ئه‌مڕۆ كۆبونه‌وه‌ی شاندی باڵای هه‌رێم و عیراق له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت

25/07/2019

نه‌وا
شاندێكی حكومه‌تی عیراق به‌مه‌به‌ستی دانوستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم گه‌یشته‌ هه‌ولێر.
شانده‌كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر له‌لایه‌ن قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و رێبه‌ر ئه‌حمه‌ وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.
له‌وباره‌یه‌وه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تویته‌ر نوسیویه‌تی، پێشوازییان له‌ فوئاد حسێن و سامر غه‌زبان جێگرانی سه‌رۆك وه‌زیران و فالح فه‌ییاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و ئه‌بو جیهاد هاشمی به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كردوه‌.
بڕیاره‌ ئه‌مڕۆش 25-7-2019، شانده‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆ بكه‌ن.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ دوای ده‌ستبه‌كاربونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ رۆژی 16-7-2019 بۆ شاری به‌غدا بوو، كه‌ له‌وێ له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تی عیراقدا كۆبوه‌وه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group