نەوا-
ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندوە، هەرێمی كوردستان دەرەنجامی رێكەوت نییەو لەسەر سینییەكی زێڕین بەبێ قوربانی پێشكەش نەكراوە، بەڵكو بەپێی مادەی 117 لە دەستوری عیراق جێگیركراوە كە بە روونی دانی ناوە بە قەوارەی هەرێمی كوردستاندا لە چوارچێوەی عیراقێكی فیدراڵدا، لەئێستادا خواستێكی رون هەیە بۆ مامەڵەكردن بەشێوازی ناوەندی و بەكارهێنانی دەستێكی ئاسنین بۆ پەراوێزخستنی ئەو دەسەڵاتە فیدراڵییانەی كە دەستور بۆ پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان دیاریكردون ئەمەش كودەتایەكی راستەقینەیە بەسەر سیستمی سیاسی نوێ و ئەو دەستورەی دەنگی بۆ دراوە.
ئەو پەرلەمانتارەی عیراق وتوشیەتی: ئەگەر هەر ئاڕاستەیەك یان نیەتێك هەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوە یان لاوازكردنی هەرێمی كوردستان، ئەوا مانای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سیستمی سیاسی عیراقی دوای 2003یـە چونكە هەردولا لە یەك سەرچاوەی یاسایی و دەستوریی هاوبەشەوە سەرچاوەیان گرتوە.