە ئەگەر لە داهاتوودا، لە نیوان تاڵیبان و کۆمەڵگەی هەزارە ناکۆکی بێتە ئاراوە و هەزارەکان پێویستیان بە یارمەتی ئێران بێت، ئەو وڵاتە چ هەڵوێستێک وەردەگرێت. ئەوە خۆی لە خۆیدا مەترسییە.
سێیەم، کێشەی مەزهەبی شیعە و سوننە: ئەمە لەگەڵ خاڵی پێشوو (نەبوونی متمانە و دڵنیایی) تا ڕادەیەک گرێدراون و لێک جودا ناکرێنەوە. دوژمنایەتی مێژوویی تاڵیبان و شیعەکان کاریگەری کردووەتە سەر پەیوەندییەکانی تاران و تاڵیبان. لە ئێستادا نزیکەی ٢٠ لە سەدی دانیشتوانی ئەفغانستان شیعەن. هەزارەکان سێیەمین گرووپی گەورەی ئەفغانستانن کە زۆرینەیان شیعەن و زۆربەیان لە هەرات، کابوڵ، بامیان، هەلمەند، غەزنی و مەزارشەریفن. ئەوان لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی پێشووی تاڵیبان پێش ٢٠٠١، ئەزموونێکی تاڵیان لە ژێردەستەیی و چەوساندنەوە و کۆمەڵکوژی لە لایەن تاڵیبانەوە هەیە. سەبارەت بە ئێرانیش، گوتمان، تاڵیبان لە ساڵی ١٩٩٨دا لە شاری مەزار شەریف، دیپلۆماتکارە ئێرانییەکانی کوشت. لە ڕاستیدا کوشتنی دیپلۆماتەکانی ئێران جۆرێک تۆڵەکردنەوە لە ئێران بوو کە پشتیوانی لە هاوپەیمانێتی باکوور دەکرد. ئێران خۆی بە پێشەنگی بەرەی شیعە دەزانێت و تاڵیبان خۆی بە ئاڵاهەڵگری بەرەی سونە پێناسە دەکات. بۆیە، دەکرێت بڵێین چۆنیەتی پەیوەندییەکانی ئێران و تاڵیبان لە داهاتوودا، تا ڕادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەری هەڵسوکەوتی تاڵیبان لەگەڵ شیعەکانی ئەفغانستاندایە. لە رووخانی دەسەڵاتی کابوڵەوە تا ئێستا کێشەیەکی ئەوتۆ لەو بارەوە ڕووی نەداوە، چونکە بەگوێرەی زانیارییەکان ئێران و تاڵیبان پێشتر گرێبەستیان ئیمزا کردووە کە تاڵیبان ئاسایشی شیعەکانی ئەو وڵاتە بپارێزێت. بە کردەیش تاڵیبان لە ساڵی ٢٠١٥وە پەلاماری شیعەکانی ئەفغانستانی نەداوە، بەڵکو ئەوە داعش بوە کە ئەو هێرشانەی ئەنجام داوە. ئێرانیش بەڵێنی بە شیعەکان داوە کە تاڵیبان پەلاماریان نادات و پێویست ناکات لە دژی ڕاپەڕن. بەڵام ئەگەر ڕووداوێک، تەنانەت لە دەرەوەی ئیرادەی دوو لایەن بێتە ئاراوە کە ببێتە هۆی کێشەی نێوان سوننە و شیعە و کۆماری ئیسلامی بەرژوەندییەکانی خۆی لە مەترسیدا ببینێتەوە، ڕەنگە پێویست بکات هەزاران چەکداری شیعەی ئەفغانی کە لەژێر ناوی فاتمیون لە شەڕی سووریا و بە لایەنگری لە بەشار ئەسەد کەڵکی لێ وەرگرتن، ڕەوانەی ئەفغانستان بکاتەوە. لە ئێرانیش، ئەو نیگەرانییە لە ئارادایە، نەتەوەی سوننەی بەلووچ لە لایەن تاڵیبانەوە هان بدرێن. بەرپرسانی تاران بە باشی لەوە ئاگاداران کە بەلووچەکانی ئێران بە ئاسانی لەگەڵ تاڵیبان ڕێک دەکەون. هەر وەکو چۆن نەتەوەی کورد بەسەر چەندین وڵاتدا دابەش بووە، بەڵووچەکانیش بەسەر سێ وڵاتی پاکستان، ئێران و ئەفغانستان دابەش کراون.
چوارەم، باڵادەستی دەزگای هەواڵگریی پاکستان: ئێران ئاگادار و نیگەرانە لەوەی کە دەزگای هەواڵگری پاکستان هەیمەنەیەکی بەرفراوانی لە ناو تاڵیبان هەیە و تا ڕادەیەکی زۆر توانای کۆنتڕۆڵکردن و ئاراستەکردنی سیاسەتەکانی هەیە. بەرپرسانی ئێران دەزانن لە زۆربەی شەرەکانی تاڵیبان لە ئەفغاسنتاندا، ئەفسەرەکانی پاکستان لە پاڵ چەکدارانی تاڵیباندا بوون، تەنانەت ئەوە سوپای پاکستان بوو کە زۆربەی چەک و کەلوپەلی سەربازی و پێداویستییەکانی تاڵیبانی دابین کردووە. کۆماری ئیسلامی کە پاکستان وەکو ڕکابەرێکی ناوچەیی و خاوەن بۆمبی ئەتۆمی سەیر دەکات، ئەوە بە مەترسییەک بۆ داهاتوو دەزانێت.
