دوو ساڵ بەسەر كۆنترۆڵكردنەوەی بەشی راستی موسڵدا تێپەڕدەبێت

10/07/2019

نەوا
ئەمڕۆ 10-7-2019 دوو ساڵ بەسەر كۆنترۆڵكردنەوەی بەشی راستی شاری موسڵ تێپەڕدەبێت، بەڵام تا ئێستا ئاسەواری شەڕ و پێكدادانەكانی پێوە دیارە و دەستنەكراوە بە پڕۆسەی دووبارە بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە.
لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014دا، رێكخراوی تیرۆریستیی داعش شاری مووسڵ دووەم گەورە شاری عیراقی كۆنترۆڵكرد دوای ئەوەی هێزەكانی سوپا و پۆلیسی تیایدا كشانەوە.
دوای كۆنترۆڵكردنی پارێزگای نەینەوا لەلایەن داعشەوە، حكوومەتی عیراق لە 17ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016 ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی پارێزگاكەی راگەیاند و لە 10ی مانگی تەمووزی 2017دا كۆنتڕۆڵكردنەوەی پارێزگاكەی راگەیاند.
بەپێی ئامارێكی شارەوانی مووسڵ تا ئێستا دوو هەزار و  700 تەرمی تیرۆریستانی داعش لەژێر باڵەخانە رووخاوەكاندا لە ناوچەی كۆندا هەڵگیراونەتەوە.
هاوكات بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان بە هۆی شەڕ و پێكدادانەكانی هێزە ئەمنییەكان دژبە داعش لە میانی كۆنترۆڵكردنەوەی بەشی راستی مووسڵ، زیان بەر 12 هەزار خانوو لە ناوچەی مووسڵی كۆن كەوتووە.
وێرای ئەوەی دوو ساڵ بەسەر كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی راستی مووسڵدا تێپەڕدەبێت، تا ئێستا ئاسەواری شەڕ و پێكدادانەكان بە شارەكەوە دیارە، بەو پێیەی هێشتا دەستنەكراوە بە پڕۆسەی دووبارە بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی ئەو بەشەی شاری مووسڵ و  حكوومەتی عیراق-یش هیچ بڕە پارەیەكی وەك قەرەبوو بۆ زیانلێكەوتوانی شارەكە خەرج نەكردوو.
لەو بارەیەوە مەنسور مەرعید پارێزگاری نوێی نەینەوا بە ئاژانسی ئەنادۆڵی رایگەیاندوە كە بڕیاردراوە لە ساڵی 2020دا، پارە بۆ زیانلێكەوتوانی بەشی راستی مووسڵ خەرج بكرێت.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group