لاهور شێخ جەنگی: پارەی دوو رۆژی قاچاخچێتی مەرزی باشماخ بۆ خوێندكاران خەرج بكەن

25/11/2021

نەوا-
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی لەكارلادراوی یەكێتی باس لەوە دەكات، پارەی دوو رۆژ قاچاخچیێتی لە مەرزی باشماخ 6 ملیۆن دۆلارە و دەتوانن تەرخانی بكەن بۆ دەرماڵەی خوێندكاران.
لاهور شێخ جەنگی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، بەداخەوە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ حەرەمی زانكۆیان شكاندووە، بە بەكارهێنانی غازی فرمێسكڕێژ و تەقەكردن بەسەر خوێندكاراندا هەوڵی رێگریكردنی خۆپیشاندەرانیاندا، پشتگیری لە داواكاریی خوێندكاران دەكات و لە هەمانكاتدا داوایان لێدەكات رێگەنەدەن داواكانیان تێكەڵ بە كێشە و ململانێی سیاسی بكرێت و ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكانیان بە لاڕێدا ببرێت و زیان بە موڵكی گشتی بگەیەندرێت.
وتوشیەتی، نیگەرانە بەرامبەر ئەو شێوازی هەڵسوكەوتەی هەندێك لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كە لەبەرامبەر خوێندكاران بەكاریدەهێنن، بە تایبەتی تەقەكردن بەڕووی خۆپیشاندەران و برینداركردنی چەند خوێندكارێك بە فیشەك، ئەمە هەرگیز قابیلی قبوڵ نییە و دەبێت هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ خۆیان بە دووربگرن و نەچنە ژێرباری هیچ گوشارێكەوە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی و لە چوارچێوەی یاسا و رێساكان ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا لاهور شێخ جەنگی باسی لەوە كردووە، دەتوانن پارەی دوو رۆژی قاچاخچیێتی مەرزی باشماخ كە نزیكەی 6 ملیۆن دۆلارە بۆ دەرماڵەی خوێندكاران تەرخان بكەن و چارەسەری كێشەی خوێندكاران بكەن.
سەبارەت بە بەكارهێنانی هێز دژی خۆپیشاندەران وتویەتی، هۆشدارییەكی هەڤاڵانە بۆ بڕیاربەدەستانی ئێستای یەكێتی، وەبیریان دەهێنمەوە بەكارهێنانی هێز تەنیا بۆ دوژمنانی گەلەكەمانە و هەر كەسێك بیەوێت هێز بەرامبەر گەلەكەی خۆی بەكاربهێنێت، ئەوا دڵنیابن گەل رق ئەستورتر دەبێت بەرامبەریان و ژیانی خۆیان و كەسوكاریان دەكەوێتە مەترسییەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group