هەولێر.. دوو منداڵ لە ئەشكەنجەدانی دڕندانەی دایكیان رزگار كران

20/06/2022

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر دوو منداڵ لە ئەشكەنجەدان رزگار دەكات.
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر بڵاویكردۆتەوە، دوایئەوەی لەلایەن هەواڵدەرێكەوە بەڕێوەبەرایەتیەكەیان  ئاگاداركرایەوە لە بونی حاڵەتێكی ئەشكەنجەدان، كەوا دایكێك  منداڵەكانی كە تەمەنیان لە خوار یەك ساڵیدایە بەشێوازێكی زۆر دڕندانە ئەشكەنجە دەدات، دەستبەجێ لەگەڵ تیم مۆبایلەكان گەیشتنە شوێنی روداو و دوای دڵنیابون لە راستی روداوەكەو بەدەستهێنانی بەڵگەی ڤیدیۆیی ئەشكەنجەدان دایكەكەو منداڵەكانی برانە بەڕێوەبەرایەتیەكەیان.
ئاماژەشكراوە، رێكاری یاسایی  پێویست لەبەرامبەریان گیراوەتەبەرو رەوانەی بەردەم دادوەر كراون،  بۆئەوەی دایكەكە بەسزای یاسایی بگات و منداڵەكانیش رێكاری پێویست و ئاسایشی كۆمەڵایەتیان بۆ دابین بكرێت، هەروەها ڤیدیۆی ئەشكەنجەدان و بەڵگەی پێویستی روداوەكە پێشكەشی دادوەر كراوەو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیانەوە  پارێزراوە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان داوای لەهاوڵاتیان كردوە لەبونی هەر حاڵەتێكی نەخوازراوی لەوشێوەیە هاوكاربن و  پەیوەندی بەهێڵی گەرمی ژمارە 119ـەوە بكەن، یاخود لە رێگای پەیجی فەرمیانەوە ئاگاداریان بكەنەوە بۆئەوەی بتوانن رێكاری پێویست لە دژی ئەو جۆرە تاوانانە بگرنەبەر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group