وەزارەتی شارەوانی سەبارەت بە قەرزی ئاو هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە

24/05/2022

نەوا-
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردووەتەوە، بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزەكانی ئاو و شارەوانی و گەشتوگوزار و شوێنەوار درێژ ناكرێنەوە و چەند ڕۆژێكی دیكە كۆتایی دێت.
وەزارەتەكە لە ئاگادارییەكدا ئاماژەی بەوەداوە، بە گوێرەی نوسراوێكی وەزارەتەكە كە ئاراستەی سەرجەم دامودەزگەكانی گەشتوگوزار و ئاو و ئاوەڕۆ و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانی لە پارێزگا و شارۆچكە و یەكە سەربەخۆكان كراوە، ئاگادار كراونەتەوە دوا وادە بۆ لێخۆشبوونی رێژەی 15٪ی قەرزەكانی ئاو، گەشتوگوزار، شارەوانی، شوێنەوار كە لەلای هاوڵاتییانە تاوەكو 6ی 6ی 2022 دیاریكراوە و لەم رێكەوتە بەدواوە درێژ ناكرێتەوە.
ئەوەش هاتووە، بۆیە ئەو هاوڵاتییانەی قەرزی حكوومەتیان لایە پێویستە لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی ماوە سەردانی دامودەزگەكانی شارەوانی، ئاو، گەشتوگوزار و شوێنەوار بكەن بۆ ئەوەی لە بڕیارەكە سودمەند بن، بە پێچەوانەوە دوای وادەی دیاریكراو هیچ داشكاندنێك نایانگرێتەوە و بڕیارەكەش درێژ ناكرێتەوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هێمای بۆ ئەوەش كردووە، دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەت ئاگادار كراونەتەوە لە ماوەی ئەو 12 رۆژەی لەبەردەم بڕیارەكەدا ماوە، پێویستە بە هەموو شێوەیەك ئاسانكاری بۆ هاوڵاتییان بكەن كە مامەڵەی گەڕاندنەوەی قەرزەكانیان دەكەن، هاوكاری بكرێن و ئاسانكاری پێشكەش بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group