پێنجەم، دزەکردنی ڕکابەرە عەرەبەکان و بە تایبەت سعوودیە بۆ ناو ئەفغانستان: ئێرانییەکان شارەزای ناکۆکی و مەیلە جیاوازەکانی ناو بەرەی تاڵیبانن. هەر بەو جۆرەی کە دەستەیەک (بە تایبەت شۆرای مەشهەد) لایەنگری لە نزیکبوونەوە لە کۆماری ئیسلامی و دەستەیەکیش لایەنگری نزیکبوونەوە لە پاکستان دەکەن، گرووپێکیش لایەنگری سعوودیە و پەرەپیدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتەن. خوێندنەوەی ئێران ئەوەیە کە بەشێک لە تاڵیبان سۆفین و لەگەڵ شیعە کێشەی ئەوتۆیان نییە، بەڵام دەستەیەکیش سەلەفین، کۆماری ئیسلامی زیاتر نیگەرانی ئەو ڕەوتەیە لە ناو تاڵیباندا. بۆیە کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتگرتنی داهاتووی سعوودیە لە ئەفغانستان نیگەرانە، ئەوەش ڕەنگە یەکێک لە مەترسییەکان بێت بۆ ئەو وڵاتە و ببێتە کێشەیەک لە پەیوەندییەکانی نێوان تاڵیبان و تاران.
شەشەم، ئەگەری هاوکاریی نیوان تاڵیبان و ئەمریکا: تاڵیبان دوای چەندین خولی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان هەم لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ و هەم لە سەردەمی بایدندا و دەرئەنجام دوای بڕیاری بایدن بۆ چوونەدەرەوە لە ئەفغانستان، دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت. دوای ئەوەش تاڵیبان لە چوونەدەرەوەی هێزەکان و هاووڵاتیانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو واشنتۆن هاوکاریی کرد. بەرپرسانی ئەمریکاش بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر پیویست بێت لە داهاتوودا لەگەڵ تاڵیبان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم هاوکاری دەکەن. کۆماری ئیسلامی دڵنیا نییە کە تاڵیبان کە سیاسەتێکی پراگماتیستی گرتووە بەر تا چ ڕادەیەک لە ئەمریکا نزیک دەبێتەوە و ئایا لە داهاتوودا بە تایبەت لە بواری هەواڵگریی و ئیستیخباراتی لە دژی ئێران لەگەڵ ئەمریکا هاوکاری دەکات یاخود نا. ئەمەش ئەگەرێکە کە دەتوانێت ببیتە هۆی نیگەرانی بەرپرسانی تاران و ناکۆکی لەگەڵ تاڵیبان بێتە ئاراوە. خراپترین پێشبینی ئەوەیە کە هاوکاریەک لە نێوان سعوودیە، تاڵیبان، پاکستان و ئەمریکا بێتە ئاراوە. هەر ئێستا زۆر کەس لە ئێراندا، بۆ نموونە مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەو وڵاتە، هۆشداری دەدەن کە ڕووداوەکانی ئەفغانستان، بەرهەمی پلانی داڕێژراوی ئەمریکایە بۆ دژایەتی کۆماری ئیسلامی.

ئەنجام
تا ئێستا تاڵیبان و تاران نیشانیان داوە نایانەوێت پەیوەندییەکانیان تێک بچێت، بەپێچەوانەوە خوازیاری پەرەپیدان بەو پەیوەندییانەن کە لەسەر بنەمای پراگماتیزم و ڕیالیزم داڕێژراون. بە واتایەک، سیاسەتی نێوانیان سیاسەتێکی ڕاستیوازانەیە و زۆربەی بوارەکان دەگرێتەوە. یەکێک لە گەورەترین ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی، واتە چوونەدەرەوەی ئەمریکا و هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان بەدی هاتووە و تاران هەوڵ دەدات لە داهاتووشدا هاوکات لەگەڵ ئەوەی تاڵیبان لە بەرەی دژە ئەمریکیدا جێگیر بکات لە دژی داعشیش کەڵکی لێ وەربگرێت و ئاسایشی سنوورەکانی مسۆگەر بکات. هەروەها کۆماری ئیسلامی دەیەوێت کێشەی ئاو و ڕووبارەکان لەگەڵ تاڵیبان چارەسەر بکات. بەڵام هاوکات کۆماری ئیسلامی بە نیگەرانییەوە چاوی لە داهاتوو بڕیوە، چونکە دیار نییە ئەو کاتەی تاڵیبان هەموو دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێت، ڕۆخساری ڕاستەقینەی چۆن دەنوێنێت. ئەو نیگەرانیەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کاتێک جدی تر دەبێتەوە کە ئاگادری ئەوە هەن لە پاڵ نارەزایی کۆمەڵگەی ئێران لە ئاساییکردنەوەی سیاسەتەکان لەگەڵ تاڵیبان و ڕەشبینی و بێ متمانەیی لە پەیوەندییەکانیان و کێشە مەزهەبییەکان، وڵاتانی ڕکابەریش هەوڵ دەدەن پەرە بە دەسەڵات و پێگەی خۆیان لە ئەفغانستان بدەن و لە ڕێژەی دەسەڵات و کاریگەری ئێران کەم بکەنەوە. کەوابوو، دەبێ چاوەڕوان بین بزانین داهاتووی سیاسەتی تاران- تاڵیبان بەرەو کوێ دەچێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group