داعشێكی سویدی دەگەڕێتەوە وڵاتەكەی بۆ چارەسەر و دواتر دەچێتەوە سوریا

02/03/2019 جیهان

نەوا


رۆژنامەی "ئێكسپێرسن"ی سویدی بڵاویكردوەتەوە، چەكدارێكی داعشی هەڵگری رەگەزنامەی سویدی دوای ئەوەی پەیوەندی كردووە بەرێكخراوەكەوە و چوەتە سوریا، لەوێ‌ لە شەڕدا بریندار بوە، بەڵام گەڕاوەتەوە سوید و لە نەخۆشخانەیەكی حكومی چارەسەركراوە و دواتر چوەتەوە سوریا.
رۆژنامەكە لەراپۆرتێكیدا باسی لەوەكردوە، كەسێك بەناوی (خالد شەحادە) تەمەن 28 ساڵ لەگەڵ دروستبونی رێكخراوی داعش چوەتە سوریا و پەیوەندی پێوەكردون، دواتر لەشەڕدا برینداربوە و ساڵی 2015 گەڕاوەتەوە شاری یۆتۆبۆری لەوێ‌ لە نەخۆشخانەیەكی حكومی چارەسەری بۆ كراوە و دواتر گەڕاوەتەوە سوریا.
بەگوێرەی رۆژنامەكە، شەحادە یەكێك لەو 4 كەسە بوە، كە لە یۆتۆبۆری دادەنیشن و بەمەترسی بۆسەر ئاسایشی سویدی دادەنرێن.
دایكی ئەو چەكدارەی داعش ئاماژەی بەوەداوە، كە كۆتا جار پەیوەندی پێوەكردون، دوو مانگ پێش ئێستا بوە و وتویەتی لەسوریایە و رەتیكردووەتەوە بگەڕێتەوە، چونكە دەزانێت دەسەڵاتدارانی سوید دەستگیری دەكەن.
لای خۆیەوە تۆماس لیندن سەرۆكی لیژنەی راوێژكاری ئەخلاقی لە یەكێتی پزیشكانی سوید بەرۆژنامەكەی وتوە، هەڵەیە ئەگەر دكتۆر جگە لە چارەسەر بیر لە هیچ شتێكی تر بكاتەوە، هەروەك ئەوان بڕیار لەسەر كەسەكان نادەن و چارەسەری هەموو كەسێك دەكەن بە هەژار و دەوڵەمەندەوە تەنانەت پیاوكوژان و ئەوانەشی لە گرتوخانەكاندان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group