پەرلەمانتارێك: بەهای دۆلار بەرامبەر بە نرخی دیناری عێراقی جێگیركراوە.

20/01/2021 عێراق

نەوا-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، كۆتایی هاتووە و بەهای دۆلار جێگیركراوە.
جەمال كۆچەر، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا هۆكارە سەرەكیەكانی جێگیربونی بەهای دۆلاری رونكردەوە و وتی ، لەبەرئەوەی لیژنەی دارایی بە هەموو ئەندامانی لەگەڵ ئەو نرخە نوێیەن ، پاشان بودجەی عێراق لەسەر بنەمای ئەو نرخە دانراوە، ئەگەر گۆڕانكاریی تێیدا بكرێت، لانیكەم 15 ترلیۆن دیناری دیكە لەسەر كورتهێنانی بودجە زیاتر دەبێت ، دواتر هەموو داهاتی عێراق بەپێی ئەو ژمارە و نرخە حیساب كراوە، ئەوسا كورتهێنان بووەتە نزیكەی 71 تریلیۆن دینار لە پرۆژە یاسای بوجەدا، بۆیە هەموو ئەو بارگرانییە جارێكی دیكە بۆ سەرشانی حكومەت دەگەڕێتەوە.
جەختیشیكردەوە ، ئەو بابەتە لە لیژنەی دارایی و پەرلەمان كۆتایی هاتووە، تەنانەت ئەگەر هەمووان داوا بكەن، بانكی ناوەندیی عێراق لەو بڕیارەی خۆی پاشگەزنابێتەوە، چونكە ئاڵۆزی لە بازاڕدا دروست دەبێت و ئیتر خەڵك باوەڕی بە بانكی ناوەندی نامێنێت و بەهەمان شێوە وەزارەتی داراییش رازی نابێت ئەو نرخە بگۆڕدرێت.
 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group