دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر "پۆرن ستارە كوردەكە" داوایەك لە داواكاری گشتی دەكات

12/06/2019

نەوا-لاڤە كوردە
دوای ئەوەی كچێكی كورد لە رێگەی چەند گرتە ڤیدیۆییەكەوە ئاماژە بەوەدەكات لە سلێمانی نیشتەجێیە و لەمەودوا وەك ئەستێرەیەكی "فیلمە رووتەكان" كاردەكات و سێ تۆماری ڤیدیۆیشی لەو چوارچێوەیەدا بڵاوكردەوە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی و وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێن "دەبێت داواكاری گشتی ئەو كەیسە بجوڵێنێت".
لەوبارەیەوە نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "هەر بابەتە ڤیدیۆییەك هاندانی خەڵكی تێدابێت بۆ هەر شتێك بۆ هەڵگرتنی چەك بێت یاخود دابەزاندنی ڤیدیۆی سێكسی و رووت و خەڵك بەلاڕێدا بەرێت، پێچەوانەی یاساكانی هەرێمە و داواكاری گشتی داوای رێكاری یاسایی دەكات، ئەوكات پۆلیس بۆی هەیە بە ئەركی خۆی هەستێت، لە یاسای 6ی ساڵی 2008 بڕگەی 2 بەڕونی باسكراوە، كە خراپ بەكارهێنانی ئامێری پەیوەندی و دانانی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو و ئابڕوبەر سزاكەی بەندكردنە لە 6 مانگەوە تا 5 ساڵ و غەرامەكردن بە بڕی تا پێنج ملیۆن دینار".
هەر لە بەرنامەكەدا محەمەد گۆمەشینی وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم وتی "بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەكی لەو شێوەیە پێچەوانەی یاسا و دەستوری هەرێمە و بە بۆچونی ئێمە دەبێت داواكاری گشتی بێتە سەرخەت، ئەگەر لە سلێمانیشە وەك دەڵێن ئەو كچە لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا وای وتوە، ئەوا پێویستە داواكاری گشتی لە سلێمانی بێتە سەرخەت، ئەگەر لە دەرەوەی هەرێمیش بێت ئەوا ناتوانرێت هیچ رێكارێكی بەرانبەر بگیرێتەبەر".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group