وادەی ناردنی پارەكەی بەغدا بۆ هەرێم ئاشكرا دەكرێت

23/05/2020

نەوا
ئەندامێكی كوردی پەرلەمانی عیراق وادەی رەوانەكردنی پارەكەی بەغدا بۆ هەرێم ئاشكرا دەكات و نیگەرانی خۆیشی دەردەبڕێت لەوەی كە حكومەتی هەرێم بە پاساوی كەمبوونەوەی داهاتەكانی بیەوێت دەستكاری موچە بكاتەوە.
غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عیراق بە نەوای راگەیاند، وەزارەتی دارایی عیراق كۆتایی بە دابەشكردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەكانی هێناوە و دوای جەژن راستەوخۆ فەرمانی خەرجكردنی 400 ملیار دینارەكەی هەرێم دەردەكات، چوونكە پارەكە بەشێكی زۆری لە لقی بانكی ناوەندی لە هەولێردا هەیە و تەنها پێویستی بە فەرمانی خەرجكردن هەیە.
باسی لەوەشكرد، بابەتی سەرەكی ئەوەیە كە ئایا ئەو پارەیە دەگاتە دەستی هاوڵاتیان یان نا؟ چوونكە بە پێی وتەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە تیایدا ئاماژەی بەوەدەكرد داهاتی حكومەت لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ كەمی كردووە، پاساوە بۆ ئەوەی بیەوێت جارێكی تر دەستكاری موچە بكات.
جەختیشی كردەوە، كە نابێت خەڵك و لایەنەكان قبوڵی ئەوە بكەن كە جارێكی تر دەستكاری موچە بكرێت بەو رێژە زۆرە.

غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ئاماژەدان بەوەی حكومەتی عیراقی بەنیازە دەستكاری موچەی پلە باڵاكان بكات، وتی، پێویستە ئەگەر لە هەرێمی كوردستانیش دەستكاری موچە دەكرێت، لە موچەی پلە باڵاكاندا بكرێت، هەروەها چاكسازی لەو لەشكرە زۆرەی موچەخۆرانی بندیواردا بكرێت، كە ژمارەیان لە سەرووی 500 هەزار كەسەوەیە.

 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group