پۆلیسی سلێمانی سێ‌ تۆمەتبار دەستگیردەكات

24/10/2021

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە هێزەكانیان لە بنكەی پۆلیسی سەرچناری سەربەبەشی پۆلیسی ناوشار –رۆژئاوا ، سێ‌ تۆمەتباریان دەستگیركرد كە فەرمانی گرتنیان هەبوە لەدادگای پێداچونەوەی بەغدا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەراگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەشكردوە،  فەرمانێكی گرتنی سێ‌ تۆمەتبار لە دادگای بەغداوە گەیشتە پۆلیسی سلێمانی كە گومانیان دەكرد ئەو تۆمەتبارانە بەرەو شاری سلێمانی هەڵاتبن.

 ئەوەش هاتوە، دوای گەیشتنی فەرمانەكەش بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش و بنكەكانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی ڕاسپارد كە بەدواداچون و لێكۆڵینەوە بكەن بۆدۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران. 

 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، دوای لێكۆڵینەوەكان توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیربكرێن كە هەستاون بەدزینی بڕی 15 ملیۆن دیناری عیراقی و بڕێك ئاڵتون، ناسنامەی تۆمەتبارانیش بریتییە لە (ر ، أ ، ج) ، (م ، أ ، ج –لەدایكبوی 2000 ) ، ( ع ، ع ، ع –لەدایكبوی 1976 ) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 444 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و دوای تەواوكردنی ڕێكارەیاساییەكان ڕەوانەی بەغدا دەكرێنەوە .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group