بانكی نێودەوڵەتی هۆشداری لە كەمبوونەوەی ئاو لە عیراق دەدات

25/11/2021 عێراق

نەوا-
بانكی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لەوەی، بەهۆی گۆڕانكاری ژینگەییەوە تاوەكو ساڵی 2050 سەرچاوەكانی ئاو لە عیراقدا بە رێژەی 20% كەمدەبنەوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر گەشە و هەلی كار لەو وڵاتە دەبێت.
ساروج كومار بەڕێوەبەری هەرێمیی بازنەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بانكی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، بەبێ‌ گرتنەبەری رێوشوێنی ئاشكرا، قەیرانی ئاو دەبێتە هۆی كەوتنەوەی زیانی گەورە لە چەندین كەرتی ئابوریدا.
وتوشیەتی، ئەوەش كاریگەری زیاتر دەخاتە سەر چینە هەژارەكانی عیراق و تاوەكو ساڵی 2050 بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی 20%ی ئاوی سازگار و ئاو ناگاتە یەك لەسەر سێی خاكە بەپیتەكان.
بەڕێوەبەری هەرێمیی بازنەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بانكی نێودەوڵەتی جەختی لەوەش كردووەتەوە، بە بەراورد بە ساڵی 2016، بەرهەمی ناوخۆیی بە رێژەی 4% دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت كە دەكاتە 6 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار، كەمبوونەوەی ئاو بووەتە هۆی كۆچی ناچاری لە هەندێك ناوچەدا بەتایبەتی ناوچەكانی باشوری عیراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group