سیپان شیروانی ئەندامی پەرلەمان عیراق لەلێدوانێكدا رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نوسراوی فەرمی داوای كردوە پەلە بكەن لە ناردنی نەوتی سپی ماڵان، بەڵام وەزارەتی نەوتی عیراق تائێستا هیچ رێكارێكی نەگرتوەتەبەرو خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە، هاوكات دەنگۆیەكی زۆر لەبارەی ئەگەری گۆڕینی وەزیری نەوتیش هەیە.
شیروانی راشیگەیاندوە، لە كۆبونەوەی كۆتایی شاندی وەزارەتی نەوت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە زاخۆ دوبارە ئەو بابەتە باسكراوەو داوا كراوە پەلە بكرێت لە ناردنی نەوتی سپی، بەڵام هیچ رێكارێك نەگیراوەتەبەر، لەم هەفتەیەدا سەردانی چەند بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عیراق كراوە دەڵێن تائێستا نەوتیان نەناردوە چونكە بەتەمان شێوازی دابەشكردنی سوتەمەنی بگۆڕن.