پەرلەمانتارێكی عیراق: ئەمریكا هۆكاری سەرەكیی بڵاوبونەوەی شێرپەنجەیە و سكاڵای لەسەر تۆماردەكەین

28/01/2020 عێراق

نەوا
بەتۆمەتی بڵاوكردنەوەی شێرپەنجە، هەوڵێك لە پەرلەمانی عیراقەوە لەئارادایە بۆئەوەی سكاڵا لەدژی ئەمریكا تۆماربكرێت.
لەو بارەیەوە ئیكتفا حەسناوی ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەمریكا هۆكاری سەرەكیی بڵاوكردنەوەی نەخۆشیی شێرپەنجەیە لەعیراق، بەهۆی ئەوەی جەنگی لەم وڵاتە ئەنجامداوە".
پەرلەمانتارەكەی عیراق دەشڵێت: ئەمریكا لەجەنگی ساڵی 2003دا، چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتیی بۆ روخانی رژێمی سەدام حسێن بەكارهێناوە، دەریشكەوتوە ئەو چەكە هۆكاری سەرەكیە لە توشبونی هەزاران هاووڵاتیی عیراقی بە نەخۆشیی شێرپەنجە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستیی پەرەلمانی عیراق ئاشكراشیكرد، لەئێستادا هەوڵێك لە پەرلەمانەوە لەئارادایە و دەیانەوێت سكاڵای نێودەوڵەتی لە دژی ئەمریكا تۆماربكەن، بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و پیسكردنی ژینگەی عیراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group