داوای دەستگیركردنی لەشفرۆشەكانی دەروازەی شاری سلێمانی دەكرێت

15/09/2019

نەوا-لاڤە كوردە 
لەرێگەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە داوای دەستگیركردنی لەشفرۆشەكانی دەروازە و شەقامەكانی شاری سلێمانی دەكرێت و بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت "ناتوانین دەستگیریان بكەین، چونكە بەڵگەمان پێنییە بۆ دادگا".
لەبەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا، رێبوار ئەحمەد سەرۆكی لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی "ئەم حاڵەتە هەیە و پۆلیسیش چەند جارێك دەستگیریكردون و بردویانن بۆ بنكەكان، بەڵام بنەبڕ نەبوە و لە هەموو جیهانیش لە رێگەی ئەم كەسانەوە نەخۆشی ڤایرۆسی بڵاوبۆتەوە، بۆیە ئێمە نوسراوێكمان ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن كردوە بۆئەوەی لە رێگەی لیژنەی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسەوە كاربكەن ئەو كچ و ژنانە دەستگیربكرێن و پشكنینیان بۆ ئەنجام بدرێت".
وتیشی "ئەو كەسانە لە چەند شوێنێكی سلێمانی هەن، كە دیاردەیەكی ناشارستانییە و لە دەروازەی سلێمانی كە دێیتە شارێكەوە پێشوازیەكی خراپە، هەروەها ناوچەی پیشەسازی و هەندێك لە باخەكانی قلیاسان و یانەكان كاری لەشفرۆشییان تێدا دەكرێت".
هەر لە بەرنامەكەدا نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی وتی "ئەو حاڵەتە لە هەموو ترافیكەكاندا نییە و لە هیچ شوێنێكی سلێمانی بونی نییە، بەڵام ناوچەی پیشەسازی ئەو كچ و ژنانەی لەوێن لەگەڵ شۆفێرەكان دەكەونە قسە، ئێمە نازانین كاری لەشفرۆشی دەكەن یاخود نا، ئەوەش بە تەنیا كاری پۆلیس نییە، بەڵكو دەبێت لەسەرئاستی پارێزگای سلێمانی لیژنەیەكی هاوبەش پێكبێت، دەستگیركردن سودی نییە و ئەو رەشبگیریەی ئێمە دەیكەین گوشاری بۆسەر خۆشمان و دادگاش دروستكردوە، هەروەها ئەو كچ و ژنانە كە دەستگیردەكرێن، دادگا داوای بەڵگەیان لەسەر دەكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group