سۆران عومەر: لە كۆتایی كابینەی هەشتدا شتی سەیروسەمەرە رویداوە

24/07/2019

نەوا-لاڤە كوردە
عەریزە نوسەكانی سلێمانی رەتیدەكەنەوە ببنە كارمەندی كۆمپانیایەك و سۆران عومەر پەرلەمانتاری كوردستانیش دەڵێت "لە كۆتایی كابینەی هەشت و سەرەتای كابینەی نۆدا شتی سەیروسەمەرە رویداوە".
دوای بڕیاری بەكارمەندكردنی عەریزەنوسەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیایەكەوە، عەریزەنوسەكان گردبونەوەی ناڕەزایەتی رێكدەخەن و لە سلێمانی و هەولێر و دهۆكەوە یەك داواكارییان هەیە ئەویش حكومەتی هەرێم دەست لە قۆرخكردنی پیشەی عەریزەنوسەكان هەڵبگرێت، لەوبارەیەوە عەلی عەباس سەرپەرشتیاری عەریزەنوسەكانی سلێمانی لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوا وتی "دوای ناڕەزایەتی و گردبونەوەمان ژمارەیەك دادوەر و دادنوس پشتیوانمانن و كۆبونەوەیەكیان لەگەڵ وەزارەتی دادو بەڕێوەبەری دادنوسەكان بۆ رێكخستوین لە رۆژی پێنجشەممە 25-7-2019، ئێمە لاریمان نییە لە بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستمەكە، بەڵام تەنها تایتڵە و لە ناوەڕۆكدا وانییە بەڵكو ئەركی هاووڵاتی قورس دەبێت بەهۆی زیادكردنی پارەكەوە، چونكە تەنها لە رێگەی هاردێكەوە ئەرشیف دەكرێت لەبری ئەوەی هەموو سیستمەكە ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین بێت".
وتیشی "كۆمپانیاكە بڕیاری داوە موچەی دیاریكراو بۆمان لە 400 هەزار دینارەوە بۆ 500 هەزار دینار زیاد بكات، بەڵام ئەگەر ببێتە ملیۆنێك دیناریش هەر رازی نین و دەمانەوێت خۆمان سەربەخۆ كاربكەین".
ژمارەیەك لە پارێرەزەرانی هەولێریش لەسەر ئەو پرسە هاتونەتە دەنگ و هەر لە بەرنامەكەدا پارێزەر رێبین سەباح وتی "ئێمە وەك نوێنەری ژمارەیەك لە پارێزەرانی هەولێر یاداشتێكمان گەیاندۆتە لقی هەولێری سەندیكای پارێزەران و سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و ئەمە كارێكی نایاساییە و دژی بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان و عەریزەنوسەكانیشە، هەموو دەزانین كێ لە پشتی كەرتی تایبەتەوەیە لە هەرێمدا".
لای خۆیشیەوە سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە بەرنامەكەدا وتی "لە كۆتایی كابینەی هەشت و سەرەتای كابینەی نۆدا كۆمەڵێك شتی سەیروسەمەرە رویداوە هەر لە دامەزراندن و بردنی پارە و هێنانی كۆمپانیا، بۆ پرسی عەریزەنوسەكانیش یاداشتێكمان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و وەزارەتی داد كردوە و هەركات حكومەتی هەرێم بوو بە ئەلیكترۆنی ئەوكات عەریزەنوسەكانیش شتێكی ئاساییە كارەكانیان ببێتە ئەلیكترۆنی، بەڵام ئەمەی ئێستا ئاگادارنین چییە و كۆمپانیاكە كامەیە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group