نوێنەری ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتوەكان: ئێران پشتیوانی ژمارە یەكی تیرۆرە لە جیهاندا

07/08/2020 جیهان

نەوا
نوێنەری ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتوەكان هۆشداری دەدات چین و روسیا لەئەگەری ڤیتۆی بڕیارنامەی درێژكردنەوەی گەمارۆكانی چەك لەسەر ئێران و دەڵێت، تاران گەورەترین پشتیوانی تیرۆرە لە جیهاندا.
ئەو قسانەی كێلی كرافت نوێنەری ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتوەكان دوای ئەوە هات كە وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی رایگەیاندبوو، بەم نزیكانە رەشنوسی بڕیارنامەی درێژكردنەوەی گەمارۆی چەك لەسەر ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخەنە دەنگدانەوە.
كرافت راشیگەیاند، روسیا و چین بە ڤیتۆكردنی ئەو رەشنوسە دەبنە هاوبەشی حكومەتێك كە پشیوانی ژمارە یەكی تیرۆرە لە جیهان.
لەهەمانكاتدا داواشی كرد، كە چین و روسیا ئاشتی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرچاوبگرن و نەبنە هۆكاری هەڵگرتنی گەمارۆی چەك لەسەر ئێران.
واشنتۆن پێیوایە بە هەڵگرتنی گەمارۆی چەك لەسەر ئێران ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەوێتە مەترسیەوە، هەر بۆیە هەوڵەكانی دەستپێكردووە بۆ ئەوەی بەر لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ ئەو سزایەی سەر ئێران درێژبكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group