نیشانەكانی توشبون بە ئۆمیكرۆن ئاشكرا دەكرێت

27/11/2021 جیهان

دوای ئەوەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO رەگەزو جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنای ئاشكرا كرد كە لە باشوری ئەفریقا سەریهەڵداوە، بەرپرسانی تەندروستی ئەفریقا نیشانەكانی توشبون بەو ڤایرۆسە ئاشكرا دەكەن.
ئەنجلیك كویتزی سەرۆكی كۆمەڵەی پزیشكان لە باشوری ئەفریقا بۆ ئاژانسی سپۆتنیك دەڵێت، وڵاتەكەیان یەكێكە لەو وڵاتانەی كە لە پێشوترداو ئێستاش دوای ئاشكرا كردنی گۆڕاوێكی نوێی كۆرۆنا لەناو خشتەی سوری گەشتكردن بوە.
لەبارەی نەوە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كویتزی وتویەتی، تائێستا بەڵگەیەكی تەواویان لەبەردەستدا نییە لەبارەی مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە كە رێكخراوی تەندروستی جیهان ناوی ناوە (ئۆمیكرۆن)، تەنها ئەوەندە هەیە كە ئەو گۆڕاوە نوێیە لەناو هەندێك گەشتیاردا ئاشكرا كراون لەباشوری ئەفریقا كە گەشتیاری وڵاتانی (هۆنكۆنگ و ئیسرائیل بەلجیكا) بون، تائێستا نەخۆشخانەكانیان هیچ جۆرە نەخۆشێكیان داخڵ نەكردوە لەكاتێكدا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانیان دووچاری بون.
سەرۆكی كۆمەڵەی پزیشكانی باشوری ئەفریقا لەبارەی نیشانەكانی توشبون بە ئۆمیكرۆن رایگەیاندوە، ئەو كەسەی توسی ئۆمیكرۆن ببێت بە سوكی تەندروستی تێكدەچێت كەخۆی لە هەوكردنی ماسولكەكان و  بۆ ماوەی دوو  رۆژ هەستكردنە بە شەكەتبون، جیاواز لەوەی پێشوو هەستی تام و چێژكردن لەدەستنادات، هەروەها كۆكەیەكی سوكی دەبێت، بەگشتی نیشانەكانی قورسنین و ئێستاش چەندین كەسمان هەن كە لەماڵەوەن و چارەسەریان وەرگرتوە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەدوای كۆبونەوەیەكی لەناكاو بۆ هەڵسەنگاندنی ڤایرۆسەكە لە راگەیانراوێكدا رەسەنی B.1.1.529ی لەباشوری ئەفریقا راگەیاند، پێیوایە كە ئەم جۆرە نوێیە ژمارەیەكی زۆر لەبازدانی هەیەو هەندێكیان مایەی نیگەرانین، چونكە زیادبونی توشبون بەم جۆرە نوێیە لەسەرجەم شارەكانی باشوری ئەفریقا بەدیدەكرێت.
ئێستا ئەوەی ئاماژەی پێدەكرێت ئەوەیە كە پێویست دەكات دەسەڵاتدارانی باشوری ئەفریقا كەرەنتینەی گسشتی رابگەیەنن وڵاتان گەشتەكانیان بۆ ئەفریقا رابگرن.
پێشتر وەزارەتی تەندروستی ئەفریقا بڵاویكردەوە كە هیچ بەڵگەیەكیان لەبەردەستدا نییە لەبارەی خێرابڵاوبونەوەو مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە، تەنها ئەو كەسانە توشبون كەخۆیان نەكوتاوەو ڤاكسینیان وەرنەگرتوە، لەكاتێكدا رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێیوایە نەوە گۆڕاوەكانی كۆرۆنا توانای خێرا بڵاوبونەویان هەیە كە تەندورستی گشتی دەخەنە مەترسییەوە ئەگەرچی چارەسەرو پێكوتەش هەبن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group