نهێنییه‌كی ترامپ ئاشكرا ده‌كرێت

28/09/2020 جیهان

نه‌وا
رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مریكا ئاشكرای ده‌كات سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ له‌ نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2017 ته‌نها 750 دۆلار باجی به‌ حكومه‌ت داوه‌.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ دوو ساڵه‌ی سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌ركاری ته‌نها 750 دۆلار باجی به‌ حكومه‌ت داوه‌.
ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ترامپ سه‌رمایه‌دارێكی گه‌وره‌یه‌ و هه‌ر هاوڵاتیه‌كی ئاسایی ئه‌مریكی به‌ شێوه‌ی مامناوه‌ند ساڵانه‌ 12 هه‌زار دۆلار باج ده‌داته‌ حكومه‌ت، واته‌ 16 هێنده‌ی ئه‌و بڕه‌ی ترامپ وه‌ك باج داویه‌ته‌ حكومه‌ت.
هه‌ر به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی نیویۆرك تایمز ترامپ له‌ ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوودا 10 ساڵ باجی نه‌داوه‌ وساڵی 2018 له‌ كاتێكدا داهاته‌كه‌ی 345 ملیۆن دۆلار بووه‌، به‌ڵام ته‌نها 47 ملیۆن دۆلاری لای حكومه‌ت ئاشكرا كردووه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا دۆناڵد ترامپ ناوه‌رۆكی راپۆرته‌كه‌ی به‌ ساخته‌ ناوبردووه‌ و به‌ڵێنی داوه‌ سه‌رجه‌م ورده‌كاریه‌كان له‌ باره‌ی ئه‌و باجه‌ی به‌ حكومه‌تی داوه‌ ئاشكرا بكات.
ئه‌و راپۆرته‌ی نیویۆرك تایمز له‌ كاتێكدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا ترامپ و جۆ بایدنی ركابه‌ری بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له‌ دیبه‌یتێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا به‌ره‌وڕووی یه‌ك ببنه‌وه‌.
بڕیاره‌ مانگی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ بچێت و ترامپ نوێنه‌رایه‌تی كۆماریه‌كان ده‌كات و بایدنیش كاندیدی دیموكراته‌كانه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group