نەوا-
فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بڵاویكردەوە، ساڵانە 25ی تەمموز دەستنیشانكراوە بۆ رۆژی جیهانی خۆپاراستن لە خنكان و ئەم رۆژە لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكان و بە هاوكاری رێكخراوی تەندروستی جیهانی بڕیاری لەسەر دراوە بەمەبەستی هۆشیاركردنەوەی خەڵك لە مەترسییەكانی خنكان لە ئاودا.
لەوبارەیەوە ئاشكرایكردوە، بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار كەس لەجیهاندا بەهۆی خنكان لە ئاودا گیانلەدەستدەدەن كە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی گیانلەدەستدانی منداڵان و گەنجانی تەمەن 1 بۆ 24 ساڵ.
لە ئامارەكانیشیاندا ئەوە خراوەتەڕو، زیاتر %90ی روداوەكانی خنكان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوداو لە روبار ، گۆم ، بەنداو و حەوزەكاندا رودەدەن رێنماییە سەرەكیەكانی خۆپاراستنیش بریتییە لە فێربونی سەرەتایی مەلەوانی بۆ منداڵان و گەورەكان .
ئاماژەشكراوە، هەرگیز منداڵان بە تەنها لە نزیك ئاوی حەوز، روبار، یان تەنانەت بانیۆ بەجێنەهێڵرێن و پێویستە بە گشتی هێلەكی رزگاركردن لە سەركەوتنی بەلەم یان بەكارهێنانی یەخت و یارییە ئاویەكان بەكاربهێنرێت.