دادگەی فیدراڵی سكاڵایەكی لە دژی پەرلەمانی كوردستان رەتكردەوە
49 خولەک پێش ئێستا عێراق
نەوا-
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڵاویكردەوە، دادگەكە بە سەرۆكایەتیی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن و ئامادەبوونی سەرجەم دادوەرە ئەندامەكان كۆبووەوە، لە دانیشتنەكەدا سەیری سكاڵای ژمارە (211/فیدراڵی/2026)ی رۆژی 26ی تشرینی یەكەمی 2026ی كردووە، كە لەلایەن عەلی حەمەساڵح، ئەندام پەرلەمانی كوردستان دژی سەرۆكی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان (سەرۆكی بەتەمەن) تۆماركرابوو.
بەپێی راگەیێندراوەكە، لە سكاڵاكەدا داواكرابوو بڕیار بدرێت بە نادەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و دانانی لێكەوتە یاساییەكانی ئەو بڕیارە بەپێی حوكمەكانی دەستوور و یاسا، بە پشتبەستن بەو هۆكارانەی سكاڵاكار لە داواكەیدا خستبوونیەڕوو.
دادگەی فیدراڵی ئاماژەی بەوە كردووە، تایبەتمەندیی ئەوان لە پیادەكردنی چاودێریی دەستووریدا، تەنیا یاسا و پەیڕەوە بەركارەكان دەگرێتەوە، ئەویش بەپێی حوكمەكانی مادەی (93/یەكەم)ی دەستووری كۆماری عێراقی ساڵی 2005 و درێژنابێتەوە بۆ چاودێریكردنی رادەی دەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.
لە كۆتایی راگەیێندراوەكەدا هاتووە، تایبەتمەندیی وەزیفی لە سیستمی گشتییە و دادگە خۆی بڕیاری لەسەر دەدات تەنانەت ئەگەر لایەنەكانیش تانەیان لێنەدابێت، بۆیە دادگەی فیدراڵی بڕیاری دا سكاڵاكە بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندییەوە رەتبكاتەوە و بڕیارەكەش بە كۆی دەنگ دەرچووە، بەپێی مادەی 94ی دەستوور بۆ سەرجەم دەسەڵاتەكان پابەندكەرە و بە ئاشكرا خوێندراوەتەوە.