نەوا-
مامۆستایانی گرێبەست لەشاری سلێمانی داوای دامەزراندنیان بەشێوەی هەمیشەیی كردو رایانگەیاند، پێویستە فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عیراق مەرجی دامەزراندنیان بكەنە پێشمەرجی دەنگدانیان بەپڕۆژەیاسای بودجەی 2027.
لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەكۆنگرە رۆژنامەنوسیدا نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست یاداشتێكیان خوێندەوە كە ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانیان كردبو تیایدا ئاماژەیان بەوەكردوە، برینی ئەو نادادییەی بەرامبەر بە سەرەكیترین چینی راپەڕێنەری كاروباری پەروەردەو خوێندنی باڵا كراوە ساڕێژ نەكراوەو تائێستا وەك توێژێكی نامۆ و بێ ماف لەسەرەتاییترین مافەكانیان بێبەش كراون كە ئەویش دامەزراندنیانە بەشێوەی هەمیشەیی.
ئاماژەیان بەوەشداوە، هەرێمی كوردستان دەخەنە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژویی و ئەخلاقی و یاساییەوە بەوپێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەرگای رێككەوتنی كردوەتەوە پێویستە پرسی بەهەمیشەییكردنی سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست بخرێتە پێشینەی كارنامەو ببێتە هێڵی سوری دانوستانەكانی شاندی هەرێم لە بەغداد.
جێی ئاماژەیە هەر بەو بۆنەیەوە لە هەڵەبجە، پشدەر و كفری و چەندین ناوچەی دیكە مامۆستایانی گرێبەست بۆ هەمان مەبەست كۆبونەوەو داوایانكرد بكرنە فەرمانبەری هەمیشەیی.