له‌ بونى قوربانیانى تیرۆردا عیراق دووه‌م وڵاتى جیهانه‌

26/11/2020 جیهان

نه‌وا
عیراق دووەم وڵاتی جیهانە لە بوونی قوربانیان و روداوە تیرۆریستییەكاندا، ساڵی رابردوش لە جیهانیدا 13 هەزار و 829 كەس بەهۆی تیرۆرەوە گیانیانلەدەستداوە.
پەیمانگای ئابوری و ئاشتی، كە بارەگاكەی لە شاری سیدنی ئوسترالیا لە راپۆرتێكدا بڵاویكردوەتەوە، لە ریزبەندیی ئەو وڵاتانەی جیهان، كە زۆرترین روداوی تیرۆریستی تیایاندا روودەدات و زۆرترین قوربانی تیرۆری تێدایە، بۆ ساڵی 2019 ئەفغانستان لە پلەی یەكەمدا دێت و دوای ئەویش عیراقە.
رونیشكراوەتەوە، لە ساڵی 2019دا لە جیهاندا 13 هەزار و 829 كەس بونەتە قوربانیی تیرۆر، لەچاو ساڵی پێشتریش 15% كەمیكردوە، هەروەها لەچاو ساڵی 2014دا 59% كەمیكردوە.
بەگوێرەی پەیمانگاكە، دوای عیراق، كە پلەی دووەمی وڵاتانی گیرۆدەی تیرۆری گرتوە، هەریەك لە نایجیریا، سوریا، سۆماڵ و یەمەن دەبینرێن، هەروەها كەمترین پێنوێنی تیرۆر لە جیهاندا ئیماراتە و لە پلەی یەكەمدایە، دوای ئەویش توركمانستان و دواتر تۆگۆ دێن.
بەپێی راپۆرتەكە، لەساڵی 2019دا بزوتنەوەی تاڵیبان تیرۆریسترین رێكخراوی جیهان بوە و زۆرترین كەسی تیرۆركردوە، دوای ئەویش رێكخراوی داعش دێت، زەرەرمەندترین ناوچەی جیهانیش "ئەفریقا - باشوری بیابانی گەورە"یە كە 41%ی قوربانیانی تیرۆر لەو ناوچەیەدا بون و هۆكارەكەشی بۆ هێرشەكانی داعش دەگەڕێتەوە.
هەرچی ئەو ناوچانەیە، كە رێژەی تیرۆر تێیاندا بەرزبوەتەوە، ئەمریكا باكور و خۆرئاوای ئەوروپا و ئۆقیانیا لە هەموو ناوچەكانی تر زیاتر رێژەی تیرۆر تێیاندا بەرزبوەتەوە و 89 كەس تیرۆركراون، واتا بەراورد بە ساڵی 2014، رێژەكە 250% زیادی كردوە. 
 

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group