جوتیار عادل: هەركەسێك ئاسایشی تەندروستی بشێوێنێت دەدرێتە دادگا

03/06/2020

نەوا ـ سەعید عەبدوڵڵا ـ هەولێر
وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، موچەی پلەباڵاكان بە رێژەیەكی زۆر كەمدەكرێتەوە، وتیشی، ئامادەكاری دەكەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و وتیشی، هەركەسێك ئاسایشی تەندروستی بشێوێنێت دەدرێتە دادگا.
 جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی وتی: ئەمرۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕیوەچوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕوای بە ڕینمایی و بڕیارەكانی تایبەت بە خۆپارێزی هەبووە تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و داوا لە هاوڵاتیانیش دەكەین پابەندی ڕێنماییەكان بن.
وتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كراوە چی بكات بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو لێشاوە ببێتەوە، هەركەسێكیش لە مەترسییەكانی ئەم ڤایرۆسە كەم بكاتەوە ڕووبە ڕووی یاسا دەبێتەوە، چونكە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی كوردستان لەوەدایە كە ئاسایشی خەڵكی كوردستان پارێزراو بێ.
باسی لەوەشكرد، كە یەكەم تەوەر ئەوەبوو كە چۆن گفتۆگۆ لەگەڵ بەغدا بكات، كە لەماوەی رابردوو بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی دوو جار وەفدەكە چوونەتە بەغدا، ئێستا لە قۆناغی ئامادەكاری داتاكانداین لە ئاستی وەزارەتەكان بۆئەوەی لەگەڵ بەغدا دانیشین و ئەو داتایانە دەخەینە بەردەم بەغدا بۆ ئەوەی بەپێی ئەو زانیارییانە مافی هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت بە پێی شایستەی هەرێمی كوردستان.
هەروەها لەچەند رۆژی داهاتوو لە نێوان عیراق و ئەمریكا گفتوگۆی چوارچێوەی ڕێككەوتنی ستراتیژی دەستپێدەكات بۆ بەشداری ئەو كۆبوونەوەیەش وەفدی هەرێمی كوردستان بەشداری دەكات.
لەبارەی چاكسازیش جوتیار عادل وتی: ئێمە لەسەرەتای كابینەی نۆیەمە بەردەوام دەبین لە بەدیهێنانی دادوەری و شەفافییەت  و جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی داومانە، بەر لە مانگێك بڕیاردراوە كە موچەی پلە تایبەتەكان كەم دەكرێتەوە و جیاوازی موچە تایبەت و پلەباڵاكان و فەرمانبەرانی دیكە نزیك دەكرێتەوە. ئەمڕۆش ڕاپۆرتێك لەوبارەیەوە خرایە ڕوو  و وە ئەو یاسایە جێبەجێ دەكرێت.
هەروەها وتی ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای مافەكانی نەخۆش و ئەركەكانی پەسەندكرد و بەپێێ ڕیكاری یاساییش ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group