حەیدەر عەبوودی: زانیاریمان هەیە بەرهەمی نەوتی هەرێم زیاترە لەوەی ڕایدەگەیەنێت

28 خولەک پێش ئێستا عێراق

نەوا-
حكومەتی عێراق ئامادەكردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی لەلایەن هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانەوە ڕاگەیاند.
حەیدەر عەبوودی وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، ڕەشنووسەكە گۆڕانكاری لە ئامرازەكانی دارایی لەخۆگرتووە، لەوانە "پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان" و "سندووقی نەوەكان"، ئەمەش بۆ پاراستنی ئابووریی عێراقە لە دابەزینی كتوپڕی نرخی نەوت. 
هاوكات، بەرزبوونەوەی داهاتی نانەوتیش كە پێش ساڵی 2026 لە 11٪ تێپەڕی نەدەكرد، بۆ ڕێكارەكانی نەهێشتنی گەندەڵی، بەئەلیكترۆنیكردنی خاڵە سنوورییەكان و باشتركردنی كۆكردنەوەی باج دەگەڕێتەوە.
سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان، وتەبێژی حكومەت دەڵێت، ناكۆكییەكان لەسەر داهاتی نەوت هۆكاری سەرەكیی دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەن، بەغدا لە ڕەشنووسەكەدا داوای لانی كەم 445 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەكات، لە كاتێكدا هەرێم دەڵێت بەرهەمی لەو ژمارەیە كەمترە. 
دووپاتیشیكردەوە، حكومەتی فیدراڵی زانیاریی هەیە بەرهەمی نەوتی هەرێم زیاترە لەوەی ڕایدەگەیەنێت، ئەم دۆسیەیەش بووەتە گرێكوێرەی بەردەم ڕێككەوتنی هەردوولا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group