"بەرزبوونەوەی رێژەی گەندەڵی رێگرە لەبەردەم چاكسازی"

22/09/2021 عێراق

نەوا-
عەلی عەلاوی وزیری دارایی عێراق دەڵێت، پەڕەی سپی چاكسازی كاریگەری گەورەی لەسەر رێچكەی ئابوریی وڵاتەكە دەبێت و پێشی وایە، پێویستە عێراق لە رێگەی ئابوریی سەوزەوە هەڵبستێتەوە.
عەلی عەلاوی لە وتەیەكدا لە میانەی كۆنگرەی دارایی و خزمەتگوزاریی بانكیی لە عێراق ئاماژەی بەوەداوە، رووخانی كەرتی نەوت و پەتای كۆرۆنا و كەمبوونەوەی چالاكی ئابوریی قەیرانەكانی لەسەر عێراق توندتر كرد، چەند رێوشوێنێك گیرانەتە بەر لەلایەن حكومەتەوە لەوانەش گۆڕینی نرخی دۆلار بوو.
ئاماژەی بەوەشداوە، حكومەت هاوكار بوو لە چارەسەری ئابوریی و دانانی رێگەیەكی ئاشكرا بۆ چاكسازی، پەڕەی سپی بە هەردوو بەشەكەیەوە گرتە ئەستۆ، ئەوەش كەمترین شتە، كە پێویستمان پێیەتی بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری و زیادكردنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان كە ساڵانە بە نزیكەی یەك ملیۆن زیاد دەكەن.
وەزیری دارایی عێراق باسی لەوەشكرد، دەوڵەت پشت بە ئابوریی هەمەچەشن نابەستێت و پێودانگەكانی ناسەقامگیرن و بەرزبوونەوەی رێژەی گەندەڵیش رێگرە لەبەردەم چاكسازیەكانی حكومەت، لەسەر عێراق پێویستە كە ئابوریەكەی لە رێگەی "ئابوریی سەوز"ەوە هەڵبستێنێتەوە، ئەوەش مەبەست لە پشت بەستنیەتی بە وزەی پاك و بوژاندنەوە و پەرەپێدان بە كەرتی كشتوكاڵ.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group