ستارلینک دەتوانێت کۆتایی بە دیکتاتۆریەتی ئینتەرنێت لە هەرێمدا بهێنێت؟

د.پیرۆت محمد امین

1 کاتژمێر پێش ئێستا

ستارلینک خزمەتگوزارییەکی ئینتەرنێتە لەسەر بنەمای مانگی دەستکرد کە لەلایەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن ماسکەوە دروستکراوە، بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت ئەم سیستەمە پێکهاتووە لە هەزاران مانگی دەستکرد كەبەیەکەوە بەستراوەتەوە بۆ دروستکردنی تۆڕێک کە توانای گەیاندنی ئینتەرنێتی خێرای هەبێت.
بە فەرمی ناساندن و هاتنە ناوەوەی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک بۆ ناو فەزای پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەرچەرخانێکی ستراتیژییە لە نەخشەی تەکنەلۆژیای ناوچەکەدا. وە هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بۆ پەسەندکردنی مۆڵەتی کارکردنی ستارلینک، لەهەمانكاتدا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە کۆمپانیاكە داواکارییەکی فەرمی ناردوە بۆ کارکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی لەهەرێم.
ستارلینک خزمەتگوزارییەک پێشکەش دەکات کە پێویستی بە هێڵەکانی کێبڵی نێوان وڵاتان یان تاوەرە زەوینییەکان نییە. ئەم تایبەتمەندییە وا دەکات تەنانەت لە دوورەدەستترین گوندە شاخاوییەکانی کوردستان و بیابانە دابڕاوەکانی عێراقیشدا، هاوڵاتیان و دامەزراوەکان بتوانن بگەنە خێراترین تۆڕی زانیاری جیهانی بە کەمترین کاتی دواکەوتن. 
ئەم وەرچەرخانە تەکنەلۆژییە خزمەت بە کەرتە ئابورییەكان وپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەكات، هەروەها  بزوێنەری سەرەکی دەبێت بۆ کەرتی گشتی. ئەم متمانەبەخۆبوونە لە ژێرخانی دیجیتاڵیدا، هاندەرێکی گەورە دەبێت بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی کە هەمیشە یەکەم مەرجیان بوونی ئینتەرنێتێکی جێگیر و پارێزراوە.
هاتنی تەکنەلۆژیای ستارلینک بۆ هەرێمی کوردستان، دەنگدانەوەیەکی قووڵ لە ناو بازاڕی ناوخۆیی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتدا دروست دەکات و ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لەرزاندنی پێگەی ئەو کۆمپانیا ناوخۆییانەی کە ساڵانێکە لە ڕێگەی هێڵە زەمینییەکان و کێبڵە نورییەکانەوە  (FTTH)  كاردەكەن. 
ئەم ڕووداوە سەرەتای قۆناغی کۆتایهاتنی ئەو سەردەمەیە کە تێیدا هاوڵاتی ناچار بوو لە نێوان چەند بژاردەیەکی سنوورداری ناوخۆییدا یەکێکیان هەڵبژێرێت. کاریگەریی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە تەنیا لە دابینکردنی هێڵێکی خێراتردا نابینرێت، بەڵکو تەواوی ستراتیژی کارکردن وبەها و کوالیتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی کەرتی گەیاندنی ناوخۆیی لە بنەڕەتەوە دەگۆڕێت.
هەرچەندە ئەم هەنگاوە ئاسۆیەکی گەش نیشان دەدات، بەڵام هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ ڕێکخستنی یاسایی و دارایی ئەم خزمەتگوزارییە. پرسی نرخ و توانای کڕینی هاوڵاتیان یەکێک دەبێت لە بەربەستە سەرەکییەکان، چونکە ئامێرەکانی ستارلینک و كرێی مانگانەكەی لە ئاستێکی بەرزدایە بەراورد بە داهاتی هاوڵاتیان.
کاریگەریی گەورەی  ستارلینک لەسەر کۆمپانیا زەمینییەکانی کەرتی گەیاندن، دەبێتە هۆی لەدەستدانی پشکی بازاڕی پڕۆژە گەورەکان و کەرتی بازرگانی  چونکە ستارلینک دەبێتە جێگرەوەیەکی بەهێز بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ کۆمپانیاکان و دامەزراوەکان وبانکەکان و فەرمانگە حکومییەکان.
 لە بەرامبەر ئەمەدا، کۆمپانیا ناوخۆییەکانی ئینتەرنێت بۆ پاراستنی بەشداربووانی خۆیان لە ناو شارەکاندا، ناچار دەبن پڕۆسەی ڕاکێشان و گەیاندنی هێڵی فایبەری زەمینی بۆ ماڵان بە شێوازێکی خێراتر و فراوانتر ئەنجام بدەن و هەروەها بۆ ڕاکێشانی کڕیاران، نرخەکانیان دابەزێنن و سنووردارکردنی قەبارەی دابەزاندنی زانیاری لابدەن و کوالیتی پشتیوانی تەکنیکییان باشتر بکەن. 
بەرژەوەندیی سیاسیی و ئابووری یەكێكی دیكەیە لەو هۆكارە گرنگەی كە بە پەرۆشییە پشتگیری  لێدەكرێت، کەرتی گەیاندن و ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستاندا هەمیشە یەکێک بووە لە سەرچاوە هەرە سەرەکی و پڕ داهاتەکانی  ئەو گروپانەی كەخاوەن بەرژەوەندین. 
بۆیە، چوونە ناوەوەی کۆمپانیایەکی زەبەلاحی وەک سپەیس ئێکس بۆ بازاڕی ناوخۆ، بێبەرامبەر و بەبێ ڕێککەوتنی پشت پەردەوە نابێت. لێرەدا، بەرژەوەندیی سەرەکی ئەو گروپانە لەوەدایە کە ببنە ناوبژیوان بۆ فرۆشتنی ئامێرەکان و دابەشکردنی خزمەتگوزارییەکە لە ناوخۆدا. ئەمەش وا دەکات ستارلینک ، ببێتە سەرچاوەیەکی نوێی قازانجی دارایی ، بەڵام ئەمجارەیان لەژێر ناونیشانێکی جیهانی و مۆدێرندا. 
لەهەمان كاتدا ستارلینکیش دەخرێتە خزمەت پڕۆژە نیشتمانییەکان و دامەزراوە حکومییەکان و مۆڵ و باڵەخانە گەورەکان، و کێڵگە نەوتییەکان کە ئەوانیش دیسان لەژێر کۆنترۆڵی خاوەن  بەرژەوەندیەكانن  . 
بەرژەوەندی سیاسی  بۆ ئەم مۆدێلە بریتییە لە" مۆڵەتی بریکارایەتیی." لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، کۆمپانیای سپەیس ئێکس ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەست بە فرۆشتنی ئامێرەکان بکات بەبێ هەبوونی هاوبەشێکی ناوخۆیی کە کاروبارە یاسایی و لۆجستیەكان ڕاپەڕێنێت. لێرەدا، خاوەن  بەرژەوەندیەكانن كە بڕوانامەی بریکاری فەرمی لە حکومەت وەردەردەگرن، ئامێرەکان بە کۆمەڵ  و بە نرخی داشکێنراوی جیهانی دەکڕن، و پاشان بە نرخێکی زۆر بەرزتر لە بازاڕی ناوخۆدا بە هاوڵاتیانی دەفرۆشنەوە. بەمەش جیاوازیی نێوان نرخی کڕینی سەرەکی و نرخی فرۆشتنی ناوخۆیی دەبێتە قازانجێکی خێرا و گەورە بۆ ئەو کۆمپانیایانە.
خستنەڕووی تێچووەکانی ستارلینک لە چوارچێوەی واقیعی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا، ڕاستەوخۆ دەمانگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەم خزمەتگوزارییە لە جیاتی ئەوەی ببێتە چارەسەرێکی گشتی، دەبێتە بارگرانییەکی دارایی قورس کاتێک نرخەکان بەراورد دەکەین بە هێزی کڕینی هاوڵاتیان. کاتێک باس لە بڕی ٦٠٠ دۆلار (نزیکەی ٩٠٠ هەزار دیناری عێراقی) تەنها بۆ کڕینی دەفر و ڕاوتەرەکە دەکەین، لەگەڵ پابەندبوونی مانگانەی ١١٠ دۆلار (سەروو ١٦٥ هەزار دینار)، تێدەگەین کە ئەم تەکنەلۆژیایە چۆن لە بژاردەیەکی گەیاندنەوە دەبێتە بارێکی قورسی ئابووری کە زۆربەی خێزانەکان توانای شانبەشانکردنیان نییە.
ئەم بڕە پارە سەرەتاییە کە نزیکەی ملیۆنێک دیناری عێراقییە، هاوتایە لەگەڵ مووچەی تەواوی یەک یان دوو مانگی فەرمانبەرێکی پلە مامناوەند یان داهاتی مانگێکی کاسبکارێکی ناوخۆیی. لە ژینگەیەکی دارایی وەک هەرێمی کوردستاندا، متمانەی ئابووری لە ئاستێکی نزم دایە، پێدانی ئەم بڕە پارەیە بە شێوەی پێشەکی، زۆرینەی خەڵک دووردەخاتەوە. 
کاتێک بەراوردێکی خێرا لە نێوان تێچووی ستارلینک و هێڵە زەمینییەکانی فایبەر یان فۆڕجی دەکەین کە لە ئێستادا خەڵک بەکاریان دەهێنن، قەبارەی ئەم کەلێنە داراییە زیاتر ڕوون دەبێتەوە. ئێستا ناوەندی خەرجیی مانگانەی خێزانێک بۆ ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان لە نێوان ٣٥ بۆ ٥٠ هەزار دیناردایە؛ بۆیە بازدان بۆ بڕی ١٦٥ هەزار دیناری مانگانە بە واتای سێ هێندەبوونی تێچووی پەیوەندییەکان دێت.
 بۆ هاوڵاتییەکی ئاسایی ناو شارەکان کە لە ڕێگەی هێڵی زەمینییەوە خزمەتگوزارییەکی مامناوەندی پێ دەگات، چوونە ناو پرۆژەی ستارلینک بڕیارێکی ئابووریی نالۆجیکی و نادروستە کە هاوسەنگیی دارایی بە تەواوی تێکدەدات.
لە کۆتاییدا، ئەم زنجیرە پڕۆسەیە نیشانی دەدات چۆن بەرژەوەندی سیاسی دەتوانێت هەر تەکنەلۆژیایەکی نوێ و جیهانی لە کەرەستەیەکی ئازادکەرەوە بگۆڕێت بۆ سەرچاوەیەکی نوێی قازانجی دارایی ، بە شێوازێک کە بۆ هەر هەنگاوێک لە هاوردەکردن، فرۆشتن، جێگیرکردن و ئابۆنەی مانگانەدا، پشکی خاوەن یەرژەوەندیەكان  بە تەواوی دەپارێزرێت و کڕیار ناچار دەبێت تێچووی هەموو ئەم ناوبژیوانانە لە ئەستۆ بگرێت.
د.پیرۆت محمد امین
پسپۆڕی : دارایی گشتی

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